بنکۆڵکاری خەندان لەبارەی کاریگەری سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران

- 5/2/2019 7:45:00 PM 5819 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
ساڵی رابردو دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رێکەوتننامە ئەتۆمییەکەی سالی 2015ی  ئێرانی هەڵوەشاندەوە و جارێکی دیکە و بەفۆرمێکی توندتر سزاکانی بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندەوە.

هەرچەندە سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رەتیدەکەنەوە کاریگەری سزاکان هێندە گەورەبێت لەسەر کەرتی ئابوری و پیشەسازی ئەو وڵاتە، بەڵام داتاو زانیارییەکان نیشانیدەدەن سزاکانی ئەمریکا کاریگەری ئابوریان هەبوە و کاریگەرییەکانیش لەفراوانبوندان.

لەماوەی رابردودا کاریگەری سزاکانی ئەمریکا بەجۆرێک بوە کە كاریگەری خراپی لەسەر ئابوری ئێران هەبوە.

ئەوەش حەسەن رۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێرانی ناچارکرد ساڵی 2015 رێکەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا و پێنج وڵاتە پیشەسازییە گەورەکەی جیهان لەبەرامبەر کەمکردنەوەی چالاکی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی واژۆبکات.
 
کاریگەری سزاکان لەسەر گەشەی ئابوری
بەپێی زانیارییەکانی بانکی ناوەندی ئێران، گەشەی ئابوری ئەو وڵاتە ساڵێک پاش رێکەوتننامەی ئەتۆمی بەرزبونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و ئاستی گەشەکردنیش گەشتە لەسەدا 12.3، بەڵام زۆربەی کاریگەرییەکانی گەشەی ئابوری بەهۆی بوژانەوەی کەرتی نەوت و گازەوە بوە و کەرتەکانی دیکە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەر نەهات.

بەڵام دواتر لەساڵی 2017 دا بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران، گەشەی ئابوری ئەو وڵاتە بەڕێژەی لەسەدا 3.7 داشکاندنی بەخۆوەبینی وکاریگەرییەکەشی لەسەر هاوڵاتیانی ئەو ئێرانی بەجۆرێک بو کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوانی لێکەوتەوە.

هاوکات بەهۆی بەردەوامی سزاکان و فراوانبونی کاریگەرییەکانی، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ساڵی 2018 بەڕێژەی لەسەدا 3.9 گەشەی ئابوری کۆماری ئیسلامی ئێران دابەزیوە و مانگی نیسانی رابردوش ئەو سندوقە رایگەیاند پێشبینی دەکەن لەسالی 2019 دا گەشەی ئابوری ئەو وڵاتە بەڕێژەی لەسەدا 6 بێتەخوارەوە.

کاریگەری سزاکان لەسەر هەناردەکردنی نەوت
لەمانگی ئاداری سالی 2011 لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران لەژێری سزا ئابورییەکانی ئەمریکا و ئەروپادا نەبو، رێژەی هەناردەی نەوتی رۆژانەی لەسەروی سێ ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت بو لەرۆژێکدا، بەڵام دواتر لەساڵی 2012 و بەهۆی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا و بریاری راگرتنی کڕینی نەوتەکەی لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە لەمانگی ئاداری 2013 و 2014 رێژەی گشتی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە زیاتر لەیەک ملیۆن بەرمیل رۆژانە کەمیکرد و بەشێوەیەکی گشتی رێژەی هەناردەکردن بۆ نزیکەی 2 ملیۆن بەرمیلدابەزی.
جارێکی تر بەهۆی واژۆکردنی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی 2015، کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە بوژانەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و لەمانگی ئاداری 2018 دا لە 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە نزیک بوەوە.

بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ( ئۆپێک) لەسەرەتای ساڵی 2018 و لەکاتێکدا هەشت وڵات لەسزاکانی ئەمریکا بەخشرابون و نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بەڕێژەیەکی بەرچاو دەکڕی، توانای هەناردەکردنی نەوتی ئێران 3.8 سێ ملیۆن و هەشت سەد هەزار بەرمیل نەوت بوە لەرۆژێکدا.
لەساڵی 2019 و پاش نەهێشتنی لێخۆشبون بۆ ئەو هەشت وڵاتەی کە رێگەیان پێدرابو نەوتی ئیران بکڕن رێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ 1.1 یەک ملیۆن بەرمیل نەوت  لەرۆژێکدا دابەزی کە کەمترین رێژەی هەناردەکردنی نەوتە لەماوەی مێژوی 10 ساڵی رابردوی ئەو وڵاتەدا.
لەئێستادا هەریەک لەئیتالیا و تایوان و یۆنان کڕینی نەوتی ئێرانیان هەڵپەسارد و هەریەک لەچین و هندستانیش بەرێژەی لەسەدا 39 و لەسەدا 47 کڕینی نەوتی ئێرانیان کەمکردۆتەوە.

لەم وێنەیەدا بەراوردی کەمکردنەوەی هاوردەی نەوتی ئێران بکەن لەلایەن ئەو هەشت ولاتەی کە پێشتر لێخۆشبونیان بۆدەرکرابو

- سەوزی تۆخ رێژەی هاوردەکردنە لەنێوان مانگی ئایاری 2018 بۆ مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ

-رەنگی سەوزی کاڵ رێژەی هاوردەکردنی نەوتی ئیرانە لەنێوان مانگی نۆڤەمبەری 2018 بۆ مانگی ئاداری 2019


بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش ئاشکرایکردوە زیانەکانی کەمکردنەوەی بڕی فرۆشی نەوتی ئێران 10 ملیار دۆلار مەزەندەکردوە.
ئەمە لەکاتێکدا کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی لابردنی بریاری چاوپۆشی هەشت وڵاتەکەدا رایگەیاند دەخوازێت رێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ لەسەدا سفر کەبکاتەوە.

کاریگەری سزاکان لەسەر دراوی ئێرانی

لاوازبونی گەشەی ئابوری ئێران و ئەو کاریگەرییە زۆری کە لەسەر رێژەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی بەجێیهێشتوە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەهای دراوی ئەو وڵاتە هەبوە.
خواستی دراوی بیانی زیادیکردوە، لەبەرئەوەی هاوڵاتی ئاسایی دڵنیایی بۆ بەهای دراوی وڵاتەکەی کەمبوەتەوە و بەهۆیەوە هاوڵاتی ئەو وڵاتە هەوڵدەدات پارەی پاشەکەوتکراو تەنانەت سەرمایەی جوڵاویشیان بکەن بە پارەی بیانی.
هەمو ئەوانەش وایاکردوە بەهای دراوی ئەو وڵاتە بەردەوام لەکەمبونەوەدا بێت بەتایبەتی  بەرامبەر بەدۆلاری ئەمریکی.

لەمانگی تەموزی 2014 دا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی تەنها 40 هەزار تمەنی ئیرانی بوە، دواتر لەژێر کاریگەری بەردەوامبونی سزاکان و سەرهەڵدانی ئاڵۆزی زیاتر لەپەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا، بەهای دراوی ئەو ولاتە بەردەوام لەکەمبونەوەدا بو تا لەمانگی ئابی 2018 دا بەهای نرخی دراوی ئێرانی گەشتە کەمترین ئاستی خۆی کە نزیکی 200 هەزار تومەن بو بەرامبەر یەک دۆلاری ئەمریکی.
جارێکی دیکە لەمانگی سێپتێمبەری 2018 بەهۆی ئەوەی بانکی ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران رێژەیەکی زۆر لەدراوی بیانی و دۆلاری خستە بازاڕەکانەوە، جارێکی دیکە بەهای دراوی ئێرانی کەمێک بەرزبونەوەی بەخۆوەی بینی، بەڵام هێشتا لەو ئاستەدا نیە کە نەفەسێک بداتە وەبەرهێنەران و بازرگانانی ئەو وڵاتە بۆ دەستپێکردنەوەی جوڵە بازرگانیەکانیان.
کەمبونەوەی بەهای دراوی ئێرانی وایکردوە هاوردەکردنی بەرهەمی بیانی و کەرەستەی خامی بەرهەمەکان کەمببێتەوە و بەوەش نرخی شتومەک و کەلوپەلی ئاسایی زیادیکردوە  کەهاوشان لەگەل کەمبونەوەی دەرفەتی کارو جوڵەی بازرگانیدا بارگرانییەکی دیکەیە بۆ هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە.

کاریگەری سزاکان لەسەر هەڵئاوسان
یەکێک لەکاریگەرییە هەرە نەرێنییەکانی سزا ئابورییەکان دروستبونی هەلئاوسان و بەرزبونەوەی نرخی شتومەکەکانە بۆ ئاستێکی چاوەڕواننەکراو.
وەک لەسەرەوە رونکرایەوە رێگریکردن لەئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەم ولاتە سەردەکێشێت بۆ زیادبونی نرخی شتومەک و کەمبونەوەی بەهای دراو، لەئەنجامی ئەوەش: 
یەکەم/ کۆمپانیاو کارگەکان ناتوانن مامەڵە لەگەڵ دەرەوەی ئێران بکەن بەوپێیەی نرخی دراوەکانیان لەبەرامبەر دراوی بیانی زۆر کەمە و بەوەش بەرهەمی ناوخۆیی کەمدەبێتەوە
دوەم/ بەهۆی کەمبونەوەی بەهای دراوی ئێرانی کۆمپانیاکان و بازرگانانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی هاوردەکردنی شتومەکی ئێرانی دەدەن و بەوەش بەرهەمی ناوخۆیی کەمتر دەبێتەوە و هەڵئاوسان دروستدەبێت.

لەساڵی 2000 رێژەی هەڵئاوسان کەمتر لەسەدا 10 بوە، دواتر لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2009 رێژەکە نزیک دەبێتەوە لەسەدا 30. دواتر بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتننامەی ئەتۆمی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە رێژەی هەڵئاوسان بەرزبونەوەیەکی نائاسایی بەخۆوە دەبینێت و بۆ نزیکەی لەسەدا 40 بەرزدەبێتەوە.
بۆ رێگرتن لەهەڵئاوسانی زیاتری نرخ، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بریاری قەدەغەکردنی ماڵیات و بەروبومی ناوخۆیی دەرکرد، بەلام هێشتا لەسنورەکانەوە جوتیاران و گوندنشینەکان بەشێوەی قاچاغ بەرهەمەکانیان رەوانەی وڵاتانی دراوسێ دەکەن لەپێناوی راستکردنەوەی باری قورسی سەرشانیان کە بەهۆی کەمبونەوەی بەهای پارەکەیان روبەروی بونەتەوە.

کاریگەری سزاکان لەسەر داهاتی تاک 
سزا ئابورییەکانی سەر ئێران کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر داهاتی تاک هەبوە، بەوپێیەی:
یەکەم/ نرخی شتومەکی لەبازاڕەکانی ئەو وڵاتە زیادکردوە، بەتایبەتیش نرخی خانوبەرەو خزمەتگوزاری تەندروستی بەڕێژەی لەسەدا 20 زیادیکردوە، ئەوەش وادەکات رێژەی داهاتی تاک کەمببێتەوە چونکە خەرجییەکان زیادییانکردوە.
دووەم/ بەکەمبونەوەی بەهای دراوەکەیان، هاوڵاتی ئێرانی پێویستیان بەبڕە پارەیەکی زیاترە بۆ پڕکردنەوەی هەمان ئەو پێداویستیانەی کە پێش کەمبونەوەی بەهای پارەکەیان کڕیویانە، بەوەش داهات لەکەمبونەوەدایە.
سێیەم/ کەمبونەوەی پرۆژەکان و دەرفەتی کار کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر داهاتی تاک هەیە کە بەهۆی سزا ئابورییەکانەوە رێژەی دەرفەتی کار بەردەوام لەزیادبوندایە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئێران بەکەمکردنەوەی جیاوازی بەهای دراوەکەی لەبەرامبەر دراوە بیانییەکان دەتوانێت رێژەی داهاتی تاک تا ئاستێک بەرزبکاتەوە.


نیشانەکردن :

#ئێران

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP