خەندان دوایین زانیاری لەبارەی دۆسیەی سێوان قادر بڵاودەکاتەوە

- 4/22/2019 1:15:00 PM 83432 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وته‌بێژى دادگاى سلێمانى زانیاری نوێ لەبارەی دۆسیەی سێوان قادر بۆ خەندان ئاشکرادەکات و رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ دادگای سلێمانی بڕیارێکی لەبارەی دۆسیەی سێوان-ەوە بە دو بڕگە دەرکردوە.

16ى مانگی 12ی ساڵی رابردو سێوان قادر و سێ منداڵی له‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ به‌هۆى ئاگركه‌وتنه‌وه‌وە سوتان و هەمان رۆژ سێ منداڵەکەی گیانیان لەدەستدا، هاوکات دوای هەشت رۆژ مانەوەی سێوان قادر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
تۆمەتباری سەرەکی بەپێی ماددەی 406 هەواڵەی دادگای تایبەتمەند کراوە

 

عومه‌ر ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى دادگاى سلێمانى ئەمڕۆ دوشەممە بە خەندان-ی راگەیاند، "ئەمڕۆ دادگای سلێمانی بڕیارێکی بە دو بڕگە دەرکردوە، بڕگەی یەکەم بڕیاریداوە بە هەواڵەکردنی تۆمەتباری سەرەکی دۆسیەکە (د.م،م) کە مێردی سێوان بوە بەپێی ماددەی 406 هەواڵەی دادگای تایبەتمەند کراوە بۆ دادگاییکردن". 

دادگا بڕیاریداوە تۆمەتباری دوەمی دۆسیەکە ئیفراج بکات

 
رونیشیکردەوە، "لە بڕگەی دوەمی بڕیارەکەدا، دادگا بڕیاردراوە تۆمەتباری دوەمی دۆسیەکە ئیفراج بکات، کە ژنێکە و ناوی (س،م،ا) کە تۆمەتبار کراوە بەوەی پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتباری یەکەم هەبوە".

ئەگەر بەهۆی رای گشتییەوە نەبوایە پێدەچو زوتر تۆمەتباری دوەم ئیفراج بکرایە

 

وته‌بێژى دادگاى سلێمانى وتیشی، "دۆسیەکە ئامادەیە بۆ حەواڵەکردن بۆ محاکەمە، ئەگەر بەهۆی رای گشتیەوە نەبوایە پێدەچو زوتر تۆمەتباری دوەم ئیفراج بکرایە، بەڵام دادگا هێشتویەتیەوە تاوەکو کۆتا خولەک، چونکە حاکم ناتوانێت ئەگەر کەسێک بەڵگەی ئیحالەکردنی نەبێت ئیحالەی بکات چونکە دادگای تاوان بڕیارەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە، بۆیە ناچار ئەویان ئیفراج کردوە، چونکە هیچ بەڵگەیەک نەبوە لەسەر ئەوەی ئەو ئافرەتە پەیوەندی هەبوبێت لەگەڵ مێردی سێوان و ئەوە وایکردبێت ژنەکەی سوتاندبێت، بەڵام تاوانباری یەکەم کە مێردی سێوانە هێڵدراوەتەوە، دواتر دادگای تاوان بڕیاردەدات".

سێوان قادری تەمەن 23 ساڵ، منداڵەکانی دوو کچ و کوڕێک بون و تەمەنیان پێنج ساڵ و  دوو ساڵ و یەک ساڵ و نیو بون، هەمان شەوی ئاگرکەوتنەوەکە منداڵەکانی سێوان گیانیان له‌ده‌ستدا، خۆشی لەسەدا 90ی جەستەی سوتا، پاش مانه‌وه‌ى بۆ ماوەی هه‌شت رۆژ سێوان گیانی لەدەستدا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP