ماتەمینی نیشتیمانی راگەیەندرا
ژمارەی كوژراوانی زنجیرە تەقینەوەكانی سریلانكا بەرزتربوەوە

- 4/23/2019 9:40:00 AM 2605 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ژمارەی كوژراوانی زنجیرە تەقینەوەكانی سریلانكا بەرزبوەوە و پۆلیسی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ژمارەی كوژراوەكان گەیشتوەتە 310 كەس، هاوكات بەهۆی ئەو روداوەوە ماتەمینی نیشتمانی لە سریلانكا راگەیەندرا.

پۆلیسی سریلانكا رایگەیاند، لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بەو زنجیرە تەقینەوەیەی لە ژمارەیەك هۆتێل و كەنیسەی سیلانكا یەكشەممەی رابردو 21ی نیسان رویاندا 40 كەسیان دەستبەسەركردوە.
گەلی سریلانكا لە سەرتاسەری وڵات بۆ گیانی قوربانیانی زنجیرە تەقینەوەكان بە بێدەنگی وەستان

 

هاوكات بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، گەلی سریلانكا لە سەرتاسەری وڵات بۆ گیانی قوربانیانی زنجیرە تەقینەوەكان كە لەمیانی ئاهەنگگێڕانیان بە (یەكشەممەی ئیستەر) لە سریلانكا گیانیانلەدەستدا و ژمارەیان زیاتر لە 300 كەسی تێپەڕاند، چەند خولەكێك بە بێدەنگی وەستان.
حكومەتی سریلانكا ئەمڕۆ ماتەمینی نیشتیمانی راگەیاند

 

حكومەتی سریلانكا ئەمڕۆ ماتەمینی نیشتیمانی راگەیاند و تیایدا كاركردنی سەرجەم دام و دەزگا حكومی و میدیاییەكانی هەڵپەسارد و سەرجەم فرشگەكانی مەی دەرگاكانیان داخست، هاوكات سەرجەم كەناڵەكانی تەلەفزیۆن و وێستگەكانی رادیۆ لەو وڵاتە مۆسیقای خەمگین پەخش دەكەن.
 زنجیرەیەک تەقینەوە سێ کەنیسە و سێ هۆتێلی پایتەختی سریلانکا-ی كردە ئامانج

 

یەکشەممەی رابردو 21ی نیسان، زنجیرەیەک تەقینەوە سێ کەنیسە و سێ هۆتێلی پایتەختی سریلانکا-ی كردە ئامانج، هاوکات تەقینەوەکان جگە لە پایتەخت، چەندین شار و شارۆچکەی سریلانكای گرتوەتەوە و بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتەش یەکێک لە تەقینەوەکان کەنیسەی سان ئەنتۆنی لەناوچەی كوتشسیكادی کۆڵۆمبۆ کردوەتە ئامانج.

پاش ئەو زنجیرە تەقینەوانە نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ دو تەقینەوەی دیکە پایتەختی سریلانکای هەژاند و ژمارەی کوژراوەکانی بۆ سەرو 200 کەس بەرزکردەوە و دەیان برینداری دیکەش رەوانەی نەخۆشخانەكانی ناوچەكە كران.

نیشانەکردن :

#سەریلانكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP