سەرۆک کۆمار لە گەڵ ئوسامە نوجەیفی و ساڵح موتڵەگ کۆبوەوە

- 4/25/2019 6:18:00 PM 949 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ پێنج شەممە، سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح  لە کۆشکی سەلام لەگەڵ دو سەركردەی سونەكانی عێراق ئوسامە نوجەیفی و ساڵح موتڵەگ کۆبوەوە.

نوسینگەی رایگەیاندنی سەرۆک کۆماری عێراق بڵاویکردوەتەوە، لە كۆبونەوەی نێوان د. بەرهەم و ئوسامە نوجەیفی، باس لە دوا پێشھات و گۆڕانکارییە ئەمنی و سیاسییەکانی وڵات کرا، ھاوکات دوپاتی یەکڕیزی نیشتمانی و ھەماھەنگی و خستنەگەڕی ھەوڵەکان لە پێناوی پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و وەلانانی ناکۆکییەکان و بەرجەستەکردنی ئارامی و سەقامگیری و دابینکردنی خزمەتگوزاری بە ھاوڵاتیان کرایەوە.

لە لایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد له‌ ساڵح موتڵەگ سەرۆکی بەرەی نشتیمانی بۆ دیالۆگی عێراق.

لە دیدارێکدا گفتوگۆکرا لە بارەی دوا پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسیەکانی وڵات بەگشتی، دوپاتیش لە یەکڕیزی و ھەماھەنگی لە پێناوی پابەندبون بە پرەنسیپە نەگۆڕەکان و سەرخستنی کارنامەی حکومەت و دابینکردنی خزمەتگوزاری به‌ هاوڵاتیان کرایەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP