كێكی دەسەڵات بەشكرا
كوردستان لە چاوەڕوانی سەعاتی سفری راگەیاندنی رێكەوتنی لایەنە سەرەكیەكاندایە

- 4/21/2019 7:41:00 PM 24936 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەرچەندە كێكی دەسەڵات بەشكراوە و یەكێتی و پارتی و گۆڕان گەیشتونەتە رێكەوتنی كۆتایی و تەنانەت هەرسێ حزبەكە بەگوێرەی بەركەوتەكانیان تیمەكانی خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستەكان بەشێوەیەكی گشتی لێ دیارە، بەڵام هێشتا كاتی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان نادیارە هاوڵاتیان لە چاوەڕوانی سەعاتی سفری راگەیاندنی رێكەوتنی لایەنە سەرەكیەكاندان و پەرلەمانتارێكیش رایدەگەیەنێت، پەرلەمان چاوەڕێی رێكەوتنی لایەنەكانە، دەشڵێت نامانەوێت 23 یەكی حوزەیرانی دیكە دروست ببێتەوە.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایدەگەیەنێت هیچ كێشەیەكیان نەماوە لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ پارتی گەیشتونەتە رێكەوتنی كۆتایی، بەگوێرەی زانیاریەكانی خەندانیش لەناو تیمی كاندیدەكانی یەكێتی كە بۆ وەرگرتنی پۆست لە دامەزراوە باڵاكانی هەرێم لە كێبڕكێدان تا ئێستا هیچ دەموچاوێكی تازەی تێدا نیە.
لەسەر هەمو پۆستەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت، ئەوەی پەیوەندی بە یەكێتیەوە هەبێت رێكەوتنی كۆتایی لەگەڵ پارتی كراوە

 

سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند:"لەسەر هەمو پۆستەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت، ئەوەی پەیوەندی بە یەكێتیەوە هەبێت رێكەوتنی كۆتایی لەگەڵ پارتی كراوە".

پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی (9) نۆ بۆ یەكێتی گفتوگۆی تێدا نەماوە

 

سەعدی پیرە راشیگەیاند: پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی (9) نۆ بۆ یەكێتی گفتوگۆی تێدا نەماوە و رێكەوتنی كۆتایی كراوە، پارتی ئەو بابەتەی بۆ دواخستوە من لەوە تێناگەم و دەكرێت لە پارتی بپرسن، بەڵام دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان كەی ئەنجام دەدرێت ئەوە لایەنەكانی دیكە دەزانن و یەكێتی گرفتی نەماوە".

وتیشی:"دەبێت زو دانیشتنی پەرلەمان بكرێت، خۆ ناكرێت چەند مانگێكی دیكە دوابخرێت، جاران مشتومڕ لەسەر ئەوە بو كە لایەنەكان رێكناكەون، ئەوەتا ئێستا ئێمە رێكەوتوین فەرمون با دانیشتنی پەرلەمان بكرێت".

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دەزگای میدیای خەندان كەوتون، لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان جگە لە هەریەك لە قوباد تاڵەبانی و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق، ژمارەیەك بەرپرسی باڵای دیكەی ئەو حزبە خۆیان كاندیدكردوە بۆ وەرگرتنی پۆست لە دامەزراوە باڵاكانی هەرێمی كوردستان.

لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان شەش ئەندامی مەكتەبی سیاسی و پێنج ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی لەململانێدان بۆ وەرگرتنی پۆست

 

هەر بەپێی زانیارییەكانی خەندان، لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان  شەش ئەندامی مەكتەبی سیاسی و پێنج ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی لەململانێدان بۆ وەرگرتنی پۆست لە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كورستان و دامەزراوەی ئەنجومەنی ئاسایش، هەرچەندە خەندان ناوی ئەو بەرپرسانەی یەكێتی لایە.

ئەو كەسانەی لەناو یەكێتی خۆیان كاندیدكردوە سەرجەمیان ئەوانەن كە پێشتر پلە و پۆستیان هەبوە لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتیدا
خەندان ئەوەشی زانیوە كە ئەو كەسانەی لەناو یەكێتی خۆیان كاندیدكردوە سەرجەمیان ئەوانەن كە پێشتر پلە و پۆستیان هەبوە لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتیدا، هەر بەپێی زانیاریەكان تائێستا ئەو دەموچاوە تازانەی خۆیان كاندیدكردوە كەمترین چانسیان هەیە بۆ وەرگرتنی پشك و بەركەوتەكانی یەكێتی لەو دامەزراوانەدا.
لەبارەی ئەوەی بۆچی لەناو كاندیدەكانی یەكێتی هیچ دەموچاوێكی تازە خۆی كاندید نەكردوە بۆ وەرگرتنی پۆست لە دامەزراوە باڵاكانی هەرێمی كوردستان، سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، وێڕای ئەوەی بە تەنزەوە وتی جا دەموچاوی تازەتان بۆچیە، راشیگەیاند: من ئاگاداری ئەو كەسانە نیم كە خۆیان كاندید كردوە بۆ وەرگرتنی پۆستەكان".
پارتی ئامادە نیە زانیاری بدات بە رۆژنامەنوسان بە بیانوی رێكەوتنی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان

 

پارتی ئامادە نیە زانیاری بدات بە رۆژنامەنوسان بە بیانوی رێكەوتنی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان، بەڵام خەندان زانیویەتی كە پارتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم 90٪ی تیمی پێكهێنانی حكومەتی دەگۆڕێت و ئەو كەسانە كاندید ناكاتەوە كە لەكابینەی هەشت پۆستیان هەبوە. 

كەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری پارتی بە خەندان-ی راگەیاند:" ئێمە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان رێكەوتوین بۆ ئەوەی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم هیچ لێدوانێك بۆ رۆژنامەنوسان نەدەین تا ئەو كاتەی تەواو دەبێت".

پارتی لە 90٪ ی دەموچاوەكانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەت دەگۆڕێت، نێچیرڤان بارزانی نیازیەتی لە دەرەوەی پارتی تیمێكی پسپۆڕ و شارەزا لەهەموو پێكهاتە و حزبەكان لەگەڵ خۆی بباتە سەرۆكایەتی هەرێم

 

هەر بەپێی بەدواداچونەكانی خەندان و بەپشت بەستن بەو زانیاریانەی دەستی كەوتوە، لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا گۆڕانكاری گەورە رودەدات لە وەرگرتنی پۆستەكان لە كابینەی هەشت بۆ كابینەی نۆ بە جۆرێك، بەپێی زانیاریەكان پارتی لە 90٪ ی دەموچاوەكانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەت دەگۆڕێت، خەندان ئەوەشی زانیوە كە نێچیرڤان بارزانی نیازیەتی لە دەرەوەی پارتی تیمێكی پسپۆڕ و شارەزا لەهەموو پێكهاتە و حزبەكان لەگەڵ خۆی بباتە سەرۆكایەتی هەرێم، كە ئەمەش جۆرێك لە ململانێی لەناو پارتیدا دروست كردوە، بەتایبەت لەسەر پڕكردنەوەی شوێنی فوئاد حوسێن كە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە.

سەرۆكی داهاتوی هەرێم دەیەوێت لەرێگەی بردنی تیمێكی گشتگیر لە پێكهاتە جیاوازەكان و حزبەكانی هەرێمی كوردستان، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بكاتە دامەزراوەیەكی نیشتیمانی

 

هەر بەپێی زانیاریەكانی كەسێكی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی كەتایبەت بۆ خەندان قسەی كردوە، سەرۆكی داهاتوی هەرێم دەیەوێت لەرێگەی بردنی تیمێكی گشتگیر لە پێكهاتە جیاوازەكان و حزبەكانی هەرێمی كوردستان، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بكاتە دامەزراوەیەكی نیشتیمانی.

كەمال كەركوكی لەبارەی گۆڕینی 90٪ ی تیمی پارتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم وتی:"لەم قۆناغەدا لەبارەی پێكهێنانی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم و ئەو گۆڕانكاریانەی رودەدەن هیچ زانیارییەك نادەین، پەرلەمانیش كارەكانی خۆی دەكات و هەمو شتێك باش دەبێت".

ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و بەرپرسە كۆنەكانی بەرەی ریفۆرمی ناو یەكێتی كە ئێستا لەناو ئەو بزوتنەوەیەدان و ئەو كەسانەی پێشتر بەرپرسیارێتیان هەبوە  چانسیان هەیە بۆ ئەوەی ببنە تیمی گۆڕان

 

هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و بەرپرسە كۆنەكانی بەرەی ریفۆرمی ناو یەكێتی كە ئێستا لەناو ئەو بزوتنەوەیەدان و ئەو كەسانەی پێشتر بەرپرسیارێتیان هەبوە چ لەناو حكومەت و پەرلەمان هەر ئەو كەسانەن كە ناویان دەهێنرێت و چانسیان هەیە بۆ ئەوەی ببنە تیمی گۆڕان لە دامەزراوە باڵاكانی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت و ئەنجومەنی ئاسایش.

پەرلەمانی كوردستان دەڵێت چاوەڕوانی رێكەوتنی لایەنە سیاسییەكان دەكەن بۆ ئەوەی دانیشتنی سێیەم بۆ پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن ئەمەش پێچەوانەی قسەی سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیە

 

پەرلەمانی كوردستان دەڵێت چاوەڕوانی رێكەوتنی لایەنە سیاسییەكان دەكەن بۆ ئەوەی دانیشتنی سێیەم بۆ پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن ئەمەش پێچەوانەی قسەی سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیە كە رایگەیاند یەكێتی و پارتی گەیشتونەتە رێكەوتنی كۆتایی.

هێڤیدار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە خەندان-ی راگەیاند:"پێموایە كە لەنزیكترین كاتدا ئەم حزبانە رێكدەكەون، بەڵام هەركاتێك رێكبكەون ئێمە لە پەرلەمان ئامادەین و پەرلەمان چاوەڕێی رێكەوتنی حزبەكان دەكات".

ئێمە لە پەرلەمان هیچ كاتێك كۆنابینەوە بۆ ئەوەی نێوانی حزبەكان تێك بدەین، قەت 23 ی حوزەیران دوبارە ناكەینەوە

 

هێڤیدار ئەحمەد وتیشی:"ئێمە لە پەرلەمان هیچ كاتێك كۆنابینەوە بۆ ئەوەی نێوانی حزبەكان تێك بدەین، ئێمە قەت 23 ی حوزەیران دوبارە ناكەینەوە، بێین كۆببینەوە و ئەزمە لە هەرێم دروست بكەین، قەت وەكو 19 ی ئابی 2015 ش ناكەین بۆ ئەوەی كۆببینە كێشە لەم وڵاتە دروست بكەین، بەڵكو كۆدەبینەوە بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵك بكەین، پەرلەمان بۆ بەرژەوەندی حزب و خەڵكی كوردستان دروست بوە، بۆ ئەوەی ئومێد بگەڕێنێتەوە لەنێوان حزبەكان و خەڵكی كوردستان".

لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمو لایەنەكان مافی خۆیانە داواكاریان هەبێت

 

هێڤیدار ئەحمەد وتیشی:"لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمو لایەنەكان مافی خۆیانە داواكاریان هەبێت، چونكە ئەمە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، ئەوەندەی ئێمە زانیاریمان هەیە گرفتەكان خەریكە كۆتاییان دێت و كە تەواو بو دوای 28 كاتژمێر ئێمە كۆدەبینەوە، داوا لە پەرلەمان كراوە كە لەم پرسەدا یارمەتی حزبەكان بكەین"

خەندان ئەوەشی زانیوە كە دوای ئەوەی پارتی و یەكێتی و گۆڕان گەیشتنە رێكەوتنی كۆتایی بۆ زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پێدانی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری ئاسایش و پێشمەرگە بە یەكێتی، لەئێستادا پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان تەنها سەعاتی سفری راگەیاندنی ماوە.

پارتی وەكو براوەی یەكەم لە ئامادەكاریدایە بۆ ئەوەی لەماوەی دوو هەفتەی داهاتودا لە پەرلەمانی كوردستان یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواربكاتەوە

 

بەپێی زانیاریەكانی خەندان، پارتی وەكو براوەی یەكەم لە ئامادەكاریدایە بۆ ئەوەی لەماوەی دوو هەفتەی داهاتودا لە پەرلەمانی كوردستان یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواربكاتەوە و دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا، راستەوخۆ بە ئامادەبونی بەرپرسانی باڵای عێراق و باڵیۆزی وڵاتان و نوێنەری سەرۆكی وڵاتانی ناوچەكە، سەرۆكی هەرێم، مەسرور بارزانی بەربژێری پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت رابسپێرێت، كە بەپێی یاساش بەربژێرەكەی پارتی ماوەی مانگێكی لەبەردەستدایە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP