بەشیر لە خواردن و وەرگرتنی دەرمان مانیگرتوە
ئەلبورهان: ئامادەین سبەینێ دەسەڵاتی سودان رادەستبكەین

- 4/21/2019 7:58:00 PM 4040 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەری سودان رایگەیاند، ئەگەر هێزە سیاسیەكانی وڵات لەسەر حكومەتێك رێكبكەون "ئەنجومەنەكەی ئامادەیە لە سبەینێوە دەسەڵاتی حكومڕانی رادەست بكات".

ئەگەر هێزە سیاسیەكان رێكبكەون لەوانەیە سبەینێ حكومەت رادەستبكەین


ئەمڕۆ یەكشەممە، فەریق روکن عەبدول فەتاح بورهان، سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر لە لێدوانێكیدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی سودانی رایگەیاند:"لای ئەوان هەڵبژاردەی گونجاو بۆ دۆخی راگوزەری سودان، رادەستكردنی دەسەڵاتە لە ماوەی دو ساڵدا" ئاماژەی بەوەشكرد "ئەگەر هێزە سیاسیەكان لە نێوان خۆیاندا رێككەوتن و حكومەتێكیان پێشنیاركرد، لەوانەیە سبەینێ جڵەوی حكومڕانی رادەستی ئەو حكومەتە بكەین".

ئەنجومەنی سەربازی چاوی لە دەسەڵات نیە


لە درێژەی وتەكانیدا ئەلبورهان وتی:"هەروەك چۆن پێشوتر رامانگەیاندوە، ئەنجومەنەكە چاوی لە دەسەڵات نیە و هەوڵدەدەین ماوەی راگوزەری بە سەرپەرشتی حكومەتێكی تەكنۆكراتی بەرێوەبچێت تا دۆخەكە بۆ هەمولایەك گونجاوبێت"، ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ دەستپێكردنی قۆناغی راگوزەری ئەو وڵاتە رێككەوتنی سیاسی گرنگە.

بەشیر توشی جەلتەی دڵ بوە 


لە لایەكی دیكەوە، سەرچاوەیەكی تەندروستی سودان ئاشكرایكردوە، لەماوەی چەند رۆژی رابردودا عومەر بەشیر، سەرۆكی لەكارلابراوی سودان توشی جەلتەی دڵ هاتوە  و لە یەكێك لە نەخۆشخانەكاندا چارەسەری وەرگرتوە.

دۆخی دەرونی ناجێگیرە و نانخواردن و وەرگرتنی دەرمان رەتدەكاتەوە


یەكێك لەو كەسانەی بەرپرسی دۆخی تەندروستی بەشیر-ە رایگەیاندوە، عومەر بەشیر لە ئێستادا تەندروستی جێگیرە بەڵام دۆخی دەرونی بە بەردەوامی لە خراپیدایە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردوە "ماوەی چەند رۆژێكە بەشیر نانخواردن و وەرگرتنی دەرمان رەتدەكاتەوە و ناچار بە زۆر و لەرێگەی دانانی بۆری خۆراكەوە خواردن و دەرمانی پێدەدرێت".


نیشانەکردن :

#سودان #خۆپیشاندان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP