هەواڵی ئەمڕۆ

هاوڵاتییەکی سوری بەتۆمەتی تێوەگلان لە تەقینەوەكانی سریلانكا دەستگیرکرا

- 4/23/2019 11:08:00 AM 2880 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پۆلیسی سریلانكا هاوڵاتییەکی سوری بە تۆمەتی تێوەگلان لە زنجیرە تەقینەوەكانی رۆژی یەكشەممەی پایتەختی ئەو وڵاتە دەستگیرکرد و لەئێستاشدا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.

سەرچاوەیەكی حكومی سریلانكا لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، یەكەی لێكۆڵینەوە لە كارە تیرۆریستیەكانی وڵاتەكەی دوای هێرشەكانی یەكشەممەی رابردو، هاوڵاتییەکی سوریان بە تۆمەتی تێوەگلان لە كردەوەكە دەست بەسەركردوە و لەئێستادا لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكەن.

دوو بەرپرسی دیكەی تایبەت بە دۆسیەی لێكۆڵینەوە لە زنجیرە تەقینەوەكە دەستگیركردنی ئەو هاوڵاتییە سوریەیان پشتڕاست كردوەتەوە.
دوای لێكۆڵینەوە و دانپێدانانەكانی گومانلێكراوە ناوخۆییەكان ئەو كەسە سوریە دەستبەسەركراوە

 

سەرچاوەیەكی دیكەش رایگەیاندوە، "دوای لێكۆڵینەوە و دانپێدانانەكانی گومانلێكراوە ناوخۆییەكان ئەو كەسە سوریە دەستبەسەركراوە"، بەڵام هیچ كام لە سەرچاوەكان ناو و شوناسی ئەو هاوڵاتییە سوریەیان بڵاونەكردوەتەوە، كە لە ئێستادا لە لایەن پۆلیسی سریلانكاوە دەستبەسەركراوە.
21ی ئەم مانگە، زنجیرەیەک تەقینەوە سێ کەنیسە و سێ هۆتێلی پایتەختی سریلانکا-ی كردە ئامانج

 

یەکشەممەی رابردو 21ی ئەم مانگە، زنجیرەیەک تەقینەوە سێ کەنیسە و سێ هۆتێلی پایتەختی سریلانکا-ی كردە ئامانج، هاوکات تەقینەوەکان جگە لە پایتەخت، چەندین شار و شارۆچکەی سریلانكای گرتوەتەوە و بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتەش یەکێک لە تەقینەوەکان کەنیسەی سان ئەنتۆنی  لەناوچەی كوتشسیكادی کۆڵۆمبۆ کردوەتە ئامانج.
پاش زنجیرە تەقینەوەكانی سریلانکا نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ دو تەقینەوەی دیکە پایتەختی سریلانکای هەژاند

 

پاش زنجیرە تەقینەوەكانی سریلانکا نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ دو تەقینەوەی دیکە پایتەختی سریلانکای هەژاند و ژمارەی کوژراوەکانی بۆ سەرو 300 کەس بەرزکردەوە و دەیان برینداری دیکەش رەوانەی نەخۆشخانەكانی ناوچەكە كران.

هاوكات بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، گەلی سریلانكا لە سەرتاسەری وڵات بۆ گیانی قوربانیانی زنجیرە تەقینەوەكان كە لەمیانی ئاهەنگگێڕانیان بە (یەكشەممەی ئیستەر) لە سریلانكا گیانیانلەدەستدا و ژمارەیان زیاتر لە 300 كەسی تێپەڕاند، چەند خولەكێك بە بێدەنگی وەستان.

نیشانەکردن :

#سەریلانكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP