قوباد تاڵەبانی: بە یەک چاو سەیری هەمو میدیای كوردی دەکەم

- 4/22/2019 9:55:00 PM 5170 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەیادی رۆژنامەگەری كوردیدا جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم پیرۆزبایی لە رۆژنامەنوسان دەكات و رایدەگەیەنێت،"من بە یەک چاو سەیری هەمو میدیای كوردی دەکەم"، ئەمەش لە كاتێكدایە بۆ بەدواداچونی پرسەكانی هاوڵاتیان، لە چەندین ئاست خەندان پەیوەندی كردوە بە قوباد تاڵەبانیەوە، بەڵام تا ئەم ساتە وەڵامی پەیوەندیەكانی نەداوەتەوە.

گرنگە لەبری تەشهیر و ناوزڕاندن و ڕق، پەرە بە كلتوری رەخنەگرتنی بنیاتنەرانەو دڵسۆزی بۆ نیشتمان بدەن

 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی یادی 121 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیەوە، وێڕای پیرۆزبایی لە رۆژنامەنوسان رایگەیاند: "گرنگە لەبری تەشهیر و ناوزڕاندن و ڕق، پەرە بە كلتوری رەخنەگرتنی بنیاتنەرانەو دڵسۆزی بۆ نیشتمان بدەن".

سەرباری داواكاریی پیشەیی بونیش بە ئەرکی خۆمی دەزانم داکۆکیکاری مافەکانی رۆژنامەنووسان بم بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و بێ لایەنەوە

لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاندوە:"من بە یەک چاو سەیری هەموو میدیای كوردی دەکەم و هەمویان بە هی خۆم دەزانم، دەستخۆشیش لەوانە دەكەم بەرەخنەو بەدواداچونی بابەتیانە بەرچاویان ڕون كردوینەتەوە، سەرباری داواكاریی پیشەیی بونیش بە ئەرکی خۆمی دەزانم داکۆکیکاری مافەکانی رۆژنامەنووسان بم بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و بێ لایەنەوە".

بەپیشەیی بون و وردی لە رۆژنامەنوسان و چاودێری و داكۆكی لە ئێمەوە، دەكرێت هۆكاربین بۆ كەمكردنەوەو بگرە بنەبڕكردنی كەموكوڕیی و پێشێلكارییەكان

 

لە كۆتایی پەیامەكەشیدا قوباد تاڵەبانی دەڵێت:" خۆشحاڵم لەم ساڵانەی دواییدا میدیای کوردی پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا ماومانە بگەینە ئەو ئاستەی کە هیوامانە، بەپیشەیی بون و وردی لە رۆژنامەنوسان و چاودێری و داكۆكی لە ئێمەوە، دەكرێت هۆكاربین بۆ كەمكردنەوەو بگرە بنەبڕكردنی كەموكوڕیی و پێشێلكارییەكان".

قوباد تاڵەبانی وەڵامی پەیوەندیەكانی خەندانی نەداوەتەوە

 

بڵاوكردنەوەی ئەم پەیامەی قوباد تاڵەبانی لەكاتێكدایە كە ناوبراو خۆی بەشێوەیەكی كردەیی بەیەك چاو سەیری دەزگاكانی راگەیاندن ناكات، دەزگای میدیایی خەندان لەماوەكانی رابردودا بۆ بەدواداچونی پرسەكانی هاوڵاتیان، لە چەندین ئاست و بەڕێگا جیاوازەکانی پەیوەندیکرنەوە پەیوەندی كردوە بە قوباد تاڵەبانیەوە، بەڵام تا ئەم ساتە بۆ یەک جاریش بێت وەڵامی پەیوەندیەكانی نەداوەتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP