سكرتێری شاسوار عەبدولواحید دەستگیرکرا

- 4/25/2019 9:56:00 AM 77778 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

به‌ بڕیارى دادگا سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید دەستگیرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی چەند پەرلەمانتارێکی نه‌وه‌ى نوى رایانگەیاند، سکاڵا لەسەر سەرۆکی جوڵانەوەکە تۆمار دەکەن.
لەکاتی دەستگیرکردنی سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید دەست بەسەر کۆمپیوتەر و کەلوپەلی دیکەدا گیراوە

 

بەپێی زانیاریە تایبەتەکانی خەندان، "لەکاتی دەستگیرکردنی سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید دەست بەسەر کۆمپیوتەر و کەلوپەلی دیکەدا گیراوە و گومان دەکرێت لە کۆمپیوتەرەکەدا دەنگ و ڤیدیۆیی نه‌شیاوى خه‌ڵكى تیدا بێت".
هەڕه‌شەی بڵاوکردنەوەی گرتەی سێکسی دەستکاریکراومان لێکراوە
دەستگیرکردنی سکرتێری تایبەتی شاسوار عەبدولواحید دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شادی نەوزاد، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند،  "پێش ئەوەی بەیاننامە لەسەر شاسوار عەبدولواحید بڵاوبکەینەوە لە رێگەی نامەیەکەوە هەڕه‌شەی بڵاوکردنەوەی گرتەی سێکسی دەستکاریکراومان لێکراوە".
نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەکی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێکی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە

 

21ی ئەم مانگە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بەیاننامەیەکی ناڕەزاییان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەکی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێکی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، کە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەکانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە".
 هەڕه‌شەی ئەوە لە ئەندامەکان دەکرێت لەگەڵ ئەو کەسانەی بەیاننامەیان دەرکردوە، کە کامێرای شاراوەیان لەو کابینانە بۆ دانراون

 

شادی نەوزاد، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی،  "لەماوەی رابردودا و لە ئەزمونی کارکردنماندا کۆمەڵێک کەس لە دەرەوەی وڵات و لە شارەکانی دیکەدا هاتونەتە سلێمانی بۆ بەشداریکردن لە ۆرک شۆپ و کۆبونەوە حزبی و سیاسیەکانی جوڵانەوەکەدا، ئەو کەسانەی کە هاتون لە شوقەکانی گوندی ئەڵمانی و کابینەکانی چاڤی لاند ماونەتەوە، بەڵام ئێستا هەڕه‌شەی ئەوە لە ئەندامە بەرێزەکان دەکرێت لەگەڵ ئەو کەسانەی بەیاننامەیان دەرکردوە، کە کامێرای شاراوەیان لەو کابینانە بۆ دانراون و ژیانی تاکەکەسیان روبەڕوی هەڕەشە دەکرێتەوە".

شادی نەوزاد وتیشی، "بێدەنگ نابم و لە نزیکترین کاتدا سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆماردەکەم، چونکە گومانم نیە ئەو دەسەڵاتەی بتوانێت بەمشێوەیە مامەڵە بکات و هەڕه‌شە لەگەڵ سەرکردەکانی جوڵانەوەکەی بکات خراپتر مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی جوڵانەوەکەی دەکات".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP