ئەنجومەنی سەربازی سودان: دەسەڵاتی جێبەجێکردن رادەستی خەڵکدەکرێت

- 4/25/2019 7:33:00 PM 1801 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 
ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر لەسودان رایگەیاند ئەوان تەنها دەسەڵاتێکی سیادییان هەیەو لەئایندەیەکی نزیکدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن رادەستی خەڵک دەکرێت و خەڵک حکومەت بەڕێوەدەبات.
هاوڵاتیان پۆستی سەرۆک وەزیران و تەواوی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەوەزارەتەکان وەردەگرن

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ پێنج شەممە پاش ئەوەی خەڵکی سودان هەڕەشەی خۆپیشاندانی ملیۆنیان کرد، ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر رایگەیاند ئەوان تەنها دەسەڵاتێکی تەشریفاتییان هەیە و هاوڵاتیان لەماوەیەکی نزیکدا پۆستی سەرۆک وەزیران و تەواوی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەوەزارەتەکان وەردەگرن.

دوێنێ چوارشەممە، رێکخەرانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی سودان هەڕەشەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی یەک ملیۆنی-یان لە فەرماندە سەربازییە باڵاکانی وڵاتەکەیان کرد و داوای پێکهێنانی حکومەتی "مەدەنی" دەکەن.

بەوهۆیەشەوە ئەنجومەنی سەربازی سودان، کە دوای لەسەرکار لابردنی عومەر بەشیر سەرۆکی ئەو وڵاتە لەسەرەتای ئەم مانگەدا لەلایەن سەرکردە سەربازییە دێرینەکانی سودانەوە دامەزرا، داوای کۆبونەوەی بەپەلە لە سەرکردە باڵا سەربازییەکان دەکات.

لە بەیاننامەیەکدا بڵاویان کردوەتەوە" ئەنجومەنی سەربازی بانگهێشتی هاوپەیمانی ئازادی و گۆڕانی سودان دەکات کە پاشنیوەرۆی سبەینێ لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆببێتەوە".
داوای دەستپێشخەری دەکرێت لەهەڵگیرسانی شۆڕش و روخاندنی رژێمی عومەر بەشیر لەلایەن هاوپەیمانیەتیەکەوە

لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەی ئەنجومەنەکەدا داوای دەستپێشخەری دەکرێت لەهەڵگیرسانی شۆڕش و روخاندنی رژێمی عومەر بەشیر لەلایەن هاوپەیمانیەتیەکەوە.

سدیق فاروق، یەکێک لە گەورە رێکخەرەکانی خۆپیشاندانەکانی سودان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەگەر داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکرێت، ئەوا خۆیان بۆ خۆپیشاندانێکی جەماوەری یەک ملیۆنی ئامادە دەکەن.

نیشانەکردن :

#سودان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP