بەپەلە

لایەنگری هیچ لایەك نیم و وەك هاوڕێی هەموان دەمێنمەوە
ئارام سەعید یەكێك لە دامەزرێنەرانی نەوەی نوێ ماڵئاوایی لە جوڵانەوەكە كرد

- 5/3/2019 8:23:00 AM 9877 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یەكێك لە دامەزرێنەرانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ نامەیەكی ماڵئاوایی بڵاوكردەوە و دەڵێت، بەهۆی سەرنجەكانم لەسەر ئەو ئاراستەیەی ئێستا نەوەی نوێ گرتوێتیە بەر ناتوانم بەشێك بم لەو جوڵانەوەیە.
بەهۆی سەرنجەكانم لەسەر ئەو ئاراستەیەی ئێستا نەوەی نوێ گرتوێتیە بەر ناتوانم بەشێك بم لەو جوڵانەوەیە

 

ئارام سەعید یەكێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ رایگەیاند: هەر لە سەرەتاوە بەشداری هەمو جومگەو كارەكانی نەوەی نوێ بوم، لە پێناسە و ستراتیژ و كاركردنی سیاسی و مەیدانیی بەشداربوم حەزدەكەم پێتان بڵێم بەهۆی سەرنجەكانم لەسەر ئەو ئاراستەیەی ئێستا نەوەی نوێ گرتوێتیە بەر ناتوانم بەشێك بم لەو جوڵانەوەیە، بۆیە ماڵئاوایی لە جوڵانەوەكە دەكەم.

ئارام سەعید راشیگەیاندوە كە وازهێنانی پەیوەندی بە ناڕەزایی لایەكی نەوەی نوێ لە دژی لاكەی دیكە نیە و دەڵێت وەك هاوڕێی هەموان دەمێنمەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی نامەكەیە:

‎هاوڕێیانم لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ
‎هاوڕێیانم لە ئەنجومەنی باڵاو فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ لە پارلەمانی عێراق و كوردستان

‎من وەك یەكێك لە دامەزرێنەرانی نەوەی نوێ
‎ هەر لە سەرەتاوە بەشداری هەموو جومگەو كارەكانی نەوەی نوێ بوم، لە پێناسە و ستراتیژ و كاركردنی سیاسی و مەیدانیی بەشداربووم حەزدەكەم پێتان بڵێم بەهۆی سەرنجەكانم لەسەر ئەو ئاراستەیەی ئێستا نەوەی نوێ گرتوێتیە بەر ناتوانم بەشێك بم لەو جوڵانەوەیە ،بۆیە به‌م نامه‌ی ماڵئاواییه‌ وه‌ک هاوڕێیه‌کی خۆتان، سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ئه‌رک و ماندوبوون و شێلگیریتان له‌ پێشخستنی نەوەی نوێدا ده‌رببڕم . ‎
‎سوپاس و ڕێزم بۆ هەموو لایەك و داواكارم لەمەودوا بۆكاری نەوەی نوێ پەیوەندی بەو ئازیزانەی ترەوە بكەن كە بەردەوامن. 
‎گه‌ر جاروبار و له‌ بۆنه‌ی جیاوازیشدا به‌د لێکحاڵیبوون و جۆرێک له‌ بارگرژیی دروست بووبێت، ئه‌وا دڵنیاتان ده‌که‌م که‌ به‌شێکی زۆری له‌پێناو پێشخستن و ڕێکوپێکترکردنی کاره‌کاندا بووه‌، به‌ڵام له‌هه‌مانکاتیشدا وه‌ک هاوکارێکی خۆتان به‌ هه‌مان هه‌ستی دڵسۆزییه‌وه‌ داوای لێبوردن له‌ هه‌ریه‌کێکتان ده‌که‌م که‌ به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان لە کاتی کارکردندا لێم دڵگران بوبێت و هاوکاتیش ئه‌و رۆژانه‌ی پێکەوە كارمان كردوە به‌رز و پڕبه‌ها دەنرخێنم. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ گه‌ر ئه‌و گیانی کارکردن و هاریکارییه‌ی ئێوه‌ نه‌بوایه و به‌و گیانی خۆبه‌خشیی و خۆنه‌ویستییه‌وه‌ کارتان نه‌کردایه‌، ئه‌وا بێگومان جولانەوەکە ئه‌م قۆناغه‌ سەختانەی تێنەئەپەڕاند. . 
‎من هاوڕێتان بوم و وه‌ک هاوڕێشتان ده‌مێنمه‌وه‌

‎تێبینی:
‎١. وازهێنانی من لەلایەك نیە دژی ئەوی تر وەك هاوڕێی هەموان دەمێنمەوە
٢. بۆهاوڕێیانم لە میدیا ،جگە لەوەی بڵاومكردۆتەوە هیچ وردەكاریەكی ترم لە ئێستادا نیە لەسەر دەست لەكاركێشانەوەم. .

‎هاوڕێتان،
‎ئارام سەعید
٢/٥/٢٠١٩



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP