عەلی عەونی نهێنیەکانی پێکنەهێنانی حکومەت بۆ خەندان ئاشکرا دەکات

- 5/1/2019 9:47:00 PM 23128 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی نهێنیەکانی پێکنەهێنانی حکومەت ئاشکرا دەکات و دەشڵێت یەکێتی هۆکار بوە بۆ رێکەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی و رەنگە لە هەفتەی داهاتودا رێکەوتنەکان واژۆ بکرێن.
مادام پارتی نەیتوانی لەماوەی ئاسایی‌ و یاسایی حكومەت پێكبهێنێت پێویستە رێگا به‌ربدات یەكێتی حكومەت پێكبهێنێت یان هەڵبژاردن دوبارە بكرێتەوە

 

ئەمڕۆ ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند: "مادام پارتی نەیتوانی لەماوەی ئاسایی‌ و یاسایی حكومەت پێكبهێنێت پێویستە رێگا به‌ربدات یەكێتی حكومەت پێكبهێنێت یان هەڵبژاردن دوبارە بكرێتەوە"
ئارێز عەبدوڵا راست ناکات، سەر لەبەری قسەکانی ناڕاستە لە بەغدا تەواوبوە بێکارە و دەیەوێت بە دژایەتیکردنی پارتی بێتە ناو ناوانەوە و کاری دەستبکەوێت

 

لە بەرامبەردا عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە خەندان-ی رایگەیاند:" ئارێز عەبدوڵا راست ناکات، سەر لەبەری قسەکانی ناڕاستە لە بەغدا تەواوبوە بێکارە و دەیەوێت بە دژایەتیکردنی پارتی بێتە ناو ناوانەوە"، دەشڵێت: ئەو کاسبیە رەزیلە لە سلێمانی هەیە دژایەتی پارتی بکەیت کارت دەست دەکەوێت، ئەویش دەیەوێت بەو دژایەتیکردنە کارێکی دەست بکەوێت لە حکومەتدا".

دەشڵێت: "ئومێد دەکەم ئەو لێدوانەی ئارێز عەبدوڵا گوزارشت لە رای یەکێتی نەکات، پشێبینیش ناکەم ئەوە رای یەکێتی بێت، چونکە لە بەشێکی دانوستانەکاندا، کە خۆم بەشداربوم شتێکی وام بەدینەکردوە".

عەلی عەونی، وتیشی: یەکێتی داوای پۆستی زۆر دەکات تا کوتلەکانی خۆیانی پێ ڕازی بکەن، داوای دو قاتی مافی خۆیان دەکەن کە ئەمەش نابێت، هاوکات بە هۆی تەکولاتەوە یەکێتی نەیتوانیوە خۆی یەکلایی بکاتەوە، هێشتا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیان دەستنیشان نەکردوە، کە دەبێت کاندیدی سەرۆکی حکومەت دیاریبکات بۆ پێکهێنانی سەرۆکی حکومەت. 
ئێمە پێمان وایە یەکێتی هێزی بەدەستە، لایەکی کوردستان بە حەق بێت یان ناحەق لەدەستیدایە، لە دەرەوەی حکومەت بێت کێشەی گەورە دروست دەکات، لە ناو حکومەت بون 16ی ئۆکتۆبەریان دروستکرد ئینجا لە دەرەوەی حکومەت بن چی دەکەن

سەبارەت بەوەی کە ئەگەر یەکێتی داوای دو قاتی زیاتر لە مافی خۆی دەکات پارتی بۆچی رازیبوە بە داواکانی و رێکەوتنی لەگەڵ کردوە ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی وتیشی: "ئێمە پێمان وایە یەکێتی هێزی بەدەستە، لایەکی کوردستان بە حەق بێت یان ناحەق لەدەستیدایە، لە دەرەوەی حکومەت بێت کێشەی گەورە دروست دەکات، لە ناو حکومەت بون 16ی ئۆکتۆبەریان دروستکرد ئینجا لە دەرەوەی حکومەت بن چی دەکەن؟

سەبارەت بە رێکەوتنی گۆڕان و پارتی دەشڵێت: ئەو رێکەوتنە هیچ کێشەیەکی نییە و یەکێتی خۆی بوە هۆکار کە ئەو رێکەوتنە بکرێت، یەکێتی لەسەرەتاوە حکومەت دوادەخات کات دەکوژێت، داوای زیادکردنی پۆست دەکات،  بۆئەوەی هەمو کوتلە و باڵ و دەنوکەکانی رازی بکات پارتیش ئەوە قبوڵ ناکات لەسەر حسابی دەنگدەرەکانی".
سەرەڕای ئەو لێدوانەی ئارێز عەبدوڵا، دیسان پارتی دەیەوێت یەکێتی بەشداری حکومەت بکات بۆیە لەسەر یەکێتی راوەستاوە

 

سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نۆیەم وتیشی: کاتی زۆر ناخایەنێت، سەرەڕای ئەو لێدوانەی ئارێز عەبدوڵا، دیسان پارتی دەیەوێت یەکێتی بەشداری حکومەت بکات بۆیە لەسەر یەکێتی راوەستاوە.

دەربارەی رێکەوتنی گۆڕان و پارتی دەشڵێت: "رێکەوتنێکی تەواوە و کۆتایی پێهاتوە، لەگەڵ یەکێتیش لە کۆتاییەکانداین، ئەو زۆر زیادی داوادەکرد بۆیە هێندە دواخرا ئێستا هاتوینەتە سەر ئەوەی کە پێکبێت، لەسەرەتادا یەکێتی داوای زیادکردنی جێگرێکی دیکەیان دەکرد بۆ سەرۆکی هەرێم من سەیرم پێدێت یەکێتی پێشتر داوایدەکرد کە سەرۆکی هەرێم نەمێنێت، بەڵام ئێستا دوای زیادکردنی جێگرێکی دیکە دەکات".
گۆڕان رازی بوە بە زیادکردنی جێگرێکی دیکە بۆ سەرۆکی هەرێم بەپێی زانیارییەکانی من

 

سەبارەت بە زیادکردنی جێگرێکی دیکە بۆ سەرۆکی هەرێم عەلی عەونی دەشڵێت: "ئەو گفتوگۆیانە بەردەوام بو، یەکێتی داوای پۆستی سەرۆکی هەرێمیان دەکرد کە ببێتە دو جێگر ئێمەش پێمان وتن ئێمە کێشەمان نییە، بەڵام دەبێت لەگەڵ گۆڕان قسەبکەین چونکە ئەو پۆستە دراوەتە گۆڕان، ئێمە ناتوانین رازی بین، بێ ئەوان، دوای قسەکردن لەگەڵ گۆران رازی نەبون، چونکە ئەوان وتیان ئێمە داوامان نەکردوە جێگری سەۆکی حکومەت کە بەرکەوتەی یەکێتیە زیادبکرێت و بۆ ئێمە بێت ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین، لەوێدا دانوستانەکان بۆ ماوەیەک وەستان و دواتریش گۆڕان رازی بو بە زیادکردنی جێگرێکی دیکە بۆ سەرۆکی هەرێم بەپێی زانیارییەکانی من".
رێکەوتنمان لەگەڵ گۆڕان کردوە ئێوە داوای پۆستی دیکە بکەن کە لای پارتییە و بەر گۆڕان نەکەوتوە

 

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دەشڵێت: یەکێتی داوای ئەو پۆستانە دەکات کە گۆڕان داوایکردوە، ئێمەش پێمان وتن رێکەوتنمان لەگەڵ گۆڕان کردوە ئێوە داوای پۆستی دیکە بکەن کە لای پارتییە و بەر گۆڕان نەکەوتوە.  

لە کۆتایدا وتی:" لەوانەیە هەفتەی داهاتو کۆتایی پێبێت و رێکەوتنەکان واژۆ بکرێن، چونکە کێشەکە تەنها لەسەر جێگری سەرۆکی هەرێم بو وەزارەتەکان هیچ کێشەیەکیان نەبو".

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP