داوای جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەکەیان لێدەکات
کۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ فراکسیۆنی سەوزی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆدەبێتەوە

- 4/30/2019 6:37:00 PM 2470 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کۆسرەت رەسوڵ عەلی، ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راسپارد كە بەشێوەیەكی جدی كار بكەن بۆخزمەتی پارێزگای سلێمانی و برەو بدەن بە خزمەتگوزارییەكانی شاری سلێمانی و خێراتر جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شارەكە بەگشتی.

ئەمرۆ، كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی بە ئامادەبونی حاكم قادر حەمەجان كارگێڕی مەكتەبی سیاسی لەگەڵ فراكسیۆنی سەوز لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبوە و ڕەوتی دانوستانەكانی پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و چۆنیەتی بەشداری یەكێتی لە قۆناغی داهاتوی حوكمڕانی كوردستان بۆ فراکسیۆنەکە خستەڕو.

کۆسرەت رەسوڵ وتیشی، "كاری جدی دەكەم، بۆئەوەی یەکێتی بەشدارێكی كاراو ڕاستەقینە بێ لە حكومڕانی كوردستان و ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی هەبێ لە پرسە گرنگ و چارەنووسسازەكان".
پێویستە چاودێرێكی وردی كارەكانی حكومەت بن و خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بکەن و  پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شارەكە بە خێرایی جێبەجێبکەن

 جێگری سكرتێری گشتی، ئەندامانی فراكسیۆنی سەوزی ڕاسپارد كە بەشێوەیەكی جدی كار بكەن بۆ خزمەتی پارێزگای سلێمانی و دوپاتیكردەوە كە پێویستە چاودێرێكی وردی كارەكانی حكومەت بن و بەرنامەی وردیان هەبێ بۆ خزمەتی سلێمانی و برەودان بەخزمەتگوزارییەكانی شاری سلێمانی و خزمەتكردنی زیاتری هاوڵاتیان و خێراتر جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شارەكە بەگشتی.

لە كۆبوونەوەكەدا حاكم قادر حەمەجان جەختیكردەوە، كە دەبێت ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا ڕۆڵیان لە چاودێریكردنی فەرمانگەكان هەبێ و هەوڵبدەن بۆ پەكخستنی  گەندەڵی و پاراستنی سەروەری یاسا و بایەخدان بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ،پشتیوانی لە داخوازییەكانی خەڵك بۆپڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بكەن و كار بۆ سەقامگیری و ئارامی وئاسایشی خەڵك و ناوچەكە بكەن.
بەوردی پلان و بەرنامەكانی یەكێتی بۆ خزمەتی سلێمانی جێبەجێدەكەن و چاودێری وردی كارەكانی حكومەت دەكەن

 

دواتریش، ئەندامانی فراكسیۆنی سەوز بەشێك لە كار و پڕۆژەكانیان بۆ جێگری سكرتێری گشتی خستەڕو ڕایانگەیاند، كە ئەوان بەوردی پلان و بەرنامەكانی یەكێتی بۆ خزمەتی سلێمانی جێبەجێدەكەن و چاودێری وردی كارەكانی حكومەت دەكەن.
پشتیوانی فراکسیۆنەکە دەبێت و هەوڵی جدی دەدا پڕۆژەكانی سلێمانی بەباشترین شێوە و لە نزیكترین كاتدا جێبەجێبكرێن

 

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەد بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا لەبارەی قۆناغی داهاتوی كاركردنی فراكسیۆنی سەوز و دوپاتكرایەوە كە هەمو ئەندامان بە یەك تیم كاربكەن و كۆسرەت ڕەسوڵ پێیڕاگەیاندن، پشتیوانیان دەبێت و هەوڵی جدی دەدا پڕۆژەكانی سلێمانی بەباشترین شێوە و لە نزیكترین كاتدا جێبەجێبكرێن.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دەزگای میدیایی خەندان لە ماوەی رابردودا چەندین راپۆرت و بەدواداچونی وردی لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەکە و بەتایبەت رێگاوبانەکان بڵاوکردەوە و دواتریش زۆربەی میدیاکانی دیکەی کوردستان بەرنامە و بەدواداچونیان بۆ پرۆژەکانی شارەکە ئەنجامدا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP