ڤلادمیر پوتین: ئەمریکا نەیتوانیوە گەرەنتی تەواو بداتە کۆریای باکور

- 4/25/2019 11:28:00 PM 2439 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
پاش کۆبونەوە مێژوییەکەی لەگەل سەرۆکی کۆریای باکور، ڤیلادمیر پوتین رایگەیاند ئەمریکا نەیتوانیوە گەرەنتی تەواو بدات کۆریای باکور لەبەرامبەر داماڵینی چەکە ئەتۆمییەکانی.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ پێنج شەممە پاش کۆبونەوە مێژوییەکەی نێوان ڤیلادمیر پوتینی سەرۆکی روسیا و کیم جۆن ئونی سەرۆکی کۆریای باکور، سەرۆکی روسیا رایگەیاند ئەمریکا نەیتوانیوە گەرەنتی تەواو بداتە کۆریای باکور بۆ داماڵینی چەکە ئەتۆمییەکانی.

پوتین کە هەوڵیدا لەڕێگەی ئەم کۆبونەوە ئاستی دیپلۆماسیەتی روسیا وەک یاریزانێکی نێودەوڵەتی نیشانبدات، رایگەیاند گەرەنتییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا بۆ کۆریای باکور پێویستی بەپشتیوانی هەر شەش لایەنە پەیوەندیدارەکەی پرسی ئەتۆمی هەبو.

مەبەستی پوتین لایەنە پەیوەندیدارەکانی کۆبونەوەی پرسی ئەتۆمییە کە هەریەک لەولاتانی روسیا و چین و کۆریای باکور و ژاپۆن و کۆریای باشور و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەگرێتەوە.
ئەو گەرەنتییەی کۆریا دەیەوێت پێویستی بەپاڵپشتی نێودەوڵەتی هەیە
لەمبارەیەوە پوتین رایگەیاند کۆریای باکور تەنها گەرەنتی ئاسایشی وڵاتەکەی دەوێت و ئەو گەرەنتییەش تەنها بەدو وڵات ناکرێت کە بەگومانەوە سەیری هەنگاوەکانی یەکتر دەکەن، بەڵکو پێویستی بە هاوکاری و پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە و لایەنی سێیەم کە وڵاتانی دیکەن دەتوانن ئەو گەرەنتییە بدەن کە کۆریا داوایدەکات.

دوێنێ چوارشەممە، ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی روسیا و کیم جۆن ئون، سەرۆکی کۆریای باکور لە دورگەی رۆسکی نزیک لە ڤلادیفۆستۆک لە روسیا کۆبونەتەوە و لەبارەی پەیوەندیەکانی نێوان هەردو وڵاتەوە گفتوگۆیان کردوە.

کۆبونەوەی پۆتین و کیم بە یەکەم کۆبونەوەی نێوان هەردو سەرۆک دادەنرێت لەو کاتەی کیم جۆنگ ئۆن لەساڵی 2011 دەسەڵاتی گرتوەتە دەست، هاوکات ئەوە یەکەم سەردانی کیم جۆن ئونە بۆ روسیا.

نیشانەکردن :

#روسیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP