بەرپرسانی پێشمەرگە و پەرلەمانتاران لێدوانی جیاواز دەدەن لەسەر ناردنی موچەی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە

- 4/28/2019 7:47:00 PM 2031 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
تا ئێستا دیار نییە حکومەتی عێراق کەی موچەی پێشمەرگە دەنێرێت، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش رایدەگەیەنێت:" تا ئێستا بە فەرمی وەڵامی نوسراوی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم نەدراوەتەوە لەلایەن بەغداوە بۆ رەوانەکردنی موچەی وەزارەتەکە".


رۆژی 10 ی چواری 2019 حکومەتی عێراق بە نوسراوێک، بودجەی وەزارەتی پێشمەرگەی لە وەزارەتی بەرگرییەوە گواستەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی کە تێیدا هاتبو لە مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵەوە دەست بە خەرجکردنی بکەن تا کۆتایی ساڵی 2019.
ئەو بودجەیەی کە بۆ مانگانەی موچەی ‌هێزەکانی پێشمەرگە دابینکراوە، دەخرێتە سەر بودجەی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مانگانە لەگەڵ موچەی فەرمانبەران دێت بۆ هەرێمی کوردستان

 

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، وەزارەتی پێشمەرگە نوسراوی فەرمی کردوە بۆ وەزارەتی دارایی و بەرگری عێراق و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بەپێی ئەو بەدواداچونەی کردومانە، ئەو بودجەیەی کە بۆ مانگانەی موچەی ‌هێزەکانی پێشمەرگە دانراوە، دەخرێتە سەر بودجەی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مانگانە لەگەڵ موچەی فەرمانبەراندا دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان".

 

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت،"بەپێی بەدواداچونمان لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە پێشبینی ئەوەدەکرێت، ئەو بودجەیە بۆ پێشمەرگە دیاریکراوە کە مانگانە 68 ملیار دینارە دەخرێتە سەر ئەو بودجەیەی کە مانگانە بۆ هەرێم دەنێردێت، بەڵام دیار نییە موچەی چوار مانگەکەیە یاخود نا".

سەبارەت بەوەی کە ئایا حکومەتی عێراق موچەی چوارمانگی پێشمەرگە دەنێرێت وتیشی: دەبێت پرسیار لە وەزارەتی دارایی بکرێت، بەڵام ئەو پارەیەی کە بۆ حکومەتی هەرێم دەنێردرێت دەخرێتەوە سەر حسابی بانکی لەهەرێمی کوردستان و ئەوان خەرجیدەکەن، موچەی یەک ساڵ بێت یاخود یەک مانگ بێت واتا راستەوخۆ نایەتە وەزارەتی پێشمەرگە. 
حکومەتی عێراقی بڕیاری نەداوە کە موچەی پێشمەرگە بنێرێت، تەنها بڕیاریداوە بە گواستنەوەی موچەی پێشمەرگە لە سەر وەزارەتی بەرگری عێراقەوە بۆ وەزارەتی دارایی

لای خۆشییەوە ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش  و بەرگری پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، حکومەتی عێراقی بڕیاری نەداوە کە موچەی پێشمەرگە بنێرێت، تەنها بڕیاریداوە بە گواستنەوەی موچەی پێشمەرگە لە سەر وەزارەتی بەرگری عێراقەوە بۆ وەزارەتی دارایی، دەبێت حکومەتی هەرێم و عێراق هەماهەنگی بکەن لە نێوان خۆیاندا بۆ ناردنی ئەو موچەیە.

هاوکات شیروان میرزا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی دارایی بە خەندان-ی راگەیاند، موچەی چوار مانگی پێشمەرگە بەسەر یەکەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و تەنها هەندێک رێکاری ئیداری ماوە، بۆئەوەی بخرێتە سەر وەزارەتی دارایی و دواتریش دەنێردرێت.
تا ئێستا هیچ موچەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە  بۆ پێشمەرگە نەنێردراوە

هەرچەندە بڕیاربو موچەی چوار مانگی پێشمەرگە لەگەڵ موچەی مانگی چوار فەرمانبەرانی هەرێمدا بنێردرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ موچەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە  بۆ پێشمەرگە نەنێردراوە.

لە بودجەی ساڵی 2019 ی عێراقدا مانگانە بڕی 68 ملیار دینار بۆ پێشمەرگە دابینکراوە کە بۆ یەک ساڵ دەکاتە 816 ملیار دینارە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP