لوتکەی بەغدا بۆ پەرلەمانی وڵاتانی دراوسێی عێراق دەستیپێکرد

- 4/20/2019 1:30:00 PM 2149 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لوتکەی بەغدا بۆ پەرلەمانی وڵاتانی دراوسێی عێراق پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەغدا دەستیپێکرد.

کۆنگرەی پەرلەمانی وڵاتانی دراوسێی عێراق بە ناونیشانی "عێراق.. سەقامگیری و پەرەپێدان" لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەدەچێت و پرسەکانی ئاسایش، ئابوری و پەرەپێدان و وەبەرهێنان و سەقامگیرین لە ناوچەکە تاوتوێ دەکرێت.

سەرۆکی پەرلەمانەکانی هەریە لە وڵاتانی تورکیا، سوریا و ئوردن و کوەیت و سعودیە و هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن، بەڵام عەلی لاریجانی،  سەرۆکی پەرلەمانی ئێران  بەشدار نەبو لەبەرامبەردا جێگرەکەی لە بری خۆی بۆبەشداریکردن راسپارد.

کۆنگرەکە بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی ئاسایش، ئابووری، پەرەپێدان، وەبەرهێنان و سەقامگیرین لە ناوچەکەیە.

لەسەرەتای کۆنگرەکەدا محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق  کە لەسەر داوای خۆی کۆنگرەی پەرلەمانەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق سازکراوە، رایگەیاند، "سەربەرزانە لە جەنگی تیرۆر دەرچون و عێراق ئێستا لەقۆناغێکی دیکەدایە".

محەممەد حەلبوسی سەبارەت بە ئامانج لە کۆنگرەکە رایگەیاند، "هیوادارین وڵاتانی دراوسێ بەڵێنی هاوکاریکردنی وڵاتەکەمان بەجێبگەیەنن و خاکی عێراق بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ بەکارناهێندرێ".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموان پێکەوە بەیەک دەست و یەک دەنگ لەهەرێمی کوردستانەوە تاکو بەسرە روبەروی توندوتیژییەکان دەبینەوە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیاش، لەوتاری دەستپێکی کۆنگرەکەدا حەلبوسی وتی، پلانێکی ستراتیژی رێکوپێکیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لەگەڵ تورکیا هەیە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP