لەگەڵ خۆبەخشانی نەوەی نوێ کۆبوەوە
شاسوار عەبدولواحید: ئەوەی بریندارم دەکات خیانەتی هاوڕێکانمە

- 4/27/2019 5:48:00 PM 13697 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، ئەوەی کەمن بریندار دەکات خیانەتی هاوڕێکانمە، من متمانەم پێکردن و بە کەسوکاری خۆمم زانین، بەڵام ئەوان خەنجەریان لێدام".

دوای ئەوەی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ گەڕایەوە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە سلێمانی لەگەڵ خۆبەخشانی نەوەی نوێ کۆبوە، رایگەیاند: من سیقەم بە هاوڕێکانم کرد وەک برای خۆم سەیرمکردن، خزمەتمان کردن و لەسەر سفرەیەک نانمان خوارد، خەڵکمان لەسەر عاجزکردن، بەڵام ئەوان لە پشتەوە خەنجەر لە من دەدەن".

گەڕانەوەی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ سلێمانی لەکاتێکدایە پێشتر سەردانی لەندەنی کردبو "بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی".

بە پارەی خۆم هەموشتێکم بۆ کردون، بە میدیای خۆم ریکلامم بۆ کردن تا بچنە پەرلەمان، ئەمە چ ویژدانێکە کە جوێن بە هاوڕێی خۆت بدەی لەسەر تەلەفزیۆن

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتیشی: وەک برا بە پارەی خۆم هەموشتێکم بۆ کردون، بە میدیای خۆم ریکلامم بۆ کردن تا بچنە پەرلەمان، ئەمە چ ویژدانێکە کە جوێن بە هاوڕێی خۆت بدەی لەسەر تەلەفزیۆن، من چ زیانێکم هەبوە بۆیان بەس ئێوە پێمبڵێن، هەڵەیەکم کردوە، دزیم کردوە، ئێوەم فرۆشتوە، خیانەتم لێکردون، وازم لە مەبدەئی خۆم هێناوە، بازرگانیتان پێوە دەکەم، چیم کردوە تا ئێوە بەو شێوەیە مامەڵەم لەگەڵ دەکەن".

ئەوەی کە من بریندار دەکات خیانەتی هاوڕێکانمە من شەڕی یەکێتی و پارتیم کردوە، چۆن ناتوانم شەڕی ئەوان بکەم بەس تا ئێستاش دڵم نایە قسە بە هاوڕێکانم بڵێم

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەوەی کە من بریندار دەکات خیانەتی هاوڕێکانمە من شەڕی یەکێتی و پارتیم کردوە، چۆن ناتوانم شەڕی ئەوان بکەم بەس تا ئێستاش دڵم نایە قسە بە هاوڕێکانم بڵێم".

رونیشیکردەوە:" من قەت بە گومانەوە لەخەڵک ناڕوانم، ئێمە هەمومان خاوەن کەرامەتین بیر لە داهاتو دەکەینەوە و دەمانەوێت ئەم وڵاتەی خۆمان بگۆڕین، ناچێتە عەقڵمەوە کە دوێنێ لە ماڵم بوە نانمان خواردوە، ئەو هەمو متمانەیەم پێکردوە ئێستا چوەتە سەر تەلەفزیۆن دەڵێت شاسوار هەڕەشەم لێدەکات بە بڵاوکردنەوەی وێنەی روت".

وتیشی، ئەزانن من چۆنم و چۆن بیر دەکەمەوە، پێتان دەڵێم قیەم و ئەخلاق و بەها و حورمەت و مەکانی خۆتان بۆ هیچ شتێک مەدۆڕێنن خۆتان لە هەموشت گرنگترن، ئێوە سبەینێ نەوەتان دەبێت منداڵەکانتان دەڵێن دایک و باوکمان چی بون، بۆ پارە خۆی فرۆشت و خیانەتی لە هاوڕێکانی کرد یاخود کەسێکی سەربەرزبو بۆ هیچ ملکەچی نەدا".

 دەبێت ئەو بابەتی ئەخلاقە زۆر کاری لەسەر بکەین، ئێوە خۆتان بخەنە شوێنێ من لە کاتی نەخۆشیدا لەبری هەواڵپرسین خیانەتم لێکردوە

 

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتشی:" من دەمەوێت لەگەڵ ئێوەدا داهاتوی وڵاتەکەمان بگۆڕین، من چۆن لە پشتەوە موئامەرە لە ئێوە بکەم، من هەرگیز تاقەی  خۆم لە ناو جوڵانەوەکەدا سەرف ناکەم، بەڵکو لە دەرەوە سەرفی دەکەم، تکایە هاوڕێیان، دەبێت ئەو بابەتی ئەخلاقە زۆر کاری لەسەر بکەین، ئێوە خۆتان بخەنە شوێنێ من لە کاتی نەخۆشیدا لەبری هەواڵپرسین خیانەتیان لێکردوم".

21ی ئەم مانگە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بەیاننامەیەکی ناڕەزاییان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەکی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێکی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، کە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەکانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە". 

24ی ئەم مانگەش، شادی نەوزاد، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "پێش ئەوەی بەیاننامە لەسەر شاسوار عەبدولواحید بڵاوبکەینەوە لە رێگەی نامەیەکەوە هەڕه‌شەی بڵاوکردنەوەی گرتەی سێکسی دەستکاریکراومان لێکراوە".

ئەو لێدوانەش کاردانەوەی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و هەمان شەو سکرتێری تایبەتی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیرکرا.

بەپێی زانیاریە تایبەتەکانی خەندان، "لەکاتی دەستگیرکردنی سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید دەست بەسەر کۆمپیوتەر و کەلوپەلی دیکەدا گیراوە و گومان دەکرێت لە کۆمپیوتەرەکەدا دەنگ و ڤیدیۆیی نه‌شیاوى خه‌ڵكى تیدا بێت".

 

 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP