رابون مەعروف وەڵامی شاسوار عەبدولواحیدی دایەوە
بەردەوامین لە تێکۆشانەکەمان بۆ کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی مافیاکانی سیاسەت و کۆمپانیا چاوچنۆکەکان

- 4/25/2019 9:15:00 PM 56877 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رابون مەعروف پەرلەمانتاری نەوەی نوێ وەڵامی قسەكانی شاسوار عەبدولواحیدی دایەوە و رایگەیاند:"جێگەی داخە خۆت بە ئۆپۆزیسیۆن بزانیت و دیسان لە پەنای ھەمان درۆ و بوختانی حیزبە تەقلیدیەکان خۆت بشاریتەوە".
جێگەی داخە خۆت بە ئۆپۆزیسیۆن بزانیت و دیسان لە پەنای ھەمان درۆ و بوختانی حیزبە تەقلیدیەکان خۆت بشاریتەوە

 

رابون مەعروف پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە پۆستێكدا بە ناونیشانی"بوختان و درۆ: چەکە کۆنە سواوەکە!" وەڵامی شاسوار عەبدولواحیدی دایەوە و رایگەیاند:"کە ئەم جوڵانەوەیەمان دامەزراند، شاڵاوێكی گەورەی بوختان و درۆ لە دژی ئێمە بەرپاکرا. جێگەی داخە خۆت بە ئۆپۆزیسیۆن بزانیت و دیسان لە پەنای ھەمان درۆ و بوختانی حیزبە تەقلیدیەکان خۆت بشاریتەوە!"

رابون مەعروف دەشڵێت:"جیاوازیەکان رۆشن و ئاشکران: کردنی جوڵانەوەکە بە موڵکی بنەماڵە، تێکەڵکردنی جوڵانەوەکە لەگەڵ بزنس و بازرگانی، نەبونی ئازادی و دیموکراسی لە ژیانی رێکخراوەییدا!"

ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ چەند سەرنجێكی لەسەر قسەكانی شاسوار عەبدولواحید نوسیوە و دەڵێت:"وێنەکە یەکێکە لەو ھەڕەشانەی کە بۆ ھاوڕێیەك نێردراوە تا بترسێنرێت و بێدەنگبکرێت! بە خۆشحاڵیەوە ئەو ھاوڕێیە نەترسا و بێدەنگیش نەکرا!"
کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی جوت بنەماڵەكە و دامەزراندنی سیستەمێکی باشتر، بە کەسانێك دەکرێت کە ئەخلاقی سیاسییان لە پارتی و یەکێتی بەرزتر بێت نەك نزمتر

 

هەروەها دەڵێت:"کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی جوت بنەماڵەكە و دامەزراندنی سیستەمێکی باشتر، بە کەسانێك دەکرێت کە ئەخلاقی سیاسییان لە پارتی و یەکێتی بەرزتر بێت نەك نزمتر!".

لەسەرنجێكی دیكەدا نوسیویەتی:"بە سادەیی: ئەگەر دەزگا جاسوسیەکان بن، دەبێت ھەڕەشە بکەن بڵێن: ئەگەر بەیان دەرنەکەن وێنەی رووت بڵاودەکەینەوە، نەك بڵێن: ئەگەر بەیان دەربکەن بڵاوی دەکەینەوە!".
ئەو گروپەی کۆبونەتەوە و بە ناوی ئەنجومەنی باڵاوە قسە دەکەن، زیاتر لە نیوەیان ئەندامی ئەنجومەنی باڵا نین. دوان لەوانە پێشتر دەرکرابون. ئەوانەیتریش، موچەخۆری کۆمپانیای نالیان

لەبەشێكی دیكەی سەرنجەكانیدا ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ رایگەیاندوە،"ئەو گروپەی کۆبونەتەوە و بە ناوی ئەنجومەنی باڵاوە قسە دەکەن، زیاتر لە نیوەیان ئەندامی ئەنجومەنی باڵا نین. دوان لەوانە پێشتر دەرکرابون. ئەوانەیتریش، موچەخۆری کۆمپانیای نالیان!"
بەردەوام دەبین لە تێکۆشانەکەمان بۆ کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی مافیاکانی سیاسەت و کۆمپانیا چاوچنۆکەکان

 

لە دوا سەرنجیدا رابون مەعروف دەڵێت:"ھیوادارم ھەموان دڵنیابن کە بەردەوامین لە تێکۆشانەکەمان بۆ کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی مافیاکانی سیاسەت و کۆمپانیا چاوچنۆکەکان!"


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP