"کەمپین بۆ فشار ھێنانە سەر دادگا رەوایە لە ڕوی یاساییەوە"
حاکم شێخ لەتیف: سزای لە سێدارەدان لە سلێمانی بە نایاسایی راگیراوە و کاری پێ ناکرێت

- 4/22/2019 9:15:00 PM 5841 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پسپۆڕێكی یاسا و ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق و یەكێك لە ئەندامانی نوسینەوەی رەشنوسی دەستوری عێراق رایگەیاند، وەک ھەردو دەسەڵاتەکەی تر، رەوایە فشاری مەدەنی بکرێتە سەر دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان، بۆ ئەوەی یاسا وەک خۆی جێبەجێبکەن بەتایبەتی لە دۆسیانەی کە ڕایگشتی دەھەژێنن و دەشڵێت:" سزای لە سێدارەدان لە سلێمانی بە نایاسایی راگیراوە و کاری پێ ناکرێت".

رەوایە خەڵک داوا بکەن سزای لە سێدارەدان جێبەجێبکرێت، بەڵام دەبێت دادگا بە گوێرەی تاوانی کەسەکە سزا بسەپێنێ کە شایستەیەتی، نەک بکەوێتە ژێر فشارەوە

 

حاکم لەتیف شێخ مستەفا، سەرۆکی پێشوی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسینێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت: "ڕەوایە خەڵک داوابکەن یان فشار بکەن، بۆئەوەی لە تاوانێکی دیاریکراو سزای لە سێدارەدان بەسەر تاوانباراندا بسەپێنێ، بەڵام نابێ دادگا بکەوێتە ژێر ئەوفشارەوە و بۆ ڕازیکردنی خەڵک سزاکە بسەپێنێ، بەڵکو دەبێ بەگوێرەی جۆری تاوانەکە و مەترسی تاوانباران ھەریەکەیان بەجیا سزایان بەسەردا بسەپێنێ بەوشێوەیەی ھەریەکەیان شایستەیەتی".

سەرۆکی پێشوی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی نوسیویەتی: ھەروەکو چۆن خەڵک بۆی ھەیە فشار بکاتە سەردادگا، بۆئەوەی یاسا وەک خۆی بسەپێنێ و ملکەچی واسیتە و فشاری تۆمەتباران و کەسوکاریان و ئەوانەی لە پشتیانە نەبێت، بەھەمان شێوەش نابێت دادگا بکەوێتە ژێر فشاری جەماوەر و بۆ ڕازیکردنی خەڵک سزایەک بسەپێنێ زیاتر بێت لەوەی کە تۆمەتبار شایستەیەتی".

سزای لە سێدارەدان جا لەگەڵی بین یان دژی لە ڕوی یاساییەوە لە کوردستان و لە عێراقیش کارپێکراوە، بەڵام تەنھا لە سلێمانی بە شێوەیەکی نایاسایی راگیراوە و کاری پێناکرێت

ئەو پسپۆڕەی بواری یاسا رونیشیکردوەتەوە: "ھەر دۆسیەیەک و ھەر تۆمەتبارێک جیاوازە لەوی دی، دادگا دەبێ بەگوێرەی بەڵگەکان و مەترسی تۆمەتباران و بونی ھۆکاری سوککەری سزاو قورسکەری سزا بڕیار دژی ھەر تۆمەتبارێک بدات".

حاکم لەتیف شێخ مستەفا ئاماژەی بەوەشکردوە:" سزای لە سێدارەدانیش جا لەگەڵی بین یان دژی لە ڕوی یاساییەوە لە کوردستان و لە عێراقیش کارپێکراوە، بەڵام تەنھا لە سلێمانی بە شێوەیەکی نایاسایی راگیراوە و کاری پێناکرێت."



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP