بەڤیدیۆ.. شۆفێرێك لەژێر دو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگردا رزگاریدەبێت

- 4/23/2019 10:48:00 AM 7937 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-

لە دیمەنێكی ترسناكدا، دوای ئەوەی شۆفێرێك ئۆتۆمبێلەكەی دەبێت بەژێر دو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەوە و لەو نێوەندەدا گیردەخوات، بەشێوەیەكی زۆر سەیر لە مردن رزگاریدەبێـت.

لە روداوێكی هاتوچۆ لە یەكێك لە شەقامەكانی بەرازیل، ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر بێ ئەوەی ئاماژەكانی دابگیرسێنێت ئاراستەی رۆشتنی دەگۆڕێت و بەوهۆیەوە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكەی دوای خۆی بەتوندی ئیستۆپ دەگرێت و ئۆتۆمبێلێك لە دوایەوە هەمانكار ئەنجامدەدات، بەڵام ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر كە لەدوای ئۆتۆمبێلە بچوكەكەوەیە ناتوانێت كۆنترۆڵی خێراییەكەی بكات.

لە ماوەی چەند چركەیەكدا ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكەی دواوە ئۆتۆمبێلە بچوكەكەی بەردەمی  دەشێلێت و شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا و لەنێوان دو بارهەڵگردا گیردەخوات.

ئەوەی جێی سەرنجە، كاتێك خەڵكی ناوچەكە بە مەبەستی هاوكاریكردنی دەچنە شوێنی روداوەكە و بەشێك لە جامەكانی ئۆتۆمبێلەكە دەشكێنن، شۆفێری ناو ئۆتۆمبێلەكە وەك ئاماژەیەك كە هێشتا لە ژیاندا ماوە دەستی بەرزدەكاتەوە.

دواتر تیمەكانی فریاكەوتنی سەرەتایی گەیشتونەتە شوێنی مەبەست و شۆفێرەكەیان رەوانەی نەخۆشخانە كردوە، پزیشكانی نەخۆشخانەكەش رایانگەیاندوە "شۆفێرەكە تەندروستی باشە و هەندێك برینی هەیە كە مەترسی بۆ سەر ژیانی نیە". 

بەپێی تیمەكانی فریاكەوتن، رزگاربونی ئەو شۆفێرە لە مردن بەوهۆیەوە بوە كە لەكاتی روداوەكەدا كەوتوەتە بەشی خوارەوە لە شوێنی قاچی شۆفێردا و بەگوێرەی شایەتحاڵەكان تەنها ئەو شوێنە لە ئۆتۆمبێلەكەدا بەهۆی روداوەكەوە تێكنەشكاوە.




Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP