بەپەلە

ئەنجومەنی باڵا و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا: سورین لەسەر هەڵوێستەکانمان
سەرچاوەیەکی نزیک لە شاسوار عەبدولواحید: لەگەڵ ئاڕاستەی ناڕازی نەوەی نوێ گەیشتوینەتە رێککەوتن

- 4/22/2019 1:29:00 PM 105575 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوەیەکی نزیک لە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لەگەڵ ئاڕاستەی ناڕازی نەوەی نوێ گەیشتونەتە رێککەوتن، بەڵام ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "سورین لەسەر هەڵوێستەکانمان و هیچ رێککەوتنێکمان ئەنجامنەداوە".

شەوی رابردو ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندروێکیان لەبارەی دۆخی جوڵانەوەکە بڵاوکردەوەو رایانگەیاند، "نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەکی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێکی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، کە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەکانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە".
بەیاننامەکەی ئەنجومەنی باڵاو فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاندنی سەرەتای جیابونەوەیەکی سیاسی ناو ئەو جوڵانەوەیە بو

 

خەندان لە زاری سەرچاوەیەکی تایبەت و ئاگادار لە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ زانیویەتی، "وێڕای ئەوەی کە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی باڵاو فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاندنی سەرەتای جیابونەوەیەکی سیاسی ناو ئەو جوڵانەوەیە بو، بەڵام شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی ئەو جوڵانەوەیە لەگەڵ ئاڕاستەی ناڕازی گەیشتوەتە ڕێکەوتنێکی نوێ".
شاسوار عەبدولواحید و ئاڕاستەی ناڕازی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر شێوازێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی نەوەی نوێ ڕێککەوتون

 

زانیاریە تایبەتەکانی خەندان ئاماژە بەوە دەکەن، "شاسوار عەبدولواحید و ئاڕاستەی ناڕازی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر شێوازێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی نەوەی نوێ ڕێککەوتون".
لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکە نەگەیشتوینەتە هیچ رێککەوتنێک

 

لەلایەکی ترەوە سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بەخەندان-ی راگەیاند، "لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکە نەگەیشتوینەتە هیچ رێککەوتنێک و لەسەر هەڵوێستەکانی خۆیمان سورین".

جەختیشیکردەوە، "هیچ جۆرە دانیشتنێک و نزیکبونەوەیەک لە نێوانمان روینەداوە و سورین لەسەر هەڵوێستەکانمان کە لە بەیاننامەکەدا رامانگەیاندوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP