پۆلیس تەقینەوەیەكی لە پایتەخت پوچەڵكردەوە
ژمارەی کوژراوانی زنجیرە تەقینەوەكانی سریلانكا گەیشتە 359 كەس

- 4/24/2019 8:45:00 AM 3067 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پۆلیسی سریلانكا رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە لە نزیك هۆڵی سینەمای ساڤۆی لە پایتەختی ئەو وڵاتە بۆمبێكی چێندراوی دۆزیوەتەوە و دواتر لە جێگەیەكی دور بۆمبەكەیان تەقاندوەتەوە.
ئەمڕۆ هێزەكانی پۆلیس لە كۆڵۆمبۆ-ی پایتەخت بۆمبێكی چێندراویان لەناو ماتۆڕێكدا دۆزیوەتەوە

 

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، دوای ئەو زنجیرە تەقینەوە خوێناویەی یەكشەممەی رابردو 21ی نیسان لە پایتەختی سریلانكا و چەند شارێكی دیكەی ئە وڵاتەدا رویدا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆڵۆمبۆ-ی پایتەخت، هێزەكانی پۆلیس توانیویانە بۆمبێكی چێندراو لەناو ماتۆڕێكدا لە نزیك هۆڵی سینەما "ساڤۆی" كە یەكێكە لە سینەما ناسراوەكانی ئەو وڵاتە بدۆزنەوە و دواتر لە شوێنێكی دور بۆمبەكە بتەقێننەوە.  
لەگەڵ زنجیرە تەقینەوەكاندا ئەو بۆمبە بە مەبەستی تەقاندنەوەی لە هەمان رۆژدا ئامادەكراوە

 

بەپێێ زانیارییەكان، رۆژی یەكشەممەی رابردو 21ی نیسان هاوكات لەگەڵ زنجیرە تەقینەوەكاندا ئەو بۆمبە بە مەبەستی تەقاندنەوەی لە هەمان رۆژدا ئامادەكراوە، بەڵام ئەمڕۆ لە لایەن پۆلیسی سریلانكاوە دۆزراوەتەوە و لە جێگەیەكی دور تەقێندراوەتەوە تا زیان بە كەس نەگەیەنێت.
ژمارەی كوژراوانی تەقینەوەکان بۆ 359 كەس بەرزبوەتەوە

 

هاوكات، سەبارەت بە زنجیرە تەقینەوەكەی یەكشەممەی رابردو كە ژمارەیەك هۆتێل و كەنیسەی بە ئامانج گرتبو پۆلیسی سریلانكا رایگەیاند، ژمارەی كوژراوان بۆ 359 كەس بەرزبوەتەوە و تا ئێستاش دەیان برینداری ئەو روداوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەكاندان.

روان جونسایكەر، وتەبێژی پۆلیسی سریلانكا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، "ژمارەی كوژراوانی زنجیرە تەقینەوەكە گەیشتوەتە 359 كەس".
داعش لە راگەیەندراوێكدا بەرپرسیاریێتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو زنجیرە تەقینەوەیە راگەیاندوە

 

هەر سەبارەت بە تەقینەوەكانی سریلانكا، دوێنێ سێشەممە، رێكخراوی چەكداری داعش لە رێگەی پێگەی فەرمی خۆیەوە لە راگەیەندراوێكدا بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو زنجیرە تەقینەوەیە راگەیاند و ئاماژەی بەوەداوە تەقینەوەكان لەلایەن حەوت ئەندامی رێكخراوەكەدا ئەنجامدراوە، هاوكات وێنە و ڤیدیۆ و ناوی ئەو حەوت ئەندامەی سەر بە رێكخراوەكەی بڵاوكردوەتەوە.
ئەنجامدەرانی تەقینەوەكان سەر بە دو گروپی توندڕەو بون

 

لای خۆیەوە بەرپرسانی سریلانكا، دوێنێ سێشەممە رایانگەیاند، "ئەنجامدەرانیی تەقینەوەكان سەر بە دو گروپی توندڕەو بون و ناوی گروپەكانی بڵاكردوە و ئاماژەی بەوەدا كردەوەكان لە لایەن هەریەك لە (رێكخراوی یەكێتی نیشتیمانی) و (گروپی نەتەوەی ئیبراهیم)ەوە ئەنجامدراون".
زنجیرەیەک تەقینەوەکان سێ کەنیسە و سێ هۆتێلی پایتەختی سریلانکا-ی كردە ئامانج

 

یەکشەممەی رابردو 21ی نیسان، زنجیرەیەک تەقینەوەکان سێ کەنیسە و سێ هۆتێلی پایتەختی سریلانکا-ی كردە ئامانج، هاوکات تەقینەوەکان جگە لە پایتەخت، چەندین شار و شارۆچکەی سریلانكای گرتوەتەوە و بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتەش یەکێک لە تەقینەوەکان کەنیسەی سان ئەنتۆنی لەناوچەی كوتشسیكادی کۆڵۆمبۆ کردوەتە ئامانج.

پاش ئەو زنجیرە تەقینەوانە نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ دو تەقینەوەی دیکە پایتەختی سریلانکای هەژاند و ژمارەی کوژراوەکانی بۆ سەرو 200 کەس بەرزکردەوە و دەیان برینداری دیکەش رەوانەی نەخۆشخانەكانی ناوچەكە كران.

نیشانەکردن :

#سەریلانكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP