ئاسایشى گەرمیان سزادانی تاوانبارێکی بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەری راگەیاند

- 4/25/2019 12:17:00 PM 1669 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشى گەرمیان رایگەیاند، دادگا بڕیاریداوە تاوانبارێکی ماددەی هۆشبەر بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی بکات و بڕی 100 هەزار دینار غەرامەی بکات.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشى گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی هێزەکانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان سەبارەت بە بەدواداچون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و تەواو و دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی کە مادەبێهۆشکەرەکان بەکاردەهێنن یان مامەڵەی پێوەدەکەن و ڕوبەروکردنەوەیان بەدادگا کۆتای ساڵی رابردو توانیویانە کەسێک دەستگیربکەن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە 26ی مانگی 11ی ساڵی رابردودا توانراوە لە لایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیانەوە بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر کەسێکی بەرەگەز ئێرانی کە پیشە ئەندازیارە لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی قەزای کەلار دەستگیربکەن.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشى گەرمیان راشیگەیاندوە، پاش چەندین دانیشتنی دادگا و خستنە روی تەواوی بەڵگەکان و هەوەها دان پێدانانی تاوانباری ناوبراو بە تاوانەکەیدا 22ی ئەم مانگه‌ لە لایەن سەرۆکایەتی دادگای تاوانەکانی کەرکوک/گەرمیان بڕیاریدا بەپێی ماددەی 14ی هۆشبەر و بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی بکرێت و بڕی 100 هەزار دیناری عێراقی سزابدرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP