شاسوار عەبدولواحید: لەكاتێكدا من نەخۆشم، هاوڕێكانم لەجیاتی هەواڵپرسی خەریكی كاری دیكەن

- 4/25/2019 7:13:00 PM 18275 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند: من لەئێستادا لە دەرەوەی وڵاتم بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، بەڵام هاوڕێكانم لە جیاتی هەواڵپرسی دەبیستم لە كوردستان خەریكی كاری دیكەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەرنامەی تاوتوێی كەناڵی ئێن ئارتی، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند:"من لەئێستادا لە دەرەوەی وڵاتم بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی بەهۆی ئەوەی گرێیەك لە قورگم دروست بوە، بەڵام هاوڕێكانم لە جیاتی هەواڵپرسی دەبیستم لە كوردستان خەریكی كاری دیكەن و ئەو هەواڵانە دەبیستم كە لەم دو رۆژە بڵاوكرایەوە".

بەهیچ شێوەیەک هاوڕێیانم لە نەوەى نوێ بە فەرمى و نافەرمى باسی ناڕەزایەتییان نەکردوە

 

شاسوار عەبدولواحید لەبارەی هۆكاری نیگەرانی بەشێك لە پەرلەمانتارانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند:"بەهیچ شێوەیەک هاوڕێیانم لە نەوەى نوێ بە فەرمى و نافەرمى باسی ناڕەزایەتییان نەکردوە".

من مانگانە 40 ملیۆن دینار بۆ سندوقی دارایی نەوەی نوێ دابین دەكەم 

 

لەبەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا شاسوار عەبدولواحید وتی: من مانگانە 40 ملیۆن دینار بۆ سندوقی دارایی نەوەی نوێ دابین دەكەم و هەندێك جار ئەو هاوڕیانەی دیكەمان پارەیان پەیداكردوە".

سروە كەسێكی چالاكە و پەیوەندیەكانی خۆی بەكارهێناوە بۆ نەوەی نوێ و ئەو دەستی پەرلەمانتارەكانی گرتوە و پەیوەندیەكانی رادەستی ئەوانی كردوە

 

لەبارەی بەبنەماڵەكردنی نەوەی نوێ، سەرۆكی جوڵانەوەكە رایگەیاند: "لە 12 ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ، هیچ ئەندامێكی بنەماڵەكەی منی تێدا نیە، سروە عەبدولواحیدیش پێشتر و لە ساڵی 2014 ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوە لە فراكسیۆنی گۆڕان، سروە كەسێكی چالاكە و كاتی خۆی پارتی لە هەولێر هەمو پێشمەرگەی لە دژی خستە خۆپیشاندانەوە، هەروەها ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بوە، بۆیە سروە كەسێكی چالاكە و پەیوەندیەكانی خۆی بەكارهێناوە بۆ نەوەی نوێ و ئەو دەستی پەرلەمانتارەكانی گرتوە و پەیوەندیەكانی رادەستی ئەوانی كردوە".

شادی خۆی ماڵی لەناو سلێمانیە و هیچ خانویەكی لە ناو گوندی ئەڵمانی نیە، بۆیە بەداخەوە شادی خۆشی بەشێكە لە قوربانیەكان

 

سەبارەت بە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ رایگەیاند: بەداخەوە شادی خۆی زۆر باش ئەخلاقی من دەزانێت، ئێمە شادیمان پێگەیاند، من خوشكەكەم خۆی یەكێكە لە قوربانیانی ئەو دۆخە، بەداخەوە دەبو شادی یەك پرسیاری لە خۆی بكردایە ئایا ئێمە كاری وا دەكەین و دەبو بە پۆینتێكیش بوایە ئەو پرسیارەی لە خۆی بكردایە، شادی خۆی ماڵی لەناو سلێمانیە و هیچ خانویەكی لە ناو گوندی ئەڵمانی نیە، بۆیە بەداخەوە شادی خۆشی بەشێكە لە قوربانیەكان.

ملم لە مو باریكترەو دەچمە بەردەم دادگا و سڵ لە هیچ ناكەمەوە، رابردوشم زۆر پاکە و هیچ نیە لێی بترسم

 

شاسوار عەبدولواحید لەبارەی تۆماركردنی داوا لەسەری و چونە بەردەم دادگا رایگەیاند:"من ملم لە مو باریكترەو دەچمە بەردەم دادگا و سڵ لە هیچ ناكەمەوە، لە رابردومدا زۆر پاكم و هیچم نیە لێی بترسم، دڵنیام ئەم دۆخەش تێدەپەڕێت".

 ئێمە كەسمان لێ زیاد نیە تەنها ئەوانە نەبێت كە جاسوسن، خەڵك دوای سەركەوت یان رابون یان فڵانە كەس نەكەوتوە، بەڵكو خەڵك دوای نەوەی نوێ كەوتوە

 

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا راشیگەیاند:"جوڵانەوەی نەوەی نوێ كۆتایی نایات و رۆژ بە رۆژ خەڵكی زیاتر روی تێدەكات، ئێمە كەسمان لێ زیاد نیە تەنها ئەوانە نەبێت كە جاسوسن، خەڵك دوای سەركەوت یان رابون یان فڵانە كەس نەكەوتوە، بەڵكو خەڵك دوای نەوەی نوێ كەوتوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP