لیژنەیەکی 10 کەسی پێکهێنراوە
خەندان کاندیدانی گۆڕان بۆ پۆستە باڵاکانی حکومەت بڵاودەکاتەوە

- 4/25/2019 7:48:00 PM 39856 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-بەشی راپۆرت و شیكاری

بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی دیاریکردنی کاندیدەکانیەتی بۆ پۆستە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پشکی خۆیەتی، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی 10 کەسی لە ئاستی باڵادا پێکهێناوە.

کۆبونەوەی سێ قۆڵی پارتی و یەکێتی و گۆڕان بۆ ئامادەکردن و رێکەوتن لەسەر کارنامەی حکومەت ئەنجامدەدرێت

 

هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی هەشتەم لە کۆتایی نزیکبوەتەوە و بەپێی لێدوانی مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی لە هەفتەی داهاتودا رێککەوتنامەی پارتی و یەکێتی واژۆ دەکرێت و دواتریش کۆبونەوەی سێ قۆڵی پارتی و یەکێتی و گۆڕان بۆ ئامادەکردن و رێکەوتن لەسەر کارنامەی حکومەت ئەنجامدەدرێت. 

بزوتنەوەی گۆڕان لیژنەیەکی 10 کەسی بۆ دیاریکردنی کاندیدەکانی گۆڕان دەستنیشانکردوە

 

بەپێی زانیاریە تایبەتەکانی خەندان، بزوتنەوەی گۆڕان لیژنەیەکی 10 کەسی بۆ دیاریکردنی کاندیدەکانی گۆڕان دەستنیشانکردوە بۆ ئەوەی دوای دیاریکردنی کاندیدەکان بخرێنە بەردەم جڤاتی نیشتیمانی و بڕیاری لەبارەوە بدرێت.

لیژنەکەی بزوتنەوەی گۆڕان، شۆڕش حاجی سەرۆکایەتی دەکات کە ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەکەیە

 

خەندان زانیویەتی، لیژنەکەی بزوتنەوەی گۆڕان، شۆڕش حاجی سەرۆکایەتی دەکات کە ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەکەیە، هاوکات هەریەکە لە (سەفین مەلا قەرە، ئاسۆ ڕەحیم، هۆشیار عومەر، كاوە مامە عەبە، كەمال موسلیم، لیوا جەلال، ئاكۆ محەمەد وەهبی، شێخ كامیل نوری، دەرباز عەبدوڵا) ئەندامێتی لیژنەکە دەکەن.

بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکان پشت بە سیڤی دەبەستن، تا ئێستا زیاتر لە 600 سیڤی گەیشتوەتە دەست بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان

 

بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێن، بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکان پشت بە سیڤی دەبەستن، بەپێی زانیاریەکانی خەندان تا ئێستا زیاتر لە 600 سیڤی گەیشتوەتە دەست بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان.

بزوتنەوەی گۆڕان لەم کابینەیەدا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت و چوار وەزارەت و دەستەیەكی بەردەكەوێت 

 

بزوتنەوەی گۆڕان لە 18ی شوباتی ئەمساڵدا رێککەوتنامەی سیاسی لەگەڵ پارتی واژۆکرد، بەپێی رێکەوتنەکە، لەم کابینەیەدا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت و هەریەکە لە وەزارەتەکانی دارایی، کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاوەدانکردنەوە، پیشەسازی و بازرگانی و دەستەی سندوقی داهاتە نەوتییەکانی بەردەکەوێت.

گۆڕان بەڕێوەبەرێکی گشتی لە ئەنجومەنی ئاسایش و چەند نوێنەرایەتییەکی دەرەوە و بریکاری چەند وەزارەتێكی بەردەكەوێت

 

هەورەها گۆڕان بەڕێوەبەرێکی گشتی لە ئەنجومەنی ئاسایش و چەند نوێنەرایەتییەکی دەرەوە و بریکاری وەزارەتەکانی ناوخۆ، شارەوانی، کارەبا و پەروەردە، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، له‌گه‌ڵ ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکار لە وەزارەتەکان و پەرلەمانی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەردەکەوێت.

مستەفا سەید قادر، کاندیدی بەهێزە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و جەلال جەوھەر، کاندیدی بەهێز و بێڕکابەرە بۆ یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

 

زانیاریە پشتڕاستکراوەکانی خەندان ئاماژە بەوەدەکەن، مستەفا سەید قادر، کاندیدی بەهێزە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و جەلال جەوھەر، کاندیدی بەهێز و بێڕکابەرە بۆ یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، هاوکات هەریەکە لە ئاوات شێخ جەناب و هاواری شێخ رەوف کاندیدن بۆ وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەریەکە لە کوێستان محەمەد،  ھۆشیار عومەر، زمناکۆ جەلال، دانا عەبدولکەریم کاندیدنی بەهێزن بۆ وەزارەتەکانی دیکەی حکومەت لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان

 

لەلایەکی دیکەشەوە خەندان زانیویەتی، هەریەکە لە کوێستان محەمەد،  ھۆشیار عومەر، زمناکۆ جەلال، دانا عەبدولکەریم کاندیدنی بەهێزن بۆ وەزارەتەکانی دیکەی حکومەت لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان.

بەڕێوەبەری ئێستای پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی و عەمید وشیار عەلی و عەمید بەمۆ عومەر لە کاندیدە بەھێزەکانی گۆڕانن بۆ بریکاری وەزیری ناوخۆ

 

خەندان ئەوەشی زانیوە، ھەریەک لە دڵشاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ئێستای پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی و عەمید وشیار عەلی و عەمید بەمۆ عومەر، بەڕێوەبەری پێشوتری پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی لە کاندیدە بەھێزەکانی گۆڕانن بۆ بریکاری وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 بۆ پەرلەمانی کوردستان 12 کورسی بەدەستهێنا و بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان 12 کورسی کەمیکرد.

لە کابینەی هەشتەمدا و دوای ساڵێک مانەوە لە حکومەت لە 12-10-2015 بەبڕیارێکی مەکتەبی سیاسی پارتی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پشکی بزوتنەوەکە و وەزیرەکانی رەوانەی ماڵەوە کرانەوە

 

بەشداریکردنی گۆڕان لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە دوەم ئەزمونی بزوتنەوەکە لەدوای دروستبونی لە ساڵی 2009 دا، بەڵام لە کابینەی هەشتەمدا و دوای ساڵێک مانەوە لە حکومەت لە 12-10-2015 بەبڕیارێکی مەکتەبی سیاسی پارتی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پشکی بزوتنەوەکە و وەزیرەکانی رەوانەی ماڵەوە کرانەوە.

لە رۆژی 20-12-2017 بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی کشانەوەیان لە حکومەت راگەیاند

 

دوای ئەو بڕیارەی پارتی بۆ دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان، ئەو بزوتنەوەیە پێداگیری دەکرد بۆ مانەوە لە حکومەتدا تا ئەوکاتەی لە رۆژی 20-12-2017 لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی کشانەوەیان لە حکومەت راگەیاند.

گۆڕان لە حکومەتی خۆجێیی نەکشایەوە کە رێککەوتنامەی لەگەڵ یەکێتی هەبو

 

ئەوکات گۆڕان لە حکومەتی خۆجێیی نەکشایەوە کە رێککەوتنامەی لەگەڵ یەکێتی هەبو، لەو وەختەدا بەرپرسانی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی رایانگەیاند، "لە ئیدارە خۆجێیەکاندا ناکشێینەوە چونکە کەموکوڕی لە پەرلەمان و حکومەتدا هەیە نەک لە ئیدارەی پارێزگاکاندا".

هەمان رۆژ بزوتنەوەی گۆڕان رێککەوتننامەکەی لەگەڵ یەکێتی هەڵپەسارد کە بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارەی خۆجێی لە سلێمانی واژۆیکردبو، بەڵام لە پۆستە باڵاکانی سنوری قەڵەمڕەوی سلێمانی نەکشایەوە 

 

هەمان رۆژ بزوتنەوەی گۆڕان رێککەوتننامەکەی لەگەڵ یەکێتی هەڵپەسارد کە بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارەی خۆجێی لە سلێمانی واژۆیکردبو، بەڵام لە پۆستە باڵاکانی سنوری قەڵەمڕەوی سلێمانی نەکشایەوە تا ئێستاش ئەو بزوتنەوەیە لە بەشێکی گرنگ لە دەسەڵاتە خۆجێیەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە پاڵ یەکێتیدا حاکم و حوکمڕانە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP