پرۆسەی تەعریب لە كەركوك بەردەوامە
بەتۆمەتی تێوەگلانی لە گەندەڵی دارایی داوا لەسەر راكان جبوری تۆمار دەكرێت

- 4/19/2019 5:26:00 PM 3993 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەوڵەكانی راكان جبوری پارێزگای كەركوك بە وەكالەت، بۆ پرۆسەی تەعریب كردن بەردەوامی هەیە و دواین هەوڵەكانیشی بۆ هێنانی عەرەب دێت بۆ گوندی سەرگەران لە سنوری قەزای دوبز، بەپێی زانیاریەكانی خەندانیش لەئێستادا بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی داوا لەسەر پارێزگاری كەركوك تۆماركراوە. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست دەزگای میدیایی خەندان كەوتون، راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لە رێگەی داواكاریی عەرەبە هاوردەكانەوە داوای كردوە زەویە كشتوكاڵیەكانی گوندی سەرگەران بخرێتە سەر عەرەبە هاوردەكان و دانیشتوانی كورد ئەو ناوچانە چۆڵبكەن.

چاودێری هەمو ئەو هەوڵانەیمان كردوە كە بۆ تەعریبی كەركوك و قەزا و ناحیەكانی دەوروپشتی كەركوك كردویەتی

 

مەریوان نادر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە خەندانی راگەیاند:"چاودێری هەمو ئەو هەوڵانەیمان كردوە كە بۆ تەعریبی كەركوك و قەزا و ناحیەكانی دەوروپشتی كەركوك كردویەتی، بۆ هێنانی عەرەبی هاوردە و نیشتەجێكردنیان لەو سنورانە، هەمو ئەو هەوڵانەمان تۆماركردوە و كردومانە بە راپۆرت و داومانەتە لایەنە پەیوەندیدارەكان".
راكان جبوری پۆستەكەی ئیستغلال كردوە بۆ درێژەدان بە سیاسەتی حزبی بەعس

 

وتیشی: "راكان جبوری پۆستەكەی ئیستغلال كردوە بۆ درێژەدان بە سیاسەتی حزبی بەعس بۆ تەعریبكردنی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان".

مەریوان نادر وتیشی: "لە گوندەكانی سنوری قەزای دوبز، لە گوندی سەرگەران و دەوروبەری دوبز، هەروەها لەناو كەركوك هەوڵیداوە و كارئاسانی كردوە بۆ تەجاوزات و نێشتەجێكردنی عەرەبی هاوردە بەتایبەت لە گەڕەكەكانی خواروی كەركوك و چاوپۆشی كردوە لە تەجاوزاتی عەرەب بۆ سەر زەوی و زارەكانی دەوڵەت و دروستكردنی خانو و شوێنی نیشتەجێبون".

هەندێك لە لایەنەكان ئامادەی دانیشتن نین بۆ سەندنەوەی متمانە لە راكان جبوری

 

ئەو پەرلەمانتارەی كورد لەبارەی سەندنەوەی متمانە لە پارێزگاری كەركوك وتی:"هەوڵمانداوە، بەڵام بەشێكی كێشەكە پەیوەندی بە كورد خۆیەوە هەیە، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تاكو ئێستا كۆنەبۆتەوە بەتایبەت لیستی برایەتی، هەندێك لە لایەنەكان ئامادەی دانیشتن نین بۆ سەندنەوەی متمانە لە راكان جبوری، تەنانەت ئەگەر لایەنەكانی دیكەش هەوڵی كارئاسانیان دابێت بۆ سەندنەوەی متمانە لە راكان بجوری، لیستی برایەتی خۆی كۆنەبوینەتەوە و كورد خۆی بەربەستی سەرەكین لەبەردەم ئەو كێشەیەدا".

پارێزگاری كەركوك لە كۆمەڵێك گەندەڵیەوە گلاوە

 

لەوەڵامی ئەوەی بۆچی پارێزگاری نەینەوا لەناو پەرلەمانی عێراق متمانەی لێوەردەگیرێتەوە، بەڵام ناتوانن متمانە لە راكان جبوری وەربگرنەوە، مەریوان نادر وتی:"ئێمە هەوڵمانداوە، بەڵام راستیەك هەیە كە مەسەلەی كەركوك زیاتر سیاسییە، ئەوەی لە نەینەوا ئەتوانرێت بكرێت، رەنگە لە كەركوك نەكرێت، هەوڵمانداوە بە هەمان رێگەی راكان بجوری لە پۆستەكەی دوربخەینەوە، بەشێك لە هەوڵەكان بەرەو پێشەوە چوە و رەنگە لە داهاتو ئەنجامی هەبێت، چونكە پارێزگاری كەركوك لە كۆمەڵێك گەندەڵیەوە گلاوە". وتیشی:"هەوڵێكی دیكەمان ئەوەیە كە لە هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، بڕگەیەكی تێدابێت، ئەو پەرلەمانتارانەی دەرچون و لە ماوەی یەك مانگدا سوێندی یاسایی ناخۆن، دروبخرێنەوە و شوێنەكەیان بدرێتە كەسێكی دیكە، ئەو كاتە راكان جبوریش یان دەبو دوربخرێتەوە یان لەپارێزگاری كەركوك لابچێت، وە لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەیە و كەمتر لە ساڵێكی ماوە، راكان جبوری رەنگە لەبەر ساڵێك چوار ساڵەكەی پەرلەمانی لەدەست نەدات".
لەئێستادا دۆسە گەندەڵیەكانی راكان جبوری هەڵدەدرێنەوە لە ڕێگەی دادگاوە

 

وتیشی: "لەئێستادا دۆسە گەندەڵیەكانی راكان جبوری هەڵدەدرێنەوە لە ڕێگەی دادگاوە، یەكێك لە پەرلەمانتارانمان داوای لەسەر تۆماركردوە و دۆسیەكە بەرەوپێشچونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵگەكان ئێستا تارادەیەكی زۆر لەلایەن دادگاوە پشتڕاستكراونەتەوە".

دۆكیۆمێنتەكان رەسمین و لە لایەنی حكومیەوە دەرچوە


لەلایەكی دیكەوە دیلان غەفور پەرلەمانتاری كورد لەسەر پارێزگای كەركوك بە خەندان-ی راگەیاند:"داوام لەسەر راكان بجوری پارێزگاری كەركوك تۆماركردوە، بەڵام تا ئەوكاتەی ئەنجامی دادگا بە رونی دەرنەچێت نامەوێت بابەتەكە لە راگەیاندن بڵاوبكرێتەوە، وە پێموایە بەم نزیكانە بابەتەكە یەكلایی دەبێتەوە، چونكەو ئەو دۆكیۆمێنتانەی دەستم كەوتبو، هەموی دۆكیۆمێنتی رەسمین و لە لایەنی حكومیەوە دەرچوە".

داوایەك لەسەر كوردانی دوبز تۆماركراوە


دیلان غەفور راشیگەیاند:"داوایەك لەسەر كوردی ئەو گوندانەی ناوچەی دوبز لە دادگای كەركوك تۆماركراوە، لەسەر بنەمای ئەو داوایەی كە تۆماركراوە و ئەو عەرەبانە داوایان كردوە كە گرێبەستی كشتوكاڵیان هەیە، بەڵام لە كەركوك كاری پێناكرێت چونكە لە سنوری ماددەی 140 دایە، هەرچەندە دادگا بانگی لایەنی كوردی دەكات، بەڵام دواتر ئەنجامەكەی لەبەرژەوەندی كورد كۆتایی پێدێت".

سەرجەم هەوڵەكانی نادەستورین


ئەو پەرلەمانتارەی كورد وتیشی:"هەوڵەكانی راكان جبوری هەموی فشارە بۆ سەر پێكهاتەی كوردی، ئەوەش خراپ پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەكارهێناوە بۆ بەرژەوەندی عەرەب، هەروەها سودی لە بارودۆخی پێكهاتەكانی كوردی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بینیوە كە كۆبونەوە ئەنجام نادەن، بەڵام هەمو هەوڵەكانی نادەستورین".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP