بەپەلە

سەرەڕای سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، نرخی نەوت دابەزینی بەخۆوە بینی

- 4/24/2019 8:48:00 AM 2014 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرەڕای فراوانتركردنی سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران و بڕیاردانی بە سفركردنی رێژەی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە، وەك ئاماژەیەك بۆ هەبونی رێژەی پێویست لەو بەرهەمە لە بازارەكانی جیهان، ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاو دابەزینی بەخۆوە بینی.
لە دوی ئایاری ئەمساڵەوە حكومەتی واشنتن ئەو وڵاتانە نابەخشێت كە نەوت لە ئێران دەكڕن

 

دوای ئەوەی دوشەممەی رابردو 22ی نیسان كۆشكی سپی رایگەیاند، لە دوی ئایاری ئەمساڵەوە حكومەتی واشنتن ئەو وڵاتانە نابەخشێت كە نەوت لە ئێران دەكڕن، نرخی نەوتی خاو لە بازارەكانی جیهاندا بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینی و بەرزترین ئاستی لەماوەی ساڵی رابردودا تۆماركرد، بەڵام دوای تێپەڕبونی دو رۆژ لەو بڕیارە نرخی نەوت دابەزینی بەخۆوە بینی.
 ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 27 سەنت دابەزیوە

 

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت بەرێژەی 27 سەنت و لەسەدا 0.4 دابەزیوە و نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە كردویەتیە 74.24 دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا.

هاوكات نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا بەرێژەی 28 سەنت و لەسەدا 0.4 دابەزیوە و لە كۆتا مامەڵەیدا نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە كردویەتیە 66.02 دۆلار.
دوشەممەی رابردو نەوت بەرزترین ئاستی لەماوەی ساڵی 2019 دا تۆماركرد

 

ئەوە لەكاتێكدایە، دوای راگەیاندنی بڕیارەكەی كۆشكی سپی لەبارەی نەوتی ئێرانەوە، دەستبەجێ نرخی نەوتی خاو بەڕێژەی لەسەدا 2 بەرزبوەوە و دواتریش نەوت بەرزترین ئاستی لەماوەی ساڵی 2019 دا تۆماركرد، بەڵام دواتر وەك ئاماژەیەك بۆ بەردەست بونی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی خاو دابەزی. 
 رێژەی هەناردەركردنی نەوتی ئێران لە مانگی نیساندا بۆ یەك ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزیوە

 

پێش ئەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سزاكانی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، ئێران لە رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت (ئۆپیك)دا، ریزبەندی چوارەمین گەورە وڵاتی وەبەرهێنی نەوتی هەبو، رۆژانە لانیكەم سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، بەڵام بەپێی دوایین زانیاریەكان رێژەی هەناردەركردنی نەوتی ئێران لە مانگی نیساندا بۆ یەك ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزیوە.

نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP