بەپەلە

داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکانی سریلانکا راگەیاند

- 4/23/2019 1:45:00 PM 3910 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێكخراوی چەكداری داعش ئەمڕۆ سێشەممە بەرپرسیاریەتی خۆی لە زنجیرە تەقینەوەكەی یەكشەممەی رابردوی سریلانكا راگەیاند، کە بەهۆیانەوە زیاتر لە 300 کەس کوژران.

ئاژانسی (ئەعماق)ی تایبەت بە رێكخراوی داعش ئەمڕۆ سێشەممە رایانگەیاندوە، "زنجیرە تەقینەوەكەی یەكشەممەی رابردو چەكدارانی ئەندام لە رێكخراوەكە ئەنجامیانداوە"، بەڵام هیچ بەڵگەیەك سەبارەت بە دروستی بابەتەكە نەخراوەتەڕو.

تا ئێستاش لێكۆڵینەوەكانی روان ویگیواردین، وەزیری بەرگری سریلانكا بەڵگەی رون و ئاشكرای سەبارەت بە ئەنجامدەرانی تەقینەوەكان دەستنەكەوتوە.

هاوكات روان ویگیواردین، وەزیری حكومەتی سریلانكا بۆ كاروباری بەرگری ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ئەو زنجیرە تەقینەوەیەی یەكشەممەی رابردو 21ی نیسان پایتەختی وڵاتەكە و چەند شارێكی دەروبەری هەژاند و بوە هۆی كوژرانی 327 كەس و دەیانی دیكەش برینداربون، بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە بوە لەو هێرشە چەكداریەی كە لە 15ی مانگی ئازاری ئەمساڵدا كرایە سەر دو مزگەوتی شاری كرایس چێرچ لە نیوزلەندا.

روان لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەیدا ئاماژەی بەوەشكرد، "پێدەچێت بەرپرسانی رێكخراوە ئیسلامیەكان ئەو كارەیان ئەنجامدابێـت".

وتیشی، "بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان وا دەردەكەوێت ئەوەی رویداوە وەڵامدانەوە بو بۆ هێرشە چەكداریەكەی نیوزلەندا كە بەهۆیەوە 50 كەس كوژران و لانیكەم 30 كەسیش برینداربون.

وەزیری حكومەتی سریلانكا بۆ كاروباری بەرگری رونیكردوەتەوە، ئەنجامدەرانی تەقینەوەكە لە "رێكخراوی یەكگرتنی نیشتیمانی و گروپی نەتەوەی ئیبراهیم" بون.

یەکشەممەی رابردو 21ی نیسان، زنجیرەیەک تەقینەوە سێ کەنیسە و سێ هۆتێلی پایتەختی سریلانکا-ی كردە ئامانج، هاوکات تەقینەوەکان جگە لە پایتەخت، چەندین شار و شارۆچکەی سریلانكای گرتوەتەوە و بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتەش یەکێک لە تەقینەوەکان کەنیسەی سان ئەنتۆنی  لەناوچەی كوتشسیكادی کۆڵۆمبۆ کردوەتە ئامانج.

پاش زنجیرە تەقینەوەكەی بەیانی یەكشەممە 21ی نیسان، نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ دو تەقینەوەی دیکە پایتەختی سریلانکای هەژاند و ژمارەی کوژراوەکانی بۆ سەرو 200 کەس بەرزکردەوە و دەیان برینداری دیکەش رەوانەی نەخۆشخانەكانی ناوچەكە كران.

نیشانەکردن :

#سەریلانكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP