به‌شێكی دیکەی شه‌قامی 120 مه‌تری ده‌كرێته‌وه‌
شاره‌وانی هه‌ولێر: بەشە سه‌ره‌كییه‌كانی شه‌قامه‌كه‌ ته‌واو بوه‌

- 4/20/2019 2:52:00 PM 28978 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- شه‌وكه‌ت قادر 

به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌ی شه‌قامی 120 مه‌تری له‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر رایگەیاند، له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا شه‌قامی له‌ 120 مه‌تری له‌ رێگای هه‌ولێر -كۆیه‌ تا رێگای هه‌ولێر-كه‌ركوك دەكرێته‌وه‌.

ئه‌ندازیار سه‌رتیپ سابر، به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌کان له‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر به‌ خه‌ندان-ی رایگه‌یاند، "له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا شه‌قامی له‌ 120 مه‌تری له‌ رێگای هه‌ولێر -كۆیه‌ تا رێگای هه‌ولێر-كه‌ركوك دەكرێته‌وه‌، هەرچەندە پلانمان هەبو ئه‌و به‌شه‌ زوتر بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی زۆری باران بارین و خراپی كه‌ش و هه‌وا كردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌قامه‌ دواكه‌وت".

ئاماژەی بەوەشکرد، شه‌قامی 120 مه‌تری له‌ رێگای هه‌ولێر- كۆیه‌ تا رێگای هه‌ولێر - كه‌ركوك نۆ كیلۆمه‌تره‌ و قیڕتاوكردن و ئه‌نده‌رپاس و ئۆڤه‌رپاسه‌كان و سه‌رجه‌م بڕگه‌ سه‌ره‌كیانی ته‌واو بوه‌ و ته‌نها بڕگه‌ی جوانكاری و چاندنی دار و سه‌وزایی ماوه‌ و له‌ ئێستادا كاریان تیادا ده‌كرێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌کان له‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر راشیگەیاند، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیر و تۆڕی ئاو كه‌ بۆ چاندنی دار و سه‌وزایی به‌كارده‌هێنرێن كه‌وتونه‌ته‌ نێوان شه‌قامه‌كه‌ و شۆسته‌كانی بۆیه‌ پاراستنی سه‌لامه‌تی ستافی كار و به‌ڕێوه‌چونی كاره‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی رێك و پێك ئه‌و به‌شه‌ی شه‌قامه‌كه‌مان نه‌كردوەته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك به‌ ته‌واوبونی كاره‌كانی بڕگه‌ی جوانكاری ئه‌و به‌شه‌ی شه‌قامی 120 مه‌تری ده‌كرێته‌وه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP