نەهەنگێک بە پشتێنێکی گوماناوەی لە ئاوەکانی باکوری نەرویژ دەبینرێت

- 4/30/2019 9:56:00 AM 19601 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نەهەنگێکی سپی لە باکوری نەرویژ بینراوە، کە پشتێنێکی دروستکراوی روسیای لێبەسترابو، ئەوەش بوەتە جێی نیگەرانی کاربەدەستانی نەرویژ لەوەی لە شوێنێکی لەشکری روسیاوە هاتبێت.

یۆگەر ڕی ویگ لە بەڕێوەبەرایەتی راوچیانی نەرویژ رایگەیاندوە، لۆگۆی"Equipment St. Petersburg" ی روسیایی لەسەر پشتێنەکە هەیە، کە بۆ بەستی کامێرا لەسەری بەکاردەهێنرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی هەینی نەهەنگەکەیان بینیوە و ڕاوچیـیەک بە یارمەتی ئەو چوەتە ناو ئاوەکە و پشتێنەکەی لە نەهەنگەکە کردوەتەوە.

کارمەندەکەی بەڕێوەبەرایەتیەکەی راوچیانی نەرویژ باسی لەوەشکردوە سوپای وڵاتەکەی زۆر گرنگیـیان بە پرسەکە داوە.

رۆژنامەی ئافتنبۆستنی نەرویژی نووسیویەتی، پـێدەچێت سوپای روسیا راهێنان بەم جۆرە ئاژەڵە دەریایـیانە بکات.

یەکێتی سۆڤێتی جاران بەرنامەیەکی تەواوی هەبوە بۆ راهێنانی دۆلفین بە مەبەستی سوپا، بەڵام لەگەڵ هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤێت کۆتایی بەو بەرنامەیە هات.

وەزارەتی بەرگری روسیا لە ساڵی 2016 دا کاری بۆ کڕینی پێنج دۆلفین دەکرد، کە ددانەکانیان باش بن، بەڵام مەبەستی کڕینەکەی روننەکردوەتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP