سلێمانى؛ به‌كارهێنانى سه‌تڵى ره‌نگاو ره‌نگ بۆ ماست قه‌ده‌غه‌ كرا

- 4/24/2019 12:58:00 PM 4759 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

به‌كارهێنانى سه‌تڵى ره‌نگاو ره‌نگ له‌ سلێمانى بۆ ماست و جۆره‌كانى دیکەی خواردن قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت، ئەوەش بەمه‌به‌ستی پاراستنى ته‌ندروستى هاوڵاتیان، قایمقامیش دەڵێت،  هه‌ر فرۆشیارێك پابه‌ند نه‌بێت رووبه‌ڕووى سزاى یاسایى ده‌كرێته‌وه‌. 

ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامى سلێمانى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى و لیژنه‌ى ته‌ندروستى سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى سلێمانى كۆبوه‌وه‌ و دواى خستنه‌ڕوى ئه‌و به‌ڵگه‌و به‌دواداچونانه‌ى كه‌ بۆ به‌كارهێنانى سه‌تڵى ره‌نگاو ره‌نگ كراوه‌ بڕیاردرا به‌كارهێنانى ئه‌و جۆره‌ سه‌تڵه‌ بۆ ماست قه‌ده‌غه‌ بكرێت.

قائیمقامى سلێمانى رایگه‌یاند، به‌پێى ئه‌و توێژنه‌وه‌ و به‌دواداچونانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ پسپۆڕه‌كانه‌وه‌ كراوه‌ به‌كارهێنانى سه‌تڵى ره‌نگاو ره‌نگ بۆ ماست زیان به‌ته‌ندروستى مرۆڤ ده‌كه‌یه‌نێت و به‌هۆى زیانه‌ ته‌ندروستیه‌كانیه‌وه‌ بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنیان داوه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، مه‌به‌ست له‌ بڕیاره‌كه‌ پاراستنى ته‌ندروستى هاوڵاتیانه‌ و هه‌ر فرۆشیارێك پابه‌ند نه‌بێت رووبه‌ڕووى سزاى یاسایى ده‌كرێته‌وه‌.

هاوکات له‌شكر حه‌مید، سه‌رپه‌رشتیارى لیژنه‌كانى ته‌ندروستى سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى سلێمانى راگه‌یاند، "به‌كارهێنانى سه‌تڵى زه‌نگاو ره‌نگ بۆ ماست و جۆره‌كانى ترى خواردن ده‌بێته‌ هۆى كارلێك كردنى هه‌ندێك ماده‌ى زیان به‌خش له‌گه‌ڵ ماسته‌كه‌دا كه‌ ئه‌مه‌ش زیان به‌ ته‌ندروستى مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌بێته‌ هۆى توشبوون به‌ نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌".

رونیشیکردەوە، زۆربه‌ى سه‌تڵه‌ ره‌نگاو ره‌نگه‌كان له‌مه‌وادى دووباره‌ به‌كارهاتوو دروست ده‌كرێت كه‌ به‌هیچ جۆرێك دروست نیه‌ خواردنى تێیدا هه‌ڵبگیرێت.

له‌شكر حه‌مید راشیگەیاند، "سه‌تڵى سپى ساده‌ بۆ ماست گونجاوه‌ به‌كاربهێندرێت و پێویسته‌ لۆگۆیه‌كى سێ گۆشه‌ى له‌سه‌ر بێت و تێیدا ئاماژه‌ به‌ ژماره‌ "2یان4" كرابێت، بەڵام به‌كارهێنانى سه‌تڵه‌كانى شوشه‌ و فافۆن و گلى سوره‌وه‌كراو بۆ ماست رێگه‌پێدراوه‌ و هیچ گرفتێكى نیه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP