بەپەلە

مەسیحیەكانی عێراق هاواری پەراوێزخستنیان لێهەڵساوە و هەست بە غوبن و غەدر دەكەن
كاردیناڵی مەسیحیەكانی عێراق: حكومەت مەسیحیەكان فەرامۆش دەكات

- 4/26/2019 7:55:00 PM 3037 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لویس روفائیل ساكو، كاردیناڵی مەسیحیەكانی عێراق لە راپۆرتێكیدا سەبارەت بە رەوشی مەسیحیەكانی عێراق رایگەیاندوە"دوای داعش خراپی دۆخی مەسیحیەكانی عێراق بەردەوامە" وداوا لە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە دەكات ئاگاداری دۆخی نەخوازراوی مەسیحیەكان بن.

لە هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق تەنها سەرۆك بەرهەم هەڵوێستی هەبوە


روفائیل ساكو، لە راپۆرتێكدا سەبارەت بە دۆخی مەسیحیەكان لە عێراق ئاماژەی بەوەكردوە "لە سایەی بێدەنگی حكومەت بەرامبەر ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر بە پێكهاتەی مەسیحیەكان ئەنجامدەدرێت، داواكارین راوێژكاری راستەقینەمان لای هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق هەبێت"، دەشڵێت "پێشتر ئەو داواكاریەم بە سەرۆك وەزیران راگەیاندوە، بەڵام بێهودە بوە" و دواتر سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق دەكات لە گرنگیدانی بەو پێكهاتەیە.

تەنها بە وتە نا، بەڵكو دەبێت بە كردار هاوشێوەی عێراقیەكان مامەڵەمان لەگەڵ بكەن


ئاماژەی بەوەشكردوە، مەسیحیەكان پێویستیان بە هۆكارەكانی پەیوەندی هەیە كە بتوانێت بەدواداچون بۆ كاروبار و داواكاریەكانیان بكات، دەشڵێت "بە تەنیا ئەوە بەس نیە كە پێمان دەڵێن ئێوە بە رەچەڵەك هاوڵاتی عێراقین، بەڵكو پێوستە هاوشێوەی عێراقیەكان مامەڵەمان لەگەڵ بكرێت".

مەسیحیەكان دوچاری تاسان بون و لە داهاتویان دەترسن


بە گوێرەی وتەكانی روفائیل ساكۆ، لە عێراق دوای شكستهێنان بە داعش ئازارەكانی مەسحیەكان لە چەند لایەنێكەوە بەردەوامە و "خانوەكانیان روخێندراوە و ماڵ و سامانیان دزراوە و كراوە بەناوی كەسانی دیكەوە"، بەوهۆیەوە هاوڵاتیە مەسیحیەكان دوچاری تاسان بون و لە داهاتویان دەترسن و نیگەرانن ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی هەوڵی کۆچکردن بدەن.

 

بەپێی ناوەرۆكی راپۆرتەكەی روفائیل ساكۆ، پێش ساڵی 2003 ژمارەی مەسیحیەكان لە عێراق یەك ملیۆن و نیو بوە، بەڵام لە ئێستادا بەپێی ئامارەكان تەنها نیو ملیۆن مەسیحی لە وڵاتەكەدا ماونەتەوە.

لە دام و دەزگا حكومیەكاندا لە پۆستەكان دوردەخرێنەوە 


لە چوارچێوەی خستنەروی كێشەی مەسیحیەكانی عێراق، روفائیل دەڵێت "سەرەڕای هەبونی شارەزایی و بڕوانامەی پێویست، لە دام و دەزگا حكومیەكاندا، مەسیحیەكان لە پۆستەكان دوردەخرێنەوە و بە بیانوی ئەوەی پۆستەكان تایبەتكراوە بە پێكهاتە و كوتلەی جیاواز كەسانی دیكە دەخەنە شوێنیان".

راشیگەیاندوە "سەرەڕای ئەو هەمو هەوڵەی لە لایەن كەنیسە و پێگە ئایینیە میانڕەوەكانی سوننە و شیعەوە دەدرێت، هێشتا هەندێك وتار و هەڵسوكەوتی پڕ لە كینە هەیە بەرامبەر بەو پێكهاتانەی موسوڵمان نین" و دەڵێت تا ئێستا حكومەت لەو بارەیەوە هیچ لێپێچینەوەیەكی ئەنجامنەداوە.

لە لایەن مامۆستاكانیانەوە روبەڕوی وشەی زبر دەبنەوە


لەوباریەوە ئاماژەی بەوەكردوە "ژمارەیەك لە خوێندكارە مەسیحیەكان ناچاركراون لە رۆژی"جەژنی قیامە"ی تایبەت بە ئاینی مەسیحی بڕۆنەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن و تاقیكردنەوە ئەنجامبدەن، هاوكات كچە خوێندكارەكان بە هۆی ئەوەی باڵاپۆش نین لە لایەن مامۆستاكانیانەوە روبەڕوی وشەی زبر دەبنەوە".

یاسا ئایینیەكان و پرۆگرامەكانی پەروەردە و فێركردنیش بەرامبەر مەسیحیەكان نادادپەروەرانەیە


ئەو قەشەیە پێیوایە یاسا ئایینیەكانیش"بەرامبەر مەسیحیەكان نادادپەروەرانەیە و ئەگەر لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا لایەنێك موسوڵمان نەبێت و بەرامبەرەكەی موسوڵمان بێت ناچاردەبێت ئاینەكەی بگۆڕێت بە ئیسلام و دور لە ئاینی مەسیحی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێـت"، دەشڵێت "پەیڕەو و پڕۆگرامەكانی پەروەردە و فێركردنیش بە هەمانشێوەیە".

نوێنەرانی مەسیحیەكان لە حكومەت بەهۆی لایەنگری لایەنە سیاسیەكانەوە هیچ شتێكیان پێشكەشی مەسیحیەكان نەكردوە


لە كۆتایی راپۆرتەكەیدا روفائیل دەڵێت "ئێمە وەكو مەسیحیەكان فەرامۆشکراوین و ئەوانەی لە ئێستادا نوێنەرایەتی مەسیحیەكان دەكەن بە هۆكاری ئەوەی ئەوانەی وەكو نوێنەری مەسحیەكان دەرچون بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەوانیەكان و حكومەت، چونكە لایەنە سیاسیەكان بەئامانجی حزبی خۆیان پشتیوانیان كردون لە پرۆسەی دەنگدان هاوكاریان كردون بۆیە ئەو نوێنەرانە هیچ شتێكیان پێشكەشی مەسیحیەكان نەكردوە"، ئاماژەی بەوەشكردوە "دیوانی وەقفی ئایینەكانی مەسیحی و ئێزدی نیوە لەكاركەوتوە، ئەوەش بەهۆكاری نەبونی بودجەیەكی تایبەت و نەبونی توانایەك بۆ پێشكەشكردنی هیچ شتێك بەو پێكهاتانە".

 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP