ئەمریكا لەبارەی دوبارەبونەوەی هێرشەكان هۆشداری دەدات
ژمارەی قوربانیانی زنجیرە تەقینەوەكانی سریلانكا لە بەرزبونەوەدایە

- 4/22/2019 10:44:00 AM 2548 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ژمارەی كوژراو و بریندارانی زنجیرە تەقینەوەكانی دوێنێ كە لە سریلانكا رویاندا لە بەرزبونەوەدایە، بەپێی دوایین ئامار تا ئێستا 290 كەس كوژراون و نزیكەی 500 كەسی دیكەش برینداربون.

پۆلیسی سریلانكا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو زنجیرە تەقینەوانە كە دوێنێ یەكشەممە ژمارەیەك كەنیسە و هۆتێلی كۆڵۆمبۆ-ی پایتەختی ئەو وڵاتە و شارەكانی چواردەوری كردە ئامانج، 290 كەس كوژراون و 500 كەسی دیكە رینداربون.
یەكینەكانی سوپا و ئاسایشی ئەو وڵاتە لە پایەتەخت و ژماریەك شاری سریلانكا بڵاوكراونەتەوە

 

وتەبێژی سەربازی ئەو وڵاتەش رایگەیاند، یەكینەكانی سوپا و ئاسایشی ئەو وڵاتە لە پایەتەخت و ژماریەك شاری سریلانكا بڵاوكراونەتەوە و لە فڕۆكەخانی نێودەوڵەتی كۆڵۆمبۆ پشكنین و بەدواداچون بۆ پاراستنی ئاسایش ئەنجامدەدرێت.

هاوكات ئەكیلا فیراج كاریاواسام، وەزیری پەروەردەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، سەرجەم خوێندنگاكانی سریلانكا لە رۆژەكانی دوشەممە و سێشەممەدا دادەخرێن و خوێندن تێیاندا ئەنجامنادرێت.
ئەگەری ئەوە هەیە تیرۆرستان پێش ئاگاداركردنەوە و لەناكاو هێرشەكان دوبارەبكەنەوە

 

لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی دوبارەبونەوەی هێرشەكانی سریلانكا هۆشداریدا و ئاماژەی بەوەکرد، "ئەگەری ئەوە هەیە تیرۆرستان پێش ئاگاداركردنەوە و لەناكاو هێرشەكان دوبارەبكەنەوە".

رونیشی دەکاتەوە، "پێدەچێت هێرشەكان ناوچە گەشتیاریەكان و ئێستگەكانی هاتوچۆ و گواستنەوە و ناوەندە بازرگانیەكان و هۆتێل و پەرستگاكان و شوێنە گشتیەكان بكاتە ئامانج".
بەیانی دوێنێ یەکشەممە، زنجیرەیەک تەقینەوە سێ کەنیسە و سێ هۆتێلی پایتەختی سریلانکا-ی كردە ئامانج

 

بەیانی دوێنێ یەکشەممە، زنجیرەیەک تەقینەوە سێ کەنیسە و سێ هۆتێلی پایتەختی سریلانکا-ی كردە ئامانج، هاوکات تەقینەوەکان جگە لە پایتەخت، چەندین شار و شارۆچکەی سریلانكای گرتوەتەوە و بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتەش یەکێک لە تەقینەوەکان کەنیسەی سان ئەنتۆنی  لەناوچەی كوتشسیكادی کۆڵۆمبۆ کردوەتە ئامانج.

پاش زنجیرە تەقینەوەكەی بەیانی دوێنێ یەكشەممە، نیوەڕۆی دوێنێ دو تەقینەوەی دیکە پایتەختی سریلانکای هەژاند و ژمارەی کوژراوەکانی بۆ سەرو 200 کەس بەرزکردەوە و دەیان برینداری دیکەش رەوانەی نەخۆشخانەكانی ناوچەكە كران.

نیشانەکردن :

#سەریلانكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP