تەنها لەنێوان دو هەینیدا 22 كەس دەبنە قوربانی
ئەو ڕێگایانەی ئیدارەی راپەڕین بە سلێمانی دەبەستنەوە رێگەی مەرگن

- 4/27/2019 10:12:00 PM 17614 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بەشی راپۆرت و شیكاری

رێگەكانی بەستنەوەی ئیدارەی راپەڕین بە پارێزگای سلێمانی و ناوچەی مەرگە لە دۆخێكی خراپدان و هێشتاش ئاسۆیەكی رون نیە بۆ چارەسەركردنیان، پردی دەربەندی رانیە لە مەترسی روخاندایە و نزیكەی پێنج ساڵیشە بڕیاردراوە پردەكە بكرێتە كۆنكرێتی، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێكی جێبەجێ نەكراوە، هەرچی رێگەی سەرەكی رانیە - سلێمانیە بڕیاری دوسایدكردنی دەرچوە، بەڵام هاوڵاتیان نازانن كەی ئەو رێگەی مەرگەیان بۆ دەكرێتە رێگەیەكی سەلامەت بۆ هاتوچۆكردنی رۆژانە.

ماوەی (15) ساڵە پردی دەربەندی رانیە دروست کراوە، كە پشدەر و بتوێن بەناوچەی مەرگە و دوکان و تەنانەت شارباژێڕیش دەبەستێتەوە

 

ماوەی (15) ساڵە پردی دەربەندی رانیە دروست کراوە، كە پشدەر و بتوێن بەناوچەی مەرگە و دوکان و تەنانەت شارباژێڕیش دەبەستێتەوە، هاوكات لەئێستاشدا ئەو پردە بۆتە بەشێك لە رێگەی سەرەكی هاوڵاتیان بۆ چونیان بۆ سلێمانی.

بڕیاردراوە رۆژانی هەینی رێگە نەدرێت هاتوچۆ بەسەر پردەكەدا بكرێت

 

بەهۆی ئەو مەترسیانەی لەسەر پردی دەربەندی رانیە دروست بوە، لە ئێستادا بڕیاردراوە رۆژانی هەینی رێگە نەدرێت هاتوچۆ بەسەر پردەكەدا بكرێت، ئەمەش جێگەی پرسیارە، چونكە ئەگەر كەسێك لە رۆژی هەینیدا توشی روداوێكی هاتوچۆ یاخود حاڵەتێكی كتوپڕببێت لە ناوچەی مەرگە، ئەوە یان دەبێت بە بەلەم بپەڕێنرێتەوە و ببرێت بۆ رانیە، یاخود دەبێت بە ماوەیەكی زۆر ببرێتە دوكان یان سلێمانی.

بەهۆی ئەوەی رێگەی پردی دەربەند گیرابو، ژمارەیەك لە قوربانیەكان بە ماوەیەكی زۆر لە رێگەی بەلەمەوە گواسترانەوە ئەوبەری بەنداوەكە

 

رۆژی هەینی 19/4/2019 روداوێكی هاتوچۆ لە نزیك گوندی بەردەكۆز لە ناوچەی مەرگە رویداو تیایدا 7 كەس گیانیان لەدەستدا و 6ی دیكەش برینداربون، بەهۆی ئەوەی رێگەی پردی دەربەند گیرابو، ژمارەیەك لە قوربانیەكان بە ماوەیەكی زۆر لە رێگەی بەلەمەوە گواسترانەوە ئەوبەری بەنداوەكە تا بگەیەندرێنە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رانیە.

ئەندازیار، بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاكردنەوەو پاراستنی رێگاوبانی راپەڕین لە لێدوانێكدا بۆ خەندان رایگەیاند:"ئەو پردە لە جۆری ئاسنینە، لەدوای ئەوەی چاودێریمان كردوە، پردەكە لە چەند شوێنێك چەمانەوەی تێدا دروست بوە، دوای ئەوەی لیژنەیەكی پسپۆڕ سەردانی كرد، دەركەوت پردەكە مەترسی لەسەرە".

بەختیار ئەحمەد وتیشی:"مانگێك پێش ئێستا بڕیارماندا بە قەدەغەكردنی هاتوچۆی سەیارەی بارهەڵگر، بەڵام دوای چاودێرییكردنی زیاتر و بونی مەترسی لەسەر پردەكە، لە رۆژانی هەینیدا بەهۆی ئەوەی دەربەندی رانیە شوێنێكی گەشتیارییە، ئێواران لەكاتی گەڕانەوەدا ترافیكێكی زۆر لەسەر پردەكە دروست دەبێت، بۆیە لە دواین كۆبونەوەی ئیدارەی راپەڕین، بڕیارماندا بە قەدەغەكردنی هاتوچۆكردن لەسەر پردەكە لە رۆژانی هەینیدا لە پێناو ئەوەی كارەسات رونەدات.

بەڕێوەبەری چاكردنەوەو پاراستنی رێگاوبانی راپەڕین راشیگەیاند: لەساڵی 2014 ەوە پردی دەربەندی رانیە تەندەری بۆ دەرچوە بۆ ئەوەی لە ئاسنینەوە بگۆڕدرێت بۆ كۆنكرێتی، دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 پرۆژەكە بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستابو، لە مانگی 12 ی 2018 ەوە فەرمانی دەستبەكاركردنەوەی پرۆژەكە دەرچو لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنەوە.

بەردەوام سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی پردەكەین، بەڵام پردەكە لە هەندێك شوێن دابەزیوەو و تەنها بە گۆڕین چارەسەر دەكرێت و بە نۆژەنكردنەوەی چارەسەر ناكرێت،

 

ئەو بەرپرسەی رێگاوبانی راپەڕین وتیشی:"ئێمە بەردەوام سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی پردەكەین، بەڵام پردەكە لە هەندێك شوێن دابەزیوەو و تەنها بە گۆڕین چارەسەر دەكرێت و بە نۆژەنكردنەوەی چارەسەر ناكرێت، دەبێت ئێمە چاوەڕێ بكەین تاكو ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان دادەبەزێتەوە بۆ ئەوەی پردێكی دیكە دروست بكەین".

لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی بۆی تەرخانكراوە بۆ دروستكردنی پردێكی دیكە وتی:"بڕی نزیكەی 9 ملیار دینار تەرخانكراوەو لە بودجەی ئەمساڵیش لە پرۆژەكانی وەزارەتی پلاندانان بەشی پرۆژەكە دیارییكراوە كە بڕەكەی نزیكەی یەك ملیار و 500 ملیۆن دینارە، بەڵام ئێمە دەتوانین بە نوسراوێك داوای پارە بكەین و ئەوە كێشەیەك نیە، چونكە لە پرۆژەكانی وەزارەتی پلانداناندا هەیە".

وتیشی:"بەپێی ئەو گرێبەستەی ساڵی 2014 ئەنجامدراوە لەگەڵ كۆمپانیای ئامانج دەبێت پرۆژەكە جێبەجێ بكرێت و لە ئێستاشدا كۆمپانیاكە ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دەستكردن بە كارەكانی پرۆژەكە".

بەپێی زانیارییەكانی خەندان لە ئێستادا وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن خۆی هاتۆتە سەر خەت و بە وردی چاودێری كارەكانی ئەو پرۆژەیە دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی باڵای پێكهێناوە بۆ بەدواداچون و دیراسەكردنی كارەكانی پرۆژەكە و داوای كردوە هەرچی زوە راپۆرتی كۆتایی لەسەر پردەكە ئامادەبكرێت، بۆ ئەوەی چیتر دەستكردن بە دروستكردن و جێبەجێكردنی پرۆژەكە دوانەكەوێت.

لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنەوە، لیژنەیەكی باڵا پێكهێنراوە بۆ دیراسەكردنی ئەو پردە، كە ئایا لە هەمان جێگا دروستبكرێتەوە یاخود پردێكی تازە دروست بكرێت

 

بەختیار ئەحمەد وتی:"لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنەوە، لیژنەیەكی باڵا پێكهێنراوە بۆ دیراسەكردنی ئەو پردە، كە ئایا لە هەمان جێگا دروستبكرێتەوە یاخود پردێكی تازە دروست بكرێت، ئەوەش هەڵبژاردەیەكی دیكەیە لەبەردەستماندا بۆ ئەوەی كاتێك ئاستی ئاوەكە دابەزی دیراسەی بكەین و بڕیاری كۆتایی لەسەر بدەین، لە هەمو حاڵەتێكیشدا بڕیاردراوە لەمساڵدا ئەو كێشەیە بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكەین".

تا ئەو كاتەی پردی دەربەندی رانیە دەكرێتە كۆنكرێت، بەهیچ شێوەیەك رێگە نادرێت ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەسەریدا بڕوات

 

بەپێی بەدواداچونەكانی خەندان تا ئەو كاتەی پردی دەربەندی رانیە دەكرێتە كۆنكرێت، بەهیچ شێوەیەك رێگە نادرێت ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەسەریدا بڕوات، لە هەمانكاتدا هێشتا نەتوانراوە چارەسەرێك بدۆزرێتەوە بۆ دەستكردن بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە، چونكە كۆمپانیای ئامانج بە بەرپرسانی ئیدارەی راپەڕینی راگەیاندوە كە بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دوكانەوە ناتوانن كار لە پرۆژەكەدا بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئێستادا لە رێگەی دروستكردنی لیژنەیەكی باڵاوە هەوڵ دەدرێت چارەسەرێك بۆ ئەو كێشەیە بدۆزرێتەوە.

بەختیار ئەحمەد وتیشی: "بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ ئاستی ئاوی دەریاچەكە زۆر بەرزبۆتەوە، رێگر بو لەوەی بتوانین پرۆژەكە دەست بەكارەكانی بكات".

ئیدارەی راپەڕین بە دو رێگەی بە پارێزگای سلێمانی دەبەسترێتەوە، یەكەمیان رێگەی سەرەكی رانیە-سلێمانیە، كە بەهۆی خراپی رێگەكەوە ساڵانە سەدان كەس دەبنە قوربانی و تا ئێستا نەتوانراوە بكرێتە دو ساید

 

لەئێستادا ئیدارەی راپەڕین بە دو رێگەی بە پارێزگای سلێمانی دەبەسترێتەوە، یەكەمیان رێگەی سەرەكی رانیە-سلێمانیە، كە بەهۆی خراپی رێگەكەوە ساڵانە سەدان كەس دەبنە قوربانی و تا ئێستا نەتوانراوە بكرێتە دو ساید، سەرەڕای ئەوەی بڕیاریی دوسایدكردنی دراوە، دەمیشیان رێگەی پردی دەربەندی رانیەیە كە ئەویش لەئێستادا بەهۆی ئەو مەترسیەی لەسەری دروستبوە، رۆژانی هەینی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بەسەریدا قەدەغە كراوە.

دوێنێ لە روداوێكی هاتوچۆدا لە نزیك گوندی باقلانی سەر بە ناحیەی خەلەكان كە دەكەوێتە سەر ڕێگەی سەرەكی رانیە - سلێمانی، چوار ئافرەت گیانیان لەدەستداو پێنجی دیكەش برینداربون كە یەكێك لە ئافرەتەكان خوشكی مستەفای سەید قادر وەزیری پێشوی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم بوو، دوای روداوەكەش ئەوە بڵاوكرایەوە كە هۆكاری سەرەكی بونی چاڵێكی گەورە بوە لەسەر ڕێگەكە.

لێرەدا چەند پرسیارێك دێتە ئاراوە، ئایا هۆكار چیە، زۆربەی پرۆژە ستراتیژیەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی ناتوانرێت لە كاتی خۆیدا تەواو بكرێت، پرۆژەی شەقامی 100 مەتری و دروستكردنی نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەیی و پرۆژەی دوسایدكردنی رێگەی دەربەندیخان- سلێمانی و رانیە-سلێمانی و چەندین پرۆژەی ستراتیژی دیكە كە ژیانی تاك بە تاكی هاوڵاتیانی پێوە بەندە نمونەی ئەو پرۆژانەن، ئایا هۆكاری دواكەوتنی پرۆژە ستراتیژیەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی پەیوەندی هەیە بە كەمتەرخەمی حكومەت و فەرامۆشكردنی سنوری سلێمانی، یاخود كەمتەرخەمی بەرپرسانی سنوری پارێزگای سلێمانی هۆكاری سەرەكیە؟ ئایا ئەگەر قەیرانی دارایی هۆكارەكەیە، بۆچی لە سنوری پارێزگای هەولێر پرۆژەكان نەوەستاون ئەوەتا وەك نمونە نەك هەر پرۆژەی شەقامی 120 مەتری هەولێر تەواو بوە بەڵكو پرۆژەی شەقامی 150 مەتری كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP