سریلانکا پێشوەخت لەئەگەری هێرشە تیرۆرستییەکان ئاگادارکراوەتەوە

- 4/23/2019 6:26:00 PM 3346 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 
پێش زنجیرە تەقینەوەکانی دو رۆژی رابردوی سریلانکا، دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە ئاگادارکراوەتەوە و زانیارییان لەوەها کردەوەیەک هەبوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، پێش ئەنجامدانی زنجیرە تەقینەوەکانی سریلانکا کە داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەبارەیانەوە دەربڕی دەزگای هەواڵگیری ئەو وڵاتە لەلایەن دەزگای هەواڵگری هندستانەوە ئاگادارکراوە و زانیارییان لەبارەی وەها مەترسییەکەوە هەبوە.

سەرلەبەیانی رۆژی یەک شەممەی رابردو زنجیرەیەک تەقینەوەی خوێناوی سێ کەنیسە و چوار هۆتێلی لەپایتەخت و شارەکانی دیکەی سریلانکا کردە ئامانج و بەهۆیانەوە 321 کەس کوژران و نزیکەی 500 کەسی دیکەش برینداربوم.

دواتر لە راگەیەنراوێکدا رێکخراوی تیرۆرستی داعش بەبێ خستنەڕوی بەڵگەی بەشداریکردنیان بەرپرسیارێتی خۆی لەهێرشەکان راگەیاندو وەزیری ناوخۆی سریلانکاش هێرشەکانی سەر وڵاتەکەی بەتۆڵەی هێرشی سەر مزگەوتەکانی سریلانکا لەقەڵەمدا.
دو کاتژمێر بەرلە تەقینەوەکان دەزگای هەواڵگری هندستان زانیاری لەبارەی هێرشی سەر کەنیسەکان داوەتە دەزگای هەواڵگری سریلانکا

بەپێی زانیارییەکان کە لەلایەن بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری سریلانکاو و حکومەتی هندستانەوە جەختی لەسەرکراوەتەوە دو کاتژمێر بەرلە تەقینەوەکان دەزگای هەواڵگری هندستان زانیاری لەبارەی هێرشی سەر کەنیسەکان داوەتە دەزگای هەواڵگری سریلانکا.

سەرچاوەیەکی دیکەی وەزارەتی بەرگری سریلانکا بەرۆیتەرزی راگەیاندوە یەک کاتژمێر پێش ئەنجامدانی یەکەم تەقینەوە هۆشیاری دراوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان.
هەمان مێسجی ئاگادارکردنەوەیان لە رۆژانی 4 و 20 ی ئەم مانگە داوەتە حکومەتی سریلانکا

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لەحکومەتی سریلانکا رایگەیاندوە تەنها شەوی تەقینەوەکان هۆشیارییان لەلایەن دەزگای هەواڵگری هندستانەوە پێدراوە، بەڵام دەزگای هەواڵگری دەڵێت ئەوان هەمان مێسجی ئاگادارکردنەوەیان لە رۆژانی 4 و 20 ی ئەم مانگە داوەتە حکومەتی سریلانکا.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP