پڕۆسەی دەنگدان بۆ گۆڕانکاری لە دەستوری میسر دەستیپێکرد

- 4/20/2019 11:45:00 AM 813 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ شەممە سندوقەکانی دەنگدان بۆ گۆڕانکاری لە دەستوری میسر لەناوخۆی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد، هاوڵاتیان لە ماوەی سێ رۆژدا دەنگ بە گۆڕینی دەستوری وڵاتەکە دەدەن، کە بەپێی پڕۆژەی پێشنیارکراو عەبدولفەتاح سیسی تا ساڵی 2030 لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە.

دوێنێ هەینی پڕۆسەی دەنگدان بۆ گۆڕانکاری لەدەستوری وڵات لە  دەرەوەی میسر دەستیپێکرد، تا سێ رۆژی دیکە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە دەنگ بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری یان مانەوەی دەستور بەمجۆرەی ئێستا دەدەن.

رۆژی سێشەممەی رابردو پەرلەمانی میسر کە 596 ئەندامی هەیە و زۆرینەی لایەنگرانی سیسین بە531 دەنگی بەڵێ لەبەرامبەر 22 دەنگی نەخێر دەنگی بەپرۆژە بڕیارێکدا بۆ گۆڕانکاری لەدەستوری وڵاتەکەیان.

بەپێی ئەو گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەی کە لە دەستوری میسردا دەکرێت، عەبدولفەتاح سیسی کە ئێستا سەرۆکی میسرە شەش ساڵی دیکەی پێدەدرێت بۆ مانەوە لەدەسەڵات و دواتریش مافی خۆکاندیدکردنەوەی بۆ شەش ساڵی دیکە دەبێت.

لایەنگرانی سیسی ئەم گۆڕانکارییە لەدەستوری وڵات بەپێویست دەزانن بۆپێدانی کاتی زیاتر بە عەبدولفەتاح سیسی تا پڕۆژە ئابوری و خزمەتگوزارییەکانی تەواوبکات، رەخنەگرانیشی پێیانوایە هەنگاوێکە کۆمەڵگای میسری دەباتەوە چوارگۆشەی سەرەتا و دەسەڵاتەکان لەدەستی تاکەکەسێکدا کۆدەکاتەوە. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP