نرخی نەوتی خاو گەیشتە بەرزترین ئاست

- 4/23/2019 9:00:00 AM 15683 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، لە دوی ئایاری ئەمساڵەوە حكومەتی واشنتن ئەو وڵاتانە نابەخشێت كە نەوت لە ئێران دەكڕن، نرخی نەوتی خاو لە بازارەكانی جیهاندا بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینی.
چیتر واشنتن مۆڵەت نادات بە هیچ وڵاتێك نەوت لە ئێران بكڕێت

 

كۆشكی سپی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دوێنێ دوشەممە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەو وڵاتە چیتر واشنتن مۆڵەت نادات بە هیچ وڵاتێك نەوت لە ئێران بكڕێت و دوی ئایاری ئەمساڵ دوایین مۆڵەتە بۆ ئەو وڵاتانەی كە لە ئێستادا لە كڕینی نەوتی ئێران بەردەوامن.

دوا بەدوای راگەیەندراوەكەی كۆشكی سپی نرخی نەوتی خاو لە بازارەكانی جیهان بە ڕێژەی لەسەدا 2 بەرزبوەوە و دواتریش رێژەكە بۆ بەرزترین ئاستی لەمساڵدا بەرزبوەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت بەرێژەی لەسەدا 0.5 بەرزبوەتەوە

 

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت بەرێژەی لەسەدا 0.5 بەرزبوەتەوە و نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە كردویەتیە 74.40 دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا، بەوەش لە مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردوەوە تا ئێستا بەرزترین نرخی تۆماركردوە.
لە مانگی ئاب-ی ساڵی رابردوەوە تا ئێستا بەرزترین ئاستی تۆماركردوە

 

هاوكات نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا بەرێژەی لەسەدا 0.5 بەرزبوەتەوە و لە كۆتا مامەڵەیدا نرخی یەك بەرمیل كردویەتیە 65.87 دۆلار و پێش كۆتا مامەڵەی نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە گەیشتوەتە 65.89 دۆلار كە بەو رێژەیە لە مانگی ئاب-ی ساڵی رابردوەوە تا ئێستا بەرزترین ئاستی تۆماركردوە.

پێش ئەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سزاكانی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، ئێران لە رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت (ئۆپیك)دا، ریزبەندی چوارەمین گەورە وڵاتی وەبەرهێنی نەوتی هەبو، رۆژانە لانیكەم سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، بەڵام بەپێی دوایین زانیاریەكان رێژەی هەناردەركردنی نەوتی ئێران لە مانگی نیساندا بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزیوە.

نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP