کۆسرەت رەسوڵ: یەکێتی پێداگری لە شەراکەتی راستەقینە دەکات

- 4/20/2019 8:44:00 PM 1880 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی رایگەیاند، لەسەرەتای گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم پێداگری جدیان كردوە لەسەر شەراكەتی ڕاستەقینەی نێوان لایەنەكان و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بەهاوڵاتیان.

پێویستە پەرە بەپەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بدرێت و هەماهەنگی و هاوكاری زیاتر لە نێوانیاندا هەبێت

 

كۆسرەت ڕەسول، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لەگەل هاكان كەرەجای، كونسوڵی گشتی توركیا لە هەرێمی كوردستان کۆبوە و دوای کۆبونەوەکەش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە و دەڵێت، "پێویستە پەرە بەپەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بدرێت و هەماهەنگی و هاوكاری زیاتر لە نێوانیاندا هەبێت".

لە کۆبونەوەکەدا جێگری سكرتێری گشتی یەکێتی و كونسوڵی توركیا لەهەرێمی كوردستان گفتوگۆیانكرد لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداو دوپاتیانكردەوە، "كە پێویستە پەیوەندییەكی پتەو لەسەر بنەمای دەستوری عێراق تێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان هەردولادا هەبێ".

هیواخوازین لە ئایندەیەكی نزیكدا كابینەی تازەی حكومەت پێكبێت و سەرجەم لایەنە براوەكان ڕۆڵی دیار و بەرچاویان هەبێ لەحوكمڕانی كوردستاندا

 

لای خۆیەوە كونسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "هیوا دەخوازین لەئایندەیەكی نزیكدا كابینەی تازەی حكومەت پێكبێت و سەرجەم لایەنە براوەكان ڕۆڵی دیاروبەرچاویان هەبێ لەحوكمڕانی كوردستاندا".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP