هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

دەست بەسەر كەلوپەل و كۆمپیوتەرەكەیدا گیراوە
حاكم عومەر ئەحمەد: بەفەرمانی دادوەر ئەندامەكەی نەوەی نوێ دەستگیركراوە

- 4/26/2019 4:24:00 PM 21147 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی رەسمی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی رایگەیاندوە، خاوەنی ئەو ژمارەیەی هەڕەشەی لەپەرلەمانتارەكە كردوە بە فەرمانی دادوەر دەستگیركراوە، دەشڵێت جگە لە پەرلەمانتارەكە داواكاری گشتیش سكالای لەسەر ئەو كەسانە تۆماركردوە.

دادوه‌ر عومه‌ر ئه‌حمه‌د، وته‌بێژی فه‌رمی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە، دۆسیەیەک هەیە لەلای دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی دۆسیەکەش لەلایەن سکاڵای ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و  دۆسیەیەکیش لەلایەن داواکاری گشتی سلێمانیەوەیە لەسەر ئەو ژمارە تەلەفۆنانەی کە بەشێوازێک لەشێوازەکان هەڕەشەی ئابڕوبردنیان لەو پەرلەمانتارە کردوە له‌دادگا جوڵێنراوه‌، وەکو وەڵامدانەوەیەکی دادگا بۆ ئەو سكاڵایە دادگا هەستا بەدەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی خاوەنی ئەو هێڵە و هەروەها فەرمانی پشکنین بۆ شوێنی کارکردنی خاوەنی ئەو هێڵە، ئەوەبو هەر دوێنێ پێنجشەممە فەرمانی دەستگیرکردنەکە جێبەجێ کراوە".
ئەو کەسه‌ی ده‌ستگیركرا به‌ فه‌رمانی دادوه‌ر چەند ئامێرێکی کۆمپیوتەر و پەیوەندیکردنی پێوەگیراوە

 

سه‌باره‌ت به‌ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كۆمپیوته‌ر و ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن، حاكم عومه‌ر ئه‌حمه‌د وتویەتی،"ئەو کەسه‌ی ده‌ستگیركرا به‌ فه‌رمانی دادوه‌ر چەند ئامێرێکی کۆمپیوتەر و پەیوەندیکردنی پێوەگیراوە و ئامێرەکان لەقۆناغی پشکنیندایە و دەستی بەسەرداگیراوە بۆ دەسکەوتنی بەڵگەکان و هەروەها ئەو فەرمانەش بەشێوازێکی یاسایی جێبەجێ کراوە بۆ ڕێگەگرتن لەتەشەنەسەندنی کێشە و ناخۆشی لەسلێمانی."

سەبارەت بە دەستگیركردنی خۆبەخشانی نەوەی نوێ، عومه‌ر ئه‌حمه‌د وتویەتی"وەك سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بەدواداچونمان کردوە، هیچ شتێکی لەو بابەتەمان بەدی نەکردوە و نییە و هیچ کەسێکیش بەبێ فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە نابێت دەستگیربکرێت و وەکو زانراوە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک بەڕیوەبەرایەتیەکمان هەیە کە بەڕێوەبەرایەتی گرتن و گواستنەوەیە لەوێش ئەندامێکی داواکاری گشتی چاودێرە بەسەر ئەو شوێنانەدا و هیچ کەسێک نابرێتە ئەو شوێنە و ڕاناگیرێت ئەگەر یاداشتی دەستگیرکردنی دادوەری لێکۆڵینەوەی پێ نەبێت."

ڕونیشیکردەوە" بەپێی ماددە (2)ی ژمارە 6ی ساڵی 2008ی یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی مۆبایل، كەسێك دەستگیركراوە و فرمانی دەستگیرکردنیش بۆ كەسێكی دیكە دەرچوە، بەڵام ئەو کەسە تا ئێستا دەستگیرنەکراوە".

دوێنێ خەندان وەك یەكەمین میدیا بڵاویكردەوە كە سكرتێری شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیركراوە و دەستیشگیراوە بەسەر كۆمپیوتەر و كەلوپەلەكانیدا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP