مەسعود بارزانی و حەلبوسی کۆبونەوە
پێویستە رێگری لەو دەنگانە بكرێت كە دەیانەوێت نێوانی هەرێم و بەغدا تێكبدەن

- 4/22/2019 10:57:00 PM 2530 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی و محەمەد حەلبوسی کۆبونەوە و رایانگەیاند، پێویستە رێگری لەو دەنگانە بكرێت كە بەنیازی تێكدانی ئەو كەشە ئیجابیەن، کە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە، تەئكیدیشیان كردەوە باشبونی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا دەبێتە هۆی سەقامگیریی و بوژانەوە لە هەمو عێراقدا.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 22ی 4ی 2019 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری کۆبونەوە، بارودۆخی سیاسیی عێراق و دواپێشهاتە سیاسییەكان و هەنگاوەكانیان بۆ تەواوكردنی پێكهاتەی حكومەتی تازەی عێراق تاوتوێ کرد.
پێویستە رێگری لەو دەنگانە بكرێت كە بەنیازی تێكدانی ئەو كەشە ئیجابیەن، چونكە باشبونی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا دەبێتە هۆی سەقامگیریی و بوژانەوە لە هەمو عێراقدا

لە بەشێكی دیکەی کۆبونەوەکەدا، رۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دروستبوونی ئەو كەشە ئیجابییەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق هاتوەتە ئاراوە بەرز نرخێندرا، جەختیش لەوەكرایەوە كە پێویستە رێگری لەو دەنگانە بكرێت كە بەنیازی تێكدانی ئەو كەشە ئیجابیەن، چونكە باشبونی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا دەبێتە هۆی سەقامگیریی و بوژانەوە لە هەمو عێراقدا.

هاوکات لە کۆبونەوەکەدا، بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و باروگوزەرانی هاوڵاتیان و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری و سەقامگیری و ئاسودەیی بۆ هاوڵاتیانی پارێزگاکە دوپاتکرایەوە، هاوکات جەختکرایەوە کە پێویستە خەڵك و پێكهاتەكانی پارێزگای نەینەوا بەشداری لە بەڕێوەبردنی ئەو پارێزگایەدا بكەن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP