خه‌ندان ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی شاندی باڵای حكومه‌تی عێراق و هه‌رێم ئاشكراده‌كات

- 4/29/2019 10:09:00 PM 10349 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

عوسمان شوانی، راوێژكاری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌ی شاندی باڵای حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ خه‌ندان ده‌دوێت و ده‌ڵێت، "به‌شێك له‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ردولا چاره‌سه‌ركراون به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش پێویستی به‌ گۆڕانكاری له‌ چه‌ند یاسایه‌ك هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌". 

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ شاندێكی حكومه‌تی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی فواد حسێن، وه‌زیری دارایی و ئابوری و پێنج وه‌زیر و ژماره‌یه‌ك بریكاری وه‌زیری و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی حكومه‌تی عێراق سه‌ردانی هه‌ولێریان كرد و له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان كۆبونه‌وه‌.

عوسمان شوانی، راوێژكاری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "شاندی باڵای حكومه‌تی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی د. فوئاد حسێن بۆ به‌داواچون و جێبه‌جێكردنی بڕیاری ژماره‌ 13 كه‌ له‌ 15-1-2019 ده‌رچوه‌ هاتبون، كه‌ سه‌باره‌ت به‌ رێكخستنی میكانزمی گومرگ و پێناسه‌ی گومرگی و كوالێتی كۆنتڕۆڵ و پاراستنی به‌رهه‌می خۆماڵییه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆیه‌كی چڕ كرا له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و پرسانه‌، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك باسی پرسی موچه‌ و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌كرا".

چی وایكرد په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان ئاسایی ببنه‌وه‌؟

راوێژكاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌ڵێت، "‌ له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراقدا، ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌بوه‌ كه‌ پێویسته‌ هاوكاری ئه‌و حكومه‌ته‌ بكرێت، له‌ هه‌مانكاتیشدا چه‌ند فاكته‌رێك هه‌بون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ باشتر بكرێت، یه‌كه‌م، بونی عادل عه‌بدولمه‌هدی-یه‌ كه‌ به‌یه‌ك چاو سه‌یری عێراق ده‌كات به‌ هه‌رێمی كوردستانیشانه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ زۆر ئیجابیه‌ به‌راورد به‌ ساڵانی رابردو".

رونیشیكرده‌وه‌، "بونی كاك دكتۆر به‌رهه‌م وه‌ك سه‌رۆك كۆمار به‌دڵنیایی كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوه‌ له‌سه‌ر چاكبونی ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ و باشتربونی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی كه‌ ساڵانی رابردوو زۆر خراپ بو، كه‌ ساڵی 2014 ده‌ستیپێكرد و تا گه‌یشته‌ كۆتایی ساڵی 2018".

"هه‌رێمی كوردستان ئیجابیانه‌ مامه‌ڵه‌ی كردوه‌ به‌راورد به‌رابردو" 

عوسمان شوانی ده‌شڵێت، "هه‌رێمی كوردستان ئیجابیانه‌ مامه‌ڵه‌ی كردوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ داواكاریه‌كان كه‌ عێراق هه‌یبوه‌ بۆ بابه‌ته‌ ئابوریه‌كان، له‌هه‌مانكاتیشدا بونی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئابوری له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كه‌ د. فوئاد حسێن بوه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بوه‌ له‌سه‌ر میكانزم و رێكخستنه‌ی ئه‌م كۆبونه‌وانه‌".

كۆبونه‌وه‌ی شاندی باڵای عێراق و هه‌رێمی كوردستان چۆن به‌ڕێوه‌چو؟

راوێژكاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، "به‌گشتی هه‌مو وه‌زیره‌كان به‌نه‌فه‌سی دۆستانه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان قسه‌یانكرد نه‌ك نه‌فه‌سی ئاڵۆزكردنی كێشه‌كان، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمیشه‌وه‌ به‌هه‌مان نه‌فه‌س قسه‌ كرا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان".

"به‌تێڕوانینی ئێمه‌ چه‌ندی په‌یوه‌ندی ئابوریمان له‌گه‌ڵ عێراق باشبێت ئه‌وه‌ند جموجۆڵی بازرگانی گه‌شه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ زیاتر خاوه‌نی كارگه‌ و به‌روبومه‌ كشتوكاڵیه‌كان و جوتیاره‌كان زیاتر سود له‌و په‌یوه‌ندیه‌ وه‌رده‌گرن"، عوسمان شوانی وایوت.

باس له‌ بردنی په‌یوه‌ندیه‌ بازرگانییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر بۆ قۆناغێكی دیكه‌ كراوه‌؟

شوانی له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی، "كۆبونه‌وه‌كه‌ فره‌ بابه‌ت بو، یه‌كێك له‌ پرسه‌كان برتیبو له‌ یه‌كخستنی پێناسه‌ی گومرگی و یه‌كخستنی ئیجرائاتی گومرگی، كه‌ ئه‌مه‌ زۆر بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا خه‌ڵك نه‌ڵێن له‌ فلان گومرگ شتێكی كه‌مترمان بۆ ده‌كه‌ن یان زیاترمان بۆ ده‌كه‌ن، خۆشت ده‌زانیت بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌وتوینه‌ته‌ سه‌ر سنوری ئێران و توركیا، بۆیه‌ زۆر به‌باشتر ده‌توانین سود له‌و خاڵه‌ وه‌ربگرین، به‌تایبه‌تی ئه‌م بازرگانیه‌ كه‌ كاتی خۆی دروستكرا چی بازگه‌ی سه‌فره‌ یان بازگه‌كانی نێوان هه‌ولێر-كه‌ركوك و سلێمانی- كه‌ركوك و دهۆك- موسڵ، كه‌ هه‌ر چواریان هه‌ڵگیرا، ئه‌وه‌ش رێگه‌ی خۆشتركرد بۆ بازرگانه‌كانمان".

كێشه‌كانی خاوه‌ن به‌روبومه‌ پیشه‌سازییه‌كان چاره‌سه‌ركران

وتیشی، "خاڵی دوه‌می كۆبونه‌وه‌كه‌ خاوه‌ن كارگه‌كان سودی لێده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانن، بۆ نمونه‌ كارگه‌ی چیمه‌نتۆكان و ئاسن و هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌رهه‌می پیشه‌سازیان هه‌یه‌ كه‌ ده‌ینێرنه‌ بازاڕه‌كانی عێراق توشی كێشه‌ بوون له‌وه‌ی ده‌یان وت، ئه‌م كارگانه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی تۆمارنه‌كراون له‌ به‌غدا بۆیه‌ به‌كاڵه‌یه‌كی بیانی حساب ده‌كرێت و ده‌بێت گومرگ بكرێت، ئه‌م كێشه‌یه‌ش چاره‌سه‌ر بو به‌وه‌ش كاڵا پیشه‌سازیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاسانی ده‌چنه‌ بازاڕه‌كان".

راشیگه‌یاند، "خاڵی سێیه‌می كۆبونه‌وه‌كه‌، كه‌ گرنگه‌ بۆ جوتیاره‌كان، كه‌ به‌روبومی كشتوكاڵی له‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق بڕوات و له‌ عێراقیشه‌وه‌ بۆ هه‌رێم بێت، له‌ هه‌مانكاتدا پاراستی ته‌ماته‌ و به‌روبومی كشتوكاڵی عێراقی و هه‌رێم له‌ وه‌رزی پێگه‌یشتنیاندا بپارێزرێت". 

كێشه‌ی گواستنه‌وه‌ی میلاكی فه‌رمانبه‌رانی گومرگ به‌ كوێ گه‌یشت؟

له‌باره‌ی فه‌رمانبه‌رانی گومرگی هه‌رێمی كوردستان عوسمان شوانی وتی، "له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس كرا به‌ڵام ئه‌و بابه‌ته‌ له‌روی یاساییه‌وه‌ پێویستی به‌ چاره‌سه‌ركردن هه‌یه‌، یاسایه‌ك هه‌یه‌ له‌ عێراق كه‌ یاسای ده‌روازه‌ سنورییه‌كانه‌، یاسایه‌كیش هه‌یه‌ یاسای دارایی و ئابورییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌روی ده‌ستوریه‌وه‌ ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ عێراق ده‌رده‌چن ئه‌گه‌ر دژ یه‌كبون له‌گه‌ڵ یاساكانی هه‌رێم ئه‌وا یاساكانی هه‌رێم به‌ركارتر ده‌بن و ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ئه‌وانه‌، بۆیه‌ پێویستمان به‌ گۆڕانكاری هه‌یه‌ و ده‌بێت بچێته‌ په‌رله‌مان".

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP