سەرۆک بەرهەم ساڵح و پارێزگاری بابل لە کۆشکی سەلام کۆبونەوە

- 4/23/2019 1:53:00 PM 1128 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و کەڕار سەباح عبادی، پارێزگاری بابل و شاندی ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی سەلام کۆبونەوە.

نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆک بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی سەلام له‌ به‌غدا چاوی كه‌وت به‌ کەڕار سەباح عبادی، پارێزگاری بابل و شاندی یاوەری.

له‌ میانی دیداره‌كه‌دا سەرۆک بەرھەم دوپاتی گرنگی بە شوێنەوارە مێژوییەکانی پارێزگای بابل و پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان به‌ هاوڵاتیانی بابل کردەوە، هاوكات پشتیوانی تەواوی خۆی دەربری بۆ ھەوڵەکانی تۆمارکردنی ئاسەواری بابل لە لیستی شوێنەوارەکانی جیھانیدا، بەجۆرێک کە شایستەی پێگەی مێژویی و شارستانی پارێزگاکە بێت.  

سەرۆک بەرھەم جەختی لە خستنەگەڕی تواناکان کردەوە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی خزمەتگوزارییەکان و دژایەتیکردنی گەندەڵی، ھەروەھا داوای یەکخستنی رێزەکانی پێکھاتە سیاسی و ئیدارییەکانی پارێزگاکەی کرد لە پێناو بەرجەستەکردنی برایەتی و بەھێزکردنی بنەمای یەکریزی پێکھاتەی کۆمەڵایەتی شارەكه‌.
  
لەلای خۆیەوە پارێزگاری بابل، باسی لە دۆخی خزمه‌تگوزاری و گرفت و ئاستەنگەکانی پارێزگاکەی بەگشتی بۆ سەرۆک کۆمار کرد.

ھاوکات ھەوڵەکانی سەرۆک کۆماری لە پشتیوانیکردنی کاروباری پارێزگای بابل و تۆمارکردنی لە لیستی ئاسەواری جیھانیدا بەرز نرخاند.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP