كیم جۆن ئون بە شەمەندەفەرە تایبەتەكەی گەیشتە روسیا

- 4/24/2019 10:32:00 AM 4230 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ چوارشەممە، شەمەندەفەرە تایبەتەكەی كیم جۆن ئون، سەرۆكی كۆریای بكور گەیشتە خاكی روسیا و بریارە سبەی پێنجشەممە گفتوگۆكانی لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆكی روسیا دەستپێبكات.
شەمەندەفەرە گوللە نەبڕەکەی كیم جۆن ئون سنوری روسیای تێپەڕاند

 

دەزگاكانی راگەیاندنی روسیا لە زاری سەرچاوەیەكی ئیدارەی هەرێمی بریمۆرسكی سەر بە رۆژهەڵاتی روسیا رایانگەیاند، "كاتژمێر 4:00ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بەكاتی مۆسكۆ، شەمەندەفەرە گوللە نەبڕەکەی كیم جۆن ئون، سەرۆكی كۆریای باكور سنوری روسیای تێپەڕاند و گەیشتە ئێستگەی هاسان".

لای خۆیەوە ئیدارەی هەرێمی بریمۆرسكی لە پێگەی فەرمی خۆیەوە بڵاویكردوەتەوە، "لەمیانی چاوپێكەوتنێكی كورت لەگەڵ بەڕێوەبەران و نوێنەرانی ئیدارەكەدا، كیم جۆن ئون، سەرۆكی كۆریای باكور رایگەیاندوە دڵخۆشە بە گەیشتنی بە خاكی روسیا".
 ئەم سەردانە یەكەمین هەنگاوە كە بە مەبەستی گەشەپێدانی پەیوەندیەكانی لەگەڵ مۆسكۆ ئەنجامیداوە

 

كیم راشیگەیاندوە، "ئەم سەردانەی بۆ روسیا كۆتا سەردانی نابێت، ئەم سەردانە یەكەمین هەنگاوە كە بە مەبەستی گەشەپێدانی پەیوەندیەكانی لەگەڵ مۆسكۆ ئەنجامیداوە".

دواتر شەمەندەفەركەی كیم بەرەو شاری ڤلادیڤوستوك بەڕێكەوتوە و وا بڕیارە كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ بەكاتی مۆسكۆ بگاتە ئەو شارە.
سبەی پێنجشەممە هەریەك لە كیم جۆن ئون و ڤلادیمێر پۆتین لە دورگەی روسكی سەر بە شاری ڤلادیڤوستوك كۆدەبنەوە

 

ئەو سەردانەی كیم جۆن ئون بە یەكەم سەردانی بۆ وڵاتی روسیا هەژماردەكرێت، و بەپێی میدیاكانی روسیا، سبەی پێنجشەممە هەریەك لە كیم جۆن ئون و ڤلادیمێر پۆتین لە دورگەی روسكی سەر بە شاری ڤلادیڤوستوك كۆدەبنەوە.

ناوەڕۆكی گفتوگۆكانی نێوان کیم جۆن ئون و ڤلادیمێر پۆتین تایبەت دەبێت بە دۆسیەی ئەتۆمی كۆریای باكور و پەیوەندیەكانی نێوان هەردو وڵات.

نیشانەکردن :

#كۆریای باكور #روسیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP