بەپەلە

بەربەستی گەورە لەبەردەمان نەماوە
فازل میرانی: بەربەستی بچوك ماون و لەگەڵ یەكێتی دەگەینە رێكەوتن

- 4/23/2019 11:53:00 PM 2304 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی رایدەگەیەنێت، لە 90% کێشەکان چارەسەرکراون و بەربەستی گەورە لەبەردەم پێکهێنانی حکومەت نەماوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش رایدەگەیەنێت، لایەنە سەرەكیەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆ بەرەو رێكەوتنی كۆتایی دەچن. 
سایکۆلۆژیەتی حیزبەکانی کوردستان لەگەڵ پێشبینی خەڵک بڕێک جیاوازی هەیە

 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند"سایکۆلۆژیەتی حیزبەکانی کوردستان لەگەڵ پێشبینی خەڵک بڕێک جیاوازی هەیە، ئێمە وەکو پارتی بێدەنگ بوین، چونکە دوێنێ وەکو جەنابی کاک نێچیرڤان سەرۆکوەزیرانی ئەمڕۆ و سەرۆکی هەرێمی سبەی وتی راستە ئێمە هەڵبژاردنمان کردوە، بەڵام دەرفەت بە هاوبەشەکانمان دەدەین بیربکەنەوە، دواتر بگەنە بڕیارێکی هاوبەش".

ئێمە هاوبەشی یەکدین، پارتی لەسەر ئەوە بێدەنگە، برادەرانی یەکێتیش هەمان بیرکردنەوەیان هەیە

 

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی وتیشی"ئێمە هاوبەشی یەکدین، پارتی لەسەر ئەوە بێدەنگە، برادەرانی یەکێتیش هەمان بیرکردنەوەیان هەیە، ئەوانیش لەناو خۆیاندا بیردەکەنەوە، بە دیدی بەندە لە 90%ـمان بڕیوە، بەربەستی گەورە لەبەر دەمماندا نەماوە، ئەوەی مابێت بەربەستی بچوکن، پێشموایە لەم هەفتەیەدا دەگەینە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی".

لەبەر بەرژەوەندی باڵای كوردستان و بۆ ئەوەی هەمو لایەنەكان هەست بكەن براوەن، پەرلەمانی كوردستان ئامادەیە كاتی زیاتر بداتە لایەنەكان

 

لە لایەكی دیكەوە، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە هۆكاری كۆنەبونەوەی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی سێهەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند"لەبەر بەرژەوەندی باڵای كوردستان و بۆ ئەوەی هەمو لایەنەكان هەست بكەن براوەن، پەرلەمانی كوردستان ئامادەیە كاتی زیاتر بداتە لایەنەكان، بەڵام زۆری پێناچێت و ئێستا هەمو لایەنەكان بەتایبەت لایەنە سەرەكیەكان كە براوەی یەكەم و دوەم و سێهەمن بەرەو رێكەوتنی كۆتایی ئەچن".

هێمن هەورامی وتیشی"پەرلەمانی كوردستان پشتیوانی پرۆسەی یەكڕیزی دەكات، ئەو لایەنانەی داواكاریان هەبوە، پێشنیارەكانیان لە پرۆژە یاسای هەمواری سەرۆكایەتی هەرێم جێگەی كراوەتەوە و پرۆژەكە لای لیژنەی یاساییە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP