روسیا چەکی "کۆتایی دونیا"ی دروستکرد

- 4/25/2019 5:38:00 PM 135235 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
لەژێر چاودێری راستەوخۆی ڤیلادمیر پوتیندا، روسیا پێشکەوتوترین چەکی ژێر دەریایی دروستکرد بەناوی چەکی "کۆتایی دونیا"
 
بەپێی هەواڵێکی سکای نیوز، ئەمڕۆ ڤلادمیر پوتینی سەرۆکی روسیا لەمەراسیمێکدا دروستکردنی گەورەترین چەکی ئەتۆمی ژێردەریایی بەناوی رۆژی کۆتایی دونیا راگەیاند.

چەکەکە  ناوی بێلگۆرۆدەو هەڵگری چەکی ئەتۆمی (پۆنسیدۆن)ە کە ناوی چەکی کۆتایی دونیای لێنراوە.
خۆم سەرپەرشتی دروستکردنی ئەم ژێردەریاییە ئەتۆمییەم کردوە

پۆتین لەڕێگای تەلەفزیۆنەوە راستەوخۆ بەشداری مەراسیمەکەی کرد و وتیشی کە خۆی سەرپەرشتی دروستکردنی ئەم ژێردەریاییە ئەتۆمییەی کردوە.
دەبێتەهۆی دروستبونی تسونامی و لافاوی گەورەی بەردەوام لەزۆربەی ناوچەکانی جیهان

ناوی "کۆتایی دونیا" لەوەوە هاتوە کە ئەگەر بەکاربهێنرێت دەبێتەهۆی دروستبونی تسونامی و لافاوی گەورەی بەردەوام لەزۆربەی ناوچەکانی جیهان و بەهۆیەوە تەواوی شارو شارۆچکەکانی سەر زەوی دەبێت بەژێر ئاوەوە.
لەشێوەی بۆمبێکی دەریایی ئەتۆمیدایە کە سیستمی بەرگری موشەکی ئەمریکی ناتوانێت بەرگری لێبکات

چەکی "کۆتایی دونیا" ساڵی 2020 تاقیدەکرێتەوە و بەوتەی ڤیلادمیر پوتینی سەرۆکی روسیاش چەکەکە لەشێوەی بۆمبێکی دەریایی ئەتۆمیدایە کە سیستمی بەرگری موشەکی ئەمریکی ناتوانێت بەرگری لێبکات و تەواوی سیستمە بەرگرییەکانی ئەمریکا دەبڕێت.

چەکە ئەتۆمییەکە لەشێوەی بۆمبی دەریاییدایە، بەڵام زۆر گەورەترە و درێژییەکەی 79 پێیە، لەبەرئەوەشە کە تەنها لەڕێگەی ژێردەریاییەکانەوە دەگوازرێتەوە.

لەماوەی دو ساڵی رابردودا هەریەک لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو روسیا پاش کشانەوەیان لەرێکەوتنامەی قەدەغەکردنی موشەکی دورمەوداو مامناوەند لەململانێیەکی توندی خۆنمایشکردنی سەربازیدان و زۆرجار لەرێگای ئەمجۆرە مەراسیمانەوە پەیامی هەڕەشە ئامێز ئاراستەی یەکتری دەکەن.

نیشانەکردن :

#روسیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP