بەپەلە

سروە عەبدولواحید: ئەوانەی ناوی خۆیان لەپێناو پارە دەفرۆشن شایەنی رێز نین

- 4/25/2019 3:57:00 PM 9862 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
نوێنەری جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هاوپەیمانێتی چاكسازی رایگەیاند، یەكێتی و پارتی پێشتر ویستویانە بەهەمو شێوەیەك شاسوار عەبدولواحید "بێدەنگ بكەن"، بەڵام شكستیان هێناوە، دەشڵێت، "هەركەسێك لەبەر پارە ناوی خۆی بفرۆشێت شایەنی رێز نیە".
"هەریەك لە پارتی و یەكێتی پێشتر هەوڵی بێدەنگكردنی شاسوار عەبدولواحید-یان داوە

 

سروە عەبدولواحید، نوێنەری جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هاوپەیمانێتی چاكسازی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە تویتێكیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، "هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێشتر هەوڵی بێدەنگكردنی شاسوار عەبدولواحید-یان داوە، بەڵام شكستیان هێناوە".
ئەو دو حزبە ئەمجارەش لە هەوڵدان بۆ بێدەنگكردنی شاسوار عەبدولواحید سەرناكەون

 
سروە عەبدولواحید کە خوشکی شاسوار عەبدولواحید-ە ئاماژەی بەوەشكردوە، "ئەو دو حزبە ئەمجارەش لە هەوڵدان بۆ بێدەنگكردنی شاسوار عەبدولواحید سەرناكەون".

هەروەها نوسیویەتی، "راستیەكان دەردەكەون و ئەو كەسەی ناوی خۆی لەپێناو بڕێك دۆلار دەفرۆشن شایەنی رێز نین".

21ی ئەم مانگە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بەیاننامەیەکی ناڕەزاییان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەکی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێکی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، کە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەکانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە".

پێش ئەوەی بەیاننامە لەسەر شاسوار عەبدولواحید بڵاوبکەینەوە لە رێگەی نامەیەکەوە هەڕه‌شەی بڵاوکردنەوەی گرتەی سێکسی دەستکاریکراومان لێکراوە

 

دوێنێش شادی نەوزاد، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند،  "پێش ئەوەی بەیاننامە لەسەر شاسوار عەبدولواحید بڵاوبکەینەوە لە رێگەی نامەیەکەوە هەڕه‌شەی بڵاوکردنەوەی گرتەی سێکسی دەستکاریکراومان لێکراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەماوەی رابردودا و لە ئەزمونی کارکردنماندا کۆمەڵێک کەس لە دەرەوەی وڵات و لە شارەکانی دیکەدا هاتونەتە سلێمانی بۆ بەشداریکردن لە ۆرک شۆپ و کۆبونەوە حزبی و سیاسیەکانی جوڵانەوەکەدا، ئەو کەسانەی کە هاتون لە شوقەکانی گوندی ئەڵمانی و کابینەکانی چاڤی لاند ماونەتەوە، بەڵام ئێستا هەڕه‌شەی ئەوە لە ئەندامە بەرێزەکان دەکرێت لەگەڵ ئەو کەسانەی بەیاننامەیان دەرکردوە، کە کامێرای شاراوەیان لەو کابینانە بۆ دانراون و ژیانی تاکەکەسیان روبەڕوی هەڕەشە دەکرێتەوە".

بێدەنگ نابم و لە نزیکترین کاتدا سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆماردەکەم

 

شادی نەوزاد وتیشی، "بێدەنگ نابم و لە نزیکترین کاتدا سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمار دەکەم، چونکە گومانم نیە ئەو دەسەڵاتەی بتوانێت بەمشێوەیە مامەڵە بکات و هەڕه‌شە لەگەڵ سەرکردەکانی جوڵانەوەکەی بکات خراپتر مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی جوڵانەوەکەی دەکات".

بەیانی ئەمڕۆش خەندان لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، به‌ بڕیارى دادگا سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیرکراوە، ئەوەش دوای ئەوەی چەند پەرلەمانتارێکی نه‌وه‌ى نوى رایانگەیاند، سکاڵا لەسەر سەرۆکی جوڵانەوەکە تۆمار دەکەن.

بەپێی زانیاریە تایبەتەکانی خەندان، "لەکاتی دەستگیرکردنی سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید دەست بەسەر کۆمپیوتەر و کەلوپەلی دیکەدا گیراوە و گومان دەکرێت لە کۆمپیوتەرەکەدا دەنگ و ڤیدیۆیی نه‌شیاوى خه‌ڵكى تیدا بێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP