داعش بە "شانەكانی تیمساح" هەڕەشە لە ئەوروپا دەكات

- 4/28/2019 11:16:00 PM 4379 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەزگای زانیاری بریتانیا لەبارەی پلانەكانی رێكخراوی چەكداری داعش بۆ ئەنجامدانی چەند هێرشێك لە وڵاتانی بریتانیا و ئەوروپا زانیاری بەدەستگەیشتوە و رایگەیاندوە ئەو پلانە لەژێر ناوی "شانەكانی تیمساح" داڕیژراوە.

لە لایەن شانە نوستوەكانی داعش-ەوە ئەنجامدەدرێن


بەپێی رۆژنامەی (سەندەی تایمز)ی بریتانی، لەئێستادا تیمەكانی دەزگای زانیاری ئەو وڵاتە لێكۆڵینەوە لەبارەی ئەو پلانەوە ئەنجامدەدەن و بەپێی زانیاریەكانیش ئەو چالاكیانە لە لایەن "شانە نوستوەكانی داعش"ەوە كە فەرمانەكانی ئەو رێكخراوە جێبەجێدەكەن ئەنجامدەدرێن. 

بەرپرسێكی تەقینەوەكانی سریلانكا فەرمانی لە تیرۆرستێكی بریتانیاوە وەرگرتوە


لێكۆڵینەوەكانی بریتانیا دوای ئەوە دێت، بەرپرسێكی ئەو گروپە توندڕەوەی یەكشەممەی رابردو 21ی نیسان هێرشە خوێناویەكەی سریلانكا-ی ئەنجامدا، ئەو هێرشەی بە فەرمانی ژمارەیەك تیرۆریستی بریتانیا ئەنجامداوە كە لەئێستادا لە سوریا-ن و یەكێك لەوانە ئەندامێكی داعشی ناسراوە بە ناوی "جۆن".

بەرپرسانی دەزگای زانیاری بریتانیا پێیان وایە، عەبدولەتیف جەمیل محەمەد، یەكێك لە خۆكوژەكانی سریلانكا پێشتر لەسەر دەستی تیرۆریستە بریتانیەكان مەشقی پێكراوە و دواتر بە مەبەستی ئەنجامدانی كارەكە نێردراوەتە ئەو وڵاتە.

پۆلیسی بریتانیا مەشق بە كارمەندانی مزگەوت و كەنیسەكان دەكات


لە راپۆرتەكەی (سەندەی تایمز)دا هاتوە، بە مەبەستی مەشقپێكردن لەسەر روبەڕوبونەوەی كاری تیرۆریستی و لە ئەگەری رودانی هەر حاڵەتێكی هاوشێوە، بەرپرسانی پۆلیسی بریتانیا كارمەندی مزگەوت و كەنیسەكانی ئەو وڵاتەی كۆكردوەتەوە.

مەترسی هەیە هێرشەكانی سریلانكا لە وڵاتانی ئەورپا دوبارەبێتەوە


هاوكات شارەزایانی ئاسایشی بریتانیا، لە دوبارەبونەوەی روداوە خوێناویەكان دەترسن كە هەفتەی رابردو چەند شارێكی ئەو وڵاتە هەژاند، ئەوەش لەكاتێكدایە رێكخراوی چەكداری داعش دوای شكستهێنانی لە هەریەك لە وڵاتانی سوریا و عێراق ستراتیجیی كار و چالاكیەكانی گۆڕیوە بە پشتبەستن بە شانە نوستوەكانی كە لە وڵاتانی سەرتاسەری جیهان بڵاوبونەتەوە.

ئەو راگەیەندراوەی دەزگای زانیاری بریتانیا لەكاتێكدایە، لە ئاكامی زنجیرە تەقینەوەیەك كە یەكشەممەی رابردو 21ی نیسان لە ژماریەك كەنیسە و هۆتێلی سریلانكا رویدا، زیاتر لە 350 كەس گیانیانلەدەستدا و دەیانی دیكەش برینداربون.

دوابەدوای تەقینەوەكان پۆلیسی سریلانكا رایگەیاند، دو گروپی ناوخۆیی كە بیری توندڕەوییان هەیە لە ئەنجامدانی ئەو كارە بەرپرسیارن، لە بەرامبەریشدا رێكخراوی چەكداری داعش لە رێگەی بڵاوكردنەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆییەوە بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو كارە راگەیاند و ئاماژەی بەوەكرد "سەرجەم خۆكوژەكانی زنجیرە تەقینەوەكە بەیعەتیان بە سەرۆكی ئەو رێكخراوە داوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP