کونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر هۆشداری دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان

- 4/25/2019 12:43:00 PM 98138 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دۆمینیک ماس، کونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان بارودۆخێکی لەبار بۆ کارکرکردنی کۆمپانیا بیانییەکان رەخسێندراوە تاوەکو کاری وەبەرهێنان بکەن، بەڵام دەشڵێت، "هەندێک ساختەکاری هەیە کە حکومەت دەبێت کار بۆ بنەبڕکردنیان بکات".
دۆخێکی ئارام و سەقامگیر و شیاو هەیە لە هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن

 

دۆمینیک ماس، کونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانی وتارێکدا لە کۆنفرانسی خاوەندارێتی هزری لە شاری هەولێر رایگەیاند، "دەمەوێت ئەوە رابگەیەنم، ئەو کۆمپانیانەی دەیانەوێت بێنە هەرێمی کوردستان، دەبێت بزانن کە دۆخێکی ئارام و سەقامگیر و شیاو هەیە بۆ کارکردن، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەوبارەیەوە هاوکاریان دەکات".

کۆنفرانسی خاوەندارێتی هزری لە شاری هەولێر لەلایەن ژوری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانەی فەڕەنساوە رێکخراوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەتی ناوچەکەدا سەرکەتو بوە

 

کونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر راشیگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەتی ناوچەکەدا سەرکەتو بوە، قەبارەی کاری بازرگانی لە کوردستان بە بەراوردی وڵاتانی دراوسێ زۆر باشە و هەلی زیاتر ڕەخسێندراوە".
هەندێک ساختەکاری هەیە کە حکومەت دەبێت کار بۆ بنەبڕکردنیان بکات

 

کونسوڵی فەڕەنسا هەروەها هۆشداریدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، "هەندێک ساختەکاری هەیە کە حکومەت دەبێت کار بۆ بنەبڕکردنیان بکات، هەرچەند ئەم ڕەوتی ساختەکارییە تەنیا پەیوەست نییە بە کوردستانەوە، بەڵکو شەپۆلێکی نێودەوڵەتییە و زۆر وڵات روبەڕوی بوونەتەوە".

ئەوەشی خستەڕو، "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جیدی روبەڕوی ساختەکاریی ئابورییەکان ببێتەوە و وا بکات متمانە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ببەخشێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP