کەشناسی هەرێمی کوردستان لەبارەی بارینی باران لە هاویندا رونکردنەوە دەدات

- 4/21/2019 10:39:00 AM 126116 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رەتیدەکاتەوە بارانبارین لە وەرزی هاویندا بەردەوام بێت و رایگەیاند، هیچ دەزگایەکی کەشناسی لە جیهاندا ناتوانێت پێشبینی کەشوهەوا بکات بۆ ماوەی دو مانگ.

بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باس لە بەردەوامبونی شەپۆلی بارانبارین دەکەن لە وەرزی هاویندا و دەڵێن، بارانبارین لەو وەرزەشدا بەردەوام دەبێت، بەڵام کەشناسی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە.

ئەژی چەتۆ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کورستان بە خەندان-ی راگەیاند، "هیچ دەزگایەکی کەشناسی لە جیهاندا ناتوانێت پێشبینی کەشوهەوا بکات بۆ ماوەی دو مانگ و بارانبارین لە وەرزی هاویندا، لە روی زانستیەوە هیچ بنەمایەکی نییە".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان لە سێ لاوە بە ناوچەیەکی نیمچە بیابانی دەورە دراوە، لە کوردستانیش کۆتا کاتی بارانبارین تا ناوەڕاستی مانگی پێنج دەبێت.

ئەژی چەتۆ رونیدەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی کە وەرزی بەهارە و کەشوهەوا بە خێرایی گۆڕانی بەسەردا دێت، بۆیە ناتوانرێت پێشبینی بۆ دو رۆژ زیاتر بکرێت، کەشوهەوای رەمەزانی ئەمساڵیش بەپێی کاتەکەی و کەشوهەوای ساڵانی رابردو کە تا ئێستاش بارانباریوە کەشوهەوایەکی فێنک دەبێت.

لەمساڵدا چەند شەپۆلێکی بارانبارین روی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و ئاستی ئاوی روبار و دەریاچەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەوە، دەریاچەی دوکان و دەربەندیخان زیانی بە کابینە گەشتیاریەکان و خانو و کێڵگە کشتوکاڵیەکانی هاوڵاتیان گەیاند.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP