خەندان ئامانجی سەردانەکەی چاوشئۆغلو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات

- 4/28/2019 8:22:00 PM 17157 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

درەنگانی شەوی رابردو مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە فڕۆکەیەک لە تورکیاوە بۆ چەند پرسێکی گرنگ گەیشتە بەغدای پایتەخت، ئەو نوێنەرایەتی ئەنقەرە دەکات لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چەند دۆسیەیەکی گرنگەوە.

دیدار و کۆبونەوەکانی مەولود چاوشئۆغلو،وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەغداوە لەگەڵ محەممەد حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق دەستیپێکرد و دواتریش لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە و بڕیاریشە لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی باڵای عێراق کۆببێتەوە.

 

سەردانی مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندی بە دۆسیەی نەوت و گرێبەستی 50 ساڵەی تورکیا و هەرێمی کوردستانەوە هەیە لە بواری کەرتی نەوت و وزەدا

 

خەندان لە زاری چەند سەرچاوەیەکی تایبەتی حکومەتی عێراقەوە زانیویەتی،"سەردانی مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندی بە دۆسیەی نەوت و گرێبەستی 50 ساڵەی تورکیا و هەرێمی کوردستانەوە هەیە لە بواری کەرتی نەوت و وزەدا".

ئامانجی راستەقینەی سەردانی چاوشئۆغلو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندی بەو سکاڵایەوە هەیە کە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشوی عێراق لەبارەی رێککەوتنی تورکیا و هەرێمی کوردستانەوە گەیاندویەتیە تورکیا

 

خەندان زانیویەتی،"ئامانجی راستەقینەی سەردانی چاوشئۆغلو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندی بەو سکاڵایەوە هەیە کە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشوی عێراق لەبارەی رێککەوتنی تورکیا و هەرێمی کوردستانەوە گەیاندویەتیە تورکیا".

چاوشئۆغلو دەیەوێت زامنی گرێبەستی 50 ساڵەی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا و قەرزی وڵاتەکەی بکات کە داویەتی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان

ئەو سەرچاوانەی کە بۆ خەندان قسەیان کردوە دەڵێن، "چاوشئۆغلو دەیەوێت زامنی گرێبەستی 50 ساڵەی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا و قەرزی وڵاتەکەی بکات کە داویەتی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان". 

سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ زامنکردنی بڕگەکانی گرێبەستی 50 ساڵەی نەوت پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانی، ئەندازیاری گرێبەستەکەوە کردەوە

 

خەندان ئەوەشی زانیوە، پێشتر و لەکاتی دیاریکردنی سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن پارتییەوە، "رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ زامنکردنی بڕگەکانی گرێبەستی 50 ساڵەی نەوت پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانی، ئەندازیاری گرێبەستەکەوە کردەوە و داوای رونکردنەوەی لێکردوە".

ئەردۆغان داوای لە نێچیرڤان بارزانی کردوە هەڵوێستی خۆی پێبڵێت، لەبارەی رەزامەندی یان رەتکردنەوەی بۆ گۆڕینی لە پۆستی سەرۆکی داهاتوی حکومەتی هەرێم

 

"ئەردۆغان داوای لە نێچیرڤان بارزانی کردوە هەڵوێستی خۆی پێبڵێت، لەبارەی رەزامەندی یان رەتکردنەوەی بۆ گۆڕینی لە پۆستی سەرۆکی داهاتوی حکومەتی هەرێم"، ئەوەش بەپێی زانیاریە تایبەتەکانی خەندان.

هەرێمی کوردستان و تورکیا لە 4-6-2014 دا گرێبەستی 50 ساڵەیان لە بواری نەوت و وزە واژۆکرد

 

هەرێمی کوردستان و تورکیا لە 4-6-2014 دا گرێبەستی 50 ساڵەیان لە بواری نەوت و وزە واژۆکرد، هەرچەندە ناوەڕۆکی گرێبەستەکە دیارنیە، بەڵام لە بەرامبەر نەوتی هەرێمی کوردستاندا، کە تورکیا رەوانەی بەندەری جەیهانی دەکات، تورکیا پارەی پێشەکی داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لە رێککەوتنەکەدا هاتوە، تورکیا نەوتی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەندەری جەیهان دەکات بۆ فرۆشتن و پارەکەی دەخاتە سەر حسابێکی بانکی لە بانکێکی حکومی لە تورکیا، لەسەرهەژمارێکی بانکی تایبەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو پڕۆسەیەش بەو جۆرە دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی کێشەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبن و دەگەنە رێککەوتن.

کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دوای بڕیاری بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی کێڵەگەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان لە ساڵی 2014 دا دەستیپێکرد

 

کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دوای بڕیاری بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی کێڵەگەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان لە ساڵی 2014 دا دەستیپێکرد، دواتریش کابینەی حکومەتی ئەوکاتی عێراق بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی.

پێشتر بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوردستان رەخنەی توندیان لە گرێبەستی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان دەگرت و بە "ناشەفاف" وەسفیان دەکرد، بەهۆی ئەوەی گرێبەستەکە نەخراوەتە بەردەستی پەرلەمانی کوردستان بەڵکو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان واژۆیان کردوە.

 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP